تا ئێستا 114 گۆڕی بە كۆمەڵ لە عێراق هەڵدراونەتەوە

تا ئێستا 114 گۆڕی بە كۆمەڵ لە عێراق هەڵدراونەتەوە

رائیب شێروانی – هەولێر: سیروان جەلال، بەڕێوەبەری گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:"وەرگرتنی سەمپڵی ئێسك و پروسكی رووفاتی 172 كەسی ئەنفالكراوی سەماوە لە بەغدا تەواو بووە و بڕیارە لە مەراسیمێكی شایستەدا بگەڕێندرێنەوە هەرێمی كوردستان و لە چەمچەماڵ بە خاك بسپێردرێن. دەشڵێ:" نزیكەی 3 هەزار گۆڕی بە كۆمەڵ لەسەرتاسەری عێراق هەن، لەو رێژەیە تەنیا 114 گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و 4 هەزار و 50 رووفات لەو گۆڕانە دەرهێنراون و هێنراونەتەوە هەرێمی كوردستان.
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە ساڵی 2004ـەوە چوار گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و سەرجەم رووفاتەكانیان كورد بوون و خەڵكی ناوچەكانی بارزان و گەرمیان بوون.
ساڵی 2004 دوو گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدرانەوە، گۆڕی یەكەم 114 رووفاتی تێدا بوو، گۆڕی دووەم 45 رووفات، ساڵی 2005 گۆڕێك هەڵدرایەوە، كە 503 رووفاتی تێدا بوو، ساڵی 2013 گۆڕێك هەڵدرایەوە 93 رووفاتی تێدابوو.
بەڕێوەبەری گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیار كرد:" پرۆسەی وەرگرتنی سەمپڵ لە ئێسك و پروسكی 172 رووفاتی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەماوە تەواو بووە بەمەبەستی ناسینەوە، هەموو رووفاتەكان پاككراونەتەوە بە شێوازی زانستی سەردەمیانە ئەگەر هیچ كێشەیەك نەهێتە پێشەوە بڕیارە لە رۆژی ئەنفال كە 14-4ـە، لە مەراسیمێكی شایستەدا بگەرێندرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لە چەمچەماڵ لە گۆرستانی بانی مەقام بە خاك بسپێردرێن، بەڵام تا ئێستا دیار نیە مەراسیمەكە لە هەولێر دەبێت یان لە سلێمانی، جگە لەوەش ئەو كەلوپەل و بەڵگەنامانەی كە لەگەڵ رووفاتەكان دۆزراونەتەوە هەموو پاككراونەتەوە و پۆڵێن كراون و لە شوێنێكی گونجاو لە پەیمانگەی پزیشكی دادوەری بەغدا پارێزراون، تا ئەو كاتەی ئەو كەلوپەلانە دەهێندرێنەوە هەرێمی كوردستان و لە مینۆمێنت دادەنرێن.
جەلال، ئاماژەی بەوەشكرد:" نزیكەی 3 هەزار گۆڕی بە كۆمەڵ لەسەرتاسەری عێراق هەن و هەڵنەدراونەتەوە و مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی شاڵاوی ئەنفال كە رژێمی بەعس دەرحەق بە گەلی كورد ئەنجامی داوە، سەبارەت بە گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەماوە ئەو شوێنەی كە ئێمە كارمان لێ دەكرد هەر لەو شوێنە سێ گۆڕی بە كۆمەڵ هەبوون، لەو سێ گۆڕە بە كۆمەڵە تەنیا یەك گۆڕی بە كۆمەڵمان هەڵداوەتەوە، لە رێكەوتی 23- 7 تا 3-8- 2019 كارمان تێدا كرد و 172 رووفات دۆزرانەوە، یەك رووفات ناتەواوە ئەندامەكانی لەشی كەمن، ئەگەرنا رووفاتەكانی دیكە هەموو تەواون، دوو گۆڕەكەی دیكە ماون، پلانی تایبەت بەخۆمان هەیە و دەست دەكەین بە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە، ئەگەر بارودۆخی عێراق رێگر نەبێت، چونكە خۆپیشاندانەكان و ئالۆزییەكانی عێراق كاریگەری لەسەر كارەكانی ئێمەی دروست كردووە.
سیروان جەلال، بەڕێوەبەری گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە:" وەكو بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بە كۆمەڵەكان بە هاوكاری پەیمانگەی پزیشكی دادوەری بەغدا، لەگەڵ فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بە كۆمەڵەكان كە ناومان تیمی نیشتمانییە تا ئێستا توانیومانە 114 گۆڕی بە كۆمەڵ لە هەموو عێراق هەڵبدەینەوە و لەو گۆڕانە 4050 رووفات دەرهێنراون و هێنراونەتەوە هەرێمی كوردستان تەنیا ئەو 172 رووفاتە ماون كە لە بیابانی سەماوە دۆزرانەتەوە و ئێستا لە بەغدانە".

زۆرترین بینراو