تاچەند دەتوانین سوود لە ئەزموونی فێركردنی وڵاتی فیلەندا وەربگرین

بەكركەریم حەسەن

 بەرێوەبەری گشتی چاڵاكی وەرزش و هونەرماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

زانای فیزیایی ئەڵمانی بەناوبانگ ئەلبێرت ئەنیشتاین دەڵێ" فێركردن بریتی نییە لە فێربوونی راستییەكان، بەڵكو بریتییە لە راهێنانی مێشك لە سەر بیركردنەوە".
ئەگەر خوێندنەوەیەك بۆ سیستەمی فێركردنی وڵاتی فیلەندا بكەین كە بە پێی خوێندنەوە و توێژنەوە و ئەنجامەكانی نێودەوڵەتی ، سیستەمی فێركردنی فیلەندا هەردەم لە پێشەوە بووە و بە یەكێك لە باشترین وڵاتەكان دەژمێردرێت لە فێركردن، وە دووەم وڵاتە لە جێگیربوونی ئاسایش لە جیهان پێشتر فیلەندا وڵاتێكی كشتوكاڵی بوو، دواتر بەرە بەرە بووە وڵاتێكی پیشەسازی، ئەویش بە پێشكەوتنی سیستەمی فێركردن لەو وڵاتەدا ، كە سیستەمی فێركردن لە وڵاتی فیلەندا دیدگایەكی پەروەردەیی هەیە لە سەر بنەمای یەكسانی و رەخساندنی هەل بۆ هەموو فێرخوازان و قوتابخانە حكومییەكان لەلایەن حكومەتەوە پشتگیری و پاڵپشتی دەكرێن هیچ جیاوازییەك نابینرێ لە نێوان قوتابخانەكانی شارەكان و گوندەكان و گەرەكە میللییەكان، وە حكومەت بە زەحمەت هانی كردنەوەی قوتابخانەی ناحكومی و تایبەت دەدات و فێركردن لە فیلەندا ئامانجی پێگەیاندن و تێگەیاندنی كەسایەتی قوتابییە لە هەموو لایەنەكەوە، حكومەتی فیلەندا نایابەكان لە مامۆستاكان هەڵدەبژێرن و ئامادەیان دەكات بۆ ئەو كارە و بە پێی پسپۆڕی و بنەماكانی پەروەردە و تواناكانیان راهێنانیان پێ دەكەن و مەرجە هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بە سەرەوەبن كە مامۆستاكانیان رۆژانە لە (4) كاتژمێر زیاتر وانە ناڵێنەوە، كاتەكانی تر خەریكی ئامادەكردنی پلان و پڕۆگرام و خۆئامادەكردنن بۆ هەموو نوێ كارییەك كە پەیوەندی بە پسپۆری و كارەكەیان بێت و بە راوێژ و هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ یەكتر.
بۆ قوتابییانیش خوێندنی رۆژانەیان لە (3-4) كاتژمێرە و زیاتر نییە، كاتەكەی تر بۆ بەسەربردنی چاڵاكیەكان و كاتێكی خۆشە بۆ قوتابییان و كە تاقیكردنەوەی قوڕس و ترسیان نییە و قوتابییەكان ئازادییەكی تەواویان هەیە و مافی بەشداربوونیان هەیە لە بڕیارەكان، وە هەروەها رێزگرتن و شانازی كردن بە فێركردن و فێربوون لە فیلەندا بریتین لە لایەنە گرنگەكانی رۆشنبیری فیلەندی كە فێركردن وەكو ناسنامەی وڵات تەماشا دەكەن، وە هەرگیز قوتابییەكان لە یەكتر جیاناكەنەوە لە سەر بنچینەی ئاستەكانیان ، وە پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی پەیوەندییەكی زۆر بەهێزە و جگە لەوەش یەكسانی لە نێوان قوتابیەكان هەیە واتە جیاوازی لە نێوانیان ناكرێت، وە لە فیلەندا ئەو درووشمە جێ بەجێ دەكەن كە (هەموو قوتابییەك گرنگە).
وە ئەوەی من باسم كرد زۆر بە كورتی بوو لە سەر كاغەز و لە ئەنجامی خوێندنەوەم بۆ سیستەمی فێركردنی وڵاتی فیلەندا بوو لە ئەنجامی ئەو خوێندنەوەیە دەمەوێ چەند پرسیارێك بكەم؟
1-ئایە دەتوانین چی فێر ببین لە ئەزموونی سەركەوتوویی فیلەندا؟
2-ئایا دەتوانین هەندێك لەو سیستەمە لە كۆمەڵگەی كوردی جێ بەجێ بكەین یان زۆربەی؟
3-ئەو كێشەوئاستەنگانە چین كە رێگر دەبن لە جێ بەجێ كردنی ئەو ئەزموونە لە لای خۆمان؟
بێگومان ناتوانین هەنوو ئەزموونی فێركردنی فیلەندا بە هەموو بڕگەكانیەوە بە یەكەوە جێ بەجێ بكەین، بەڵام دەتوانین سوود لە بیرۆكە و ئەزموونی فیلەندا وەربگرین هێواش هێواش بڕگەكانیان جێ بەجێ بكەین ، ئەویش بەكاركردن بەم خاڵانەی خوارەوە.
1-بە ئیش كردنی بەردەوام و دوای تێگەیشتنمان بۆ فەلسەفەی پەروەردەیی بۆقوتابخانەكانمان و كە هەڵقولاوی واقیعی ژیانی خۆمان بێت.
2- پێداچوونەوە بە سیاسەتی وەرگرتنی قوتابییان لە كۆلێژەكانی پەروەردە و بنیات تایبەت بە مامۆستایان و پڕۆسەی فێركردن.
3-داوا لە دەزگاكانی بەرپرسیاریەتی حكومەت وەكو وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ دەزگا خۆجێیەكان ژینگەی قوتابخانەكان رێك بخەن و بگونجێ لەگەڵ سیستەمی فێركردن لە سەدەی بیست ویەك.
4-پێداچوونەوە بە چۆنیەتی وانەگووتنەوە و تاقیكردنەوەكان.
5-تەنها فێركردن و پەروەردە ئامانج و مەبەست بێت دوور لە هەموو بەرژەوەندی لابەلا!
6-لە لوتكە تا بنكە دانانی كەسانی پسپۆر و شارەزا و بە ئەزموون بۆ كارەكانیان و پیشەكەی خۆیان خۆش بوێت لەسەر بنچینەی شارەزایی و دڵسۆزی و توانایی نەك لە سەر بنچینەی خزم وبەرژەوەندی و پەیوەندی لابەلا. واتە جومگەكانی پەروەردە و فێركردن كەسانی پەروەردەكار بەرێوەی ببەن.
7-باشتر كردنی گوزەرانی مامۆستایان لە رووی ئابوری و ژیان.
8-مافی مامۆستا بدرێت لە دەستنیشان كردنی پڕۆگرام و گونجاو لەگەڵ واقیعی كوردستان.
9-ئازادی و مافی بەشداری بدرێتە قوتابییان لە بەشداریكردن لە هەندێ بڕیار تایبەت بە قوتابییان.
10-پێداچوونەوەی بنەڕەتی بە یاسا و رێنمایی قوتابخانە ناحكومییەكان بكرێت كۆنترۆڵ بكرێت و هەوڵ بدرێت چیتر نەكرێتەوە و بازرگانی بە خوێندن و فێركردن نەكرێ و ئەوانی تریش گەر كوالیتیان بە پێی مەرج و بنەماكان بەرز نەبوو دابخرێن.

 

زۆرترین بینراو