بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران چاوەرێیە

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران چاوەرێیە

زاری كرمانجی-سۆران: بەهۆی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، چەند هەفتەیەكە سەیرانگەو شوێنە گەشتیارییەكانی دەڤەری سۆران بە رووی گەشتیاران داخراون و تائێستاش هیچ رێنمایی نوێ‌ نەهاتووە بۆ كردنەوەیان.
بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند " سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان هەر چوار قەزاكانی (سۆران، رواندز، مێرگەسۆر، چۆمان) لەخۆدەگرێت، بەهۆی بوونی چەندین سەیرانگەو شوێنی گەشتیاری لەم ناوچانە ساڵانە گەشتیارێكی زۆر روو لە دەڤەرەكەمان دەكەن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆناو نەهاتنی گەشتیارانی شارو ناوچەكانی عێراق، كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر دابەزینی داهاتی گەشتیاری و بێكار بوونی سەدان كەس كە لە سەیرانگەكانی سنوورەكەمان كاریان دەكرد".
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، گووتیشی " بەهۆی گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، چەند هەفتەیەكە سەیرانگەو شوێنە گەشتیارییەكانی سنوورەكەمان بەرووی گەشتیاران و هاووڵاتییان داخراون، خۆشبەختانە خاوەن شوێنە گەشتیارییەكان تەواوی پابەندی رێنماییەكان بوونەو سەیرانگەكانی سنوورەكەمان چۆڵیان پێوەدیارە".
ئەوەشی خستەڕوو " لەكاتێكدا ساڵانی رابردوو لە رۆژانی پشوو، بەتایبەتی رۆژانی هەینی زیاتر لە 15 هەزار گەشتیار سەردانی سەیرانگەكانی سنوورەكەمانیان دەكرد، كەچی ئێستا هیچ گەشتیارێك لەم شوێنانە بەدەی ناكرێت، بۆ كردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكانیش چاوەڕوانی بڕیارو رێنماییەكانی حكوومەت و پارێزگا و وەزارەتین.

زۆرترین بینراو