بە هیچ شێوەیەك رێگە بە زێدەڕۆیی نادەین

بە هیچ شێوەیەك رێگە بە زێدەڕۆیی نادەین

بۆقسەكردن لەسەر كێشەو گرفتەكانی قەزای رواندز و بەرنامە و پلانی قایمقامی ئێستای ئەو شارە، هەفتەنامەی زاری كرمانجی، دیمانەیەكی لەگەڵ ئەحمەد قادر حەمەدەمین، قایمقامی قەزای رواندز ساز كرد.
دیمانە: راژان ئەحمەد – رواندز
* وەك قایمقامی رواندز چ پلانێكتان هەیە بۆئەم شارە؟
‎- ئێمە لە بارودۆخێكی خراپ و نالەباری دارایی و هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا داین، ئەمانە وایان كرد ئەركمان قوڕستر بێت، چونكە لەوانەیە نەتوانین بپرژێینە سەر پڕۆژە خزمەتگوزارییە ستراتیژییەكان، بەڵام هەندێ گرفت هەن دەمانەوێ چارەسەریان بكەین، لە بەرنامەمان دایە كێشەی خزمەتگوزاری، وەك ئاو, كارەبا, رێگاوبان بە پێی توانا داراییەكانی حكومەت چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە و پاڵپشتی هەموو وەبەرهێنێك دەكەین بۆ ئەوەی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە ناوچەی پیشەسازی یا گەشتیاری و كشتوكاڵی بكەن بۆ ئەوەی ناوچەكە زیاتر بەرەو پێش بچێت.
‎* كێشەی كەم ئاوی لە هەندێك گەڕەكی ناو رواندز هەیە و ساڵانە دووبارە دەبێتەوە بۆ ئەمە چی دەكەن؟
‎- راستە بە داخەوە دیارە پڕۆژەی ئاوی باش كراوە، بەڵام كەم و كورتی لە تۆڕی ئاوی ناو گەڕەكەكان هەیە، ئێستا سەرقاڵین و دەست پێ دەكەین لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی ئاوی دەورووبەری هەولێر و پارێزگاری هەولێر، لەسەر هێڵین بەهەر شێوەیەك بێت ئەو كێشەیەی لە تۆڕەكاندا هەیە چارەسەریان بكەین، هەوڵ دەدەین بە هیچ شێوەیەك گەیاندنی ئاو بە تەنكەر نەمێنێ، لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین هەر رێگایەك پێویست بێت دەیگرینەبەر بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری ئەم كێشەیە بكەین.
‎*بەرنامەتان چییە بۆ گرفتی كارەبای نیشتمانی هەندێ شوێن كێشەی زۆری بەشداربووانی هەیە چۆن هاوسەنگی درووست دەكەن لەنێوان فیدەرەكانی كارەبای رواندز بۆ ئەوەی كارەبای هەموو گەڕەكەكان وەك یەك بێت؟
-دیارە كێشەی كارەبا كێشەیەكی سەرەكییە لە هەرێمی كوردستان، لە پلانی وەزارەتی كارەبا دایە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات و بڕی كارەبا زیاد بكات، ئێستا كار لەسەر تۆڕەكان دەكرێ، كە تۆڕی كارەبای فراوان بكات و ئەم كەم و كورتییانەی لە تۆڕی گشتی هێلی 32 كەیڤی هەیە چارەسەر بكات ئەم كێشانە چارەسەر بێت، رواندزیش بەشێك دەبێت لەم چارەسەرە, دەمێنێتەوە چارەسەری تۆڕی ناوخۆی كارەبا لە رواندز ئەویش كەم و كورتی زۆری هەیە لە هەندێ شوێن كێشەی بار زۆری هەیە ئێمە لە چەند گەڕەكێك سەرقاڵی چارەسەری بار زۆری تۆڕەكانین, بۆ نموونە گەڕەكی نەورۆز، ئازادی, لە هەوڵ داین هەرچی كێشەو كەم و كورتی هەیە هەم لە تۆڕەكان و بارزۆری بگۆڕەكانی كارەبا لە نێو گەڕەكەكانی رواندز چارەسەر بكەین، بەڵام وەك دەزانن ئێمە لە بارو دۆخێكی خراپی دارایی داین هەوڵ دەدەین بە پێی توانا داراییەكان كێشەو گیروگرفتەكان چارەسەر بكەین.
‎*رواندز تەنیا یەك نەخۆشخانەی هەیە ئایە بۆ سەنتەری شارێك یەك نەخۆشخانە كەم نییە؟
‎- دیارە نەخۆشخانەیەكی سەردەمیانە رەزامەندی بۆ دەرچوو بوو، بەڵام بەهۆی هاتنی كێشەی دارایی كە هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە درووستكردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژیانە وەستان، درووستكردنی ئەم نەخۆشخانەیە دەبووە هۆی چارەسەر كردنی ئەو كێشەیە، لە رواندز نەخۆشخانە هەیە بەڵام بیناكەی لەو ئاستە نییە, پێشتر رەزامەندی هەبوو بۆ درووستكردنی نەخۆشخانەیەكی 50 قەڕوێڵەی، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی وەستا، وەك باسم كرد جێ‌ بەجێ نەكردنی پڕۆژە گرنگانە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە سەختەی كە هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، دوای كۆتای هاتنی ئەم بارودۆخە ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لەو پڕۆژانەی كە جێبەجێ دەكرێ.
‎*تا چەند لە رواندز زێدە ڕۆی كراوەتە سەر موڵكی شارەوانی؟
‎-خۆی لە هەموو شوێنێك زێدەڕۆی هەیە، لەمە بەدوا هەوڵ دەدەین كەمترین زێدەڕۆیش نەكرێتە سەر موڵكی گشتی, ئێمە پارێزەری موڵك و ماڵی گشتین، بۆیە رێگا بەم بابەتە نادەین، هیوادارین هاونیشتمانیانیش لەم بارەیەو پەنا نەبەنە بەر رێگای نایاسایی یا زێدەڕۆی بكەنە سەر موڵكی گشتی بۆ ئەوەی بە هەموومان بتوانین ئەم شارە بپارێزین و زۆرترین خزمەت بكەین.
‎*وەك ئیدارەی شار پلانی خۆتان ناردووە بۆ حكومەت لە رووی ئەو پرۆژانەی مەبەستانە كاریان لەسەر بكرێت؟
-پێشتر حكومەت بە پێی توانای خۆی داوای دەكرد كە چ پڕۆژەیەك پێویستە جێبەجێ بكرێت، بەڵام دۆخی دارایی رێگە بە جێبەجێ كردنی هەموو پڕۆژەیەك نادا كە خواستی ئێمە بێت، دوای چارەسەر بوونی ئەم بارودۆخە بێگومان پڕۆژەی پێویست هەیە وەك باسم كرد نەخۆشخانە یا تۆڕەكانی كارەبا و رێگاو بان.
‎*بۆ ئەو گەڕەك و شوێنانەی تازە دروست كراون پێویستیان بە خزمەتگوزارییە ئێوە وەك ئیدارەی شار چیان بۆ دەكەن؟
-ئێمە هەوڵ دەدەین بە پێی توانای شارەوانی كە هەیەتی ئەو كەم و كورتیانەی كە ئاسانن چارەسەری بكەین، وە ئەوەی تر كە لە تواناماندا نییە بەرزی دەكەینەوە داوا دەكەین.
*بۆگۆڕانكاری بەڕێوەبەری بەشێك لەداموو دەزگاكان چی دەكرێت؟
‎-بێگومان لە ئێستادا وردبینی دەكرێ بۆ نموونە ئەو خەڵكانەی بە توانان لەو شوێنانە دادەنرێن كە بۆشاییان درووست كردووە و ئەو دامەزراوانەی كە خزمەتگوزارین بتوانین كەسی شیاو دابنێین و پێویستە فەرمانبەری حكومەت بێت و هەموو ئەو تایبەتمەندیان تێدا بێت كە لەو فەرمانگەیە پێویستە.
‎* تا چەند پاڵپشتی ئەو گەنجانە دەكرێت كە توانا و بەهرەیەكی باشیان هەیە؟
‎-بێگومان گەنج هێزێكی گرنگە، پێویستە گرنگی زیاتری پێ بدرێ, حكومەت كار لەسەر ئەوە دەكات گرنگی زیاتر بە گەنج بدات و هەلی كاریان بۆ بدۆزێتەوە، ئێستا لە رووی وەبەرهێنانەوە گرنگی پێدەدا وەك دەبینین ئێستا لە زۆر شوێن حكومەت پڕۆژەی وەبەرهێنانی گرنگ ئەنجام دەدا وەك پڕۆژەی گەشتیاری و كشتوكاڵی, لایەنێكی گرنگی ئەوەیە كە هەلی كار بۆ گەنج دابین بكات هەر چەند لایەنە ئابوورییەكەشی گرنگە حكومەت دەیەوێ لە پاڵ بەهێزكردنی لایەنی ئابووری هەلی كار بدۆزێتەوە، ئێستا گەنجێكی زۆر بێ كارە ژمارەیەكی زۆر دەرچووی زانكۆ و پەیمانگەكانمان هەیە بێ كارن, وەزارەتی پلان دانان و دەستەی وەبەرهێنان كار لەسەر ئەوە دەكەن پڕۆژەی وەبەرهێنان لە گشت شارو شارۆچكەكان جێبەجێ بكەن بە مەبەستی دابین كردنی هەلی كار بۆ گەنجان.
‎* بۆ گوندەكان تا چەند توانیوتانە خزمەتگوزاری تەواویان پێ بگەینن؟
‎- بەشێكی زۆری گوندەكان خزمەتگوزاری تەواویان پێ گەیشتووە, هەوڵ دەدەین ئەو شوێنانەی خزمەتگوزاریان پێ نەگەیشتووە بتوانین خزمەتگوزاری تەواویان پێ بگەینین وەك ئاو، كارەبا و رێگاوبان, چونكە گوندەكان گرنگی خۆیان هەیە لە رووی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری كە كاریگەری زۆری بەسەر دەڤەرەكەمان هەیە, بۆیە بە دڵنیاییەوە گرنگی پێ دەدەین.
‎*چیكراوە بۆ بە ناحیە كردنی گوندەكانی ئاكۆیان و بەرزێوە؟
‎- پێشتر دیارە ئەم داواكارییە بەرز كراوەتەوە، بەڵام پێویستی بە دیراسەی حكومەتە ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمە نییە، دەبێت لەسەرووی ئێمە بڕیار لەسەر ئەمە بدرێ , پێشتر ئیدارە ئەم داواكارییەی بەرز كردۆتەوە، بەڵام بە پێی پلانی حكومەت ئەو یەكە ئیدارییانەی دێنەكایەوە دەبێت پلانی حكومەت بێت و قەبارە و ژمارەی دانیشتووان لەبەر چاو دەگیرێ, بەپێی پلانی حكومەت یەكەی ئیداری زیاتر دێتەكایەوە.

 

زۆرترین بینراو