بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سۆران: بەردەوامین لەسەر تۆماركردنی ناوی كەمدەرامەتان

بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سۆران: بەردەوامین لەسەر تۆماركردنی ناوی كەمدەرامەتان

محەمەد هەسنانی-سۆران: بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، لەدیدارێكی زاری كرمانجیدا، دەڵێت " بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكوومەت هاوكاری خۆراكی بەسەر هەزاران خێزانی سنوورەكەمان دابەشكردووەو بەردەوامیشە لەم هاوكاریانەو رۆژانە ناوەكانیان تۆمار دەكەین.
توران خدر، بەڕێوەبەری چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند " سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان هەرچوار قەزاكانی (سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان، رواندز) دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكوومەتی هەرێم دەستی كرد بە دابینكردنی برێك هاوكاری و خۆراك بۆ ئەم خێزانانەی كەمدەرامەتن لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەن وەزارەتەكەمان داواكرا كە دەست بكەین بە تۆماركردنی ناوی كەمدەرامەتانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، بەمەش تا ئێستا زیاتر لە 7 هەزار خێزان لە سۆران لەم خۆراك و هاوكاریانە سوودمەند بوونە".
بەڕێوەبەری چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، گووتیشی " پێدانی هاوكاری و خۆراك لەلایەن حكوومەتەوە بەردەوامەو رۆژانە ناوی خێزانە كەمدەرامەتەكان تۆمار دەكەین، لەبەرنامەشدایە جگەلە خۆراك برێك پارەیان بەسەر دابەش بكرێت، بەڵام تائێستا نازانین ئایا بری پارەكە چۆنەو بەچ شێوەیەك پێیان دەدرێت و چاوەڕوانی بڕیارو رێنماییەكانین".
ئەوەشی ئاشكرا كرد " لە سنوورەكەمان نزیكەی 5 هەزارو 500 خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانە وەردەگرن، كە ئەویش جۆرە ئەو كەمئەندامانەی هیچ مووچەیەكیان نییە مانگانە 150 هەزار دینار وەردەگرن، هەروەها ئەوانەی كە مووچەی دیكەیان هەیە مانگانە 100 هەزار دیناریان پێدەدرێت، بەلام بەپێی رێنماییەكان ئەوانەی مووچەی خانەنشینی كەسێكیان بەناو دەكرێت، یان مووچەی كەمئەندامی سەنگەریان هەیە لە چاودێری كۆمەڵایەتی ناوەكانیان دەسڕێتەوەو مووچەكانیان دەبڕدرێت، هەروەها دوای ئەنجامدانەوەی لێژنەكانی پزیشكی لەساڵی رابردودا ناوی نزیكەی 150 خاوەن پێداویستی سڕاوەتەوە، كە رێژەی پێویستیان بەدەست نەهێناوە یان هەندێكیان لە ژیان نەماون و كۆچیان كردووە، سەبارەت بە تۆماركردنی ناوی نوێی كەمئەندامانیش دەبێت بە رەزامەندی وەزارەت و سەرووی خۆمان بێت، هەروەها هەركاتێك خاوەن پێداویستییەكی تایبەت لەژیان نەمێنێت مووچەكی دەبڕدرێت، هەروەها تائێستا بڕیارێك نەبووە بۆ ئەوەی كاتێك ناوی خاوەن پێداویستییەكی تایبەت دەسڕێتەوە، یەكێكی دیكەی لەشوێنی دابنرێت، لەكاتێكدا زۆر كەمئەندام هەیە شایستەیەو لەوەرگرتنی مووچەش سوودمەند نەبووە.".
بەڕێوەبەری چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، دەشڵێت " لەبارەی راگرتنی مووچەی سودمەندانی چاودێری خێزان، چاوەڕوانی رێنمایی و كارەكانی وەزارەت و حكومەتین، بۆ ئەوەی بزانین دوای خوێندنەوەوە تاوتوێكردنی چی دەبێت، بێگومان لەمەودا گەڕانەوەی مووچەی چاودێری خێزان، بەپێی چەند رێنمایەكی تایبەتی وەزارەتەكەمان دەبێت، واتە ئەو كەسەی كە مووچەكەی پێدەدرێت دەبێت چەند تایبەتمەندیەكی تێدابێت و بەپێی لیژنەیەكی تایبەت دیاری دەكرێت، بەڵام بەگشتی تا ئێستا هیچ بڕیارو رێنمایەكمان بۆ نەهاتووە بۆ دووبارە پێدانەوەی ئەو مووچەو هاوكاریانە بەم كەسانە".
لەدوا قسەكانیدا توران خدر، بەڕێوەبەری چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، بەزاری كرمانجی گووت " زۆربەی كێشەو گرفتەكان پەیوەستە بەم قەیرانەی رووبەڕووی حكوومەت بووتەوە واتە هۆكاری دواكەوتنی مووچەی كەم ئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و مووچەو هاوكارییەكانی خێزانە بێسەرپەرشتە كان و راگیرانی پێشینەی هاوسەرگیری كەمئەندامان و ..هتد، هیوادارین لە داهاتوودا باری دارایی حكوومەت باشتربێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە هەموو رۆێكەوە خزمەتی زیاتر بە خێزانە كەمدەرامەت و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بكەین، كە ئەركێكی مرۆڤانەیە.

بابەتى پەیوەندیدار دیمانە

زۆرترین بینراو