تا بن دیوار مابن كێشەی پێشمەرگە هەر دەمێنێت

تا بن دیوار مابن كێشەی پێشمەرگە هەر دەمێنێت

رائیب شێروانی – هەولێر: سەروان هەركی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە خراپە، بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە هەموو هەوڵێكمان داوە، داوامان كردووە مووچەی پێشمەرگە زیاد بكرێت، بەڵام هیچ لە دەست ئێمە ناهێت و دەبێت حكوومەت و پەرلەمان وەفایان بۆ پێشمەرگە هەبێت، تا بندیوار مابن، كێشەی پێشمەرگە هەر دەمێنێت، هەندێك كەس ئێستا لە دەرەوە دەژین و مووچەی پێشمەرگایەتی وەردەگرن. دەشڵێ:" كەس هەیە لەسەر دزی كوژراوە بە شەهید هەژمار كراوە، كەس هەبووە لەسەر دزی گیراوە كراوەتە زیندانی سیاسی، پرۆژەی چاكسازی ئەو جۆرە كەسانە ناهێڵێت، بۆیە بڕوایەكی زۆرم بەو پرۆژەیە هەیە و كابینەی نۆیەم چاكسازی لە هەموو سێكتەرەكان دەكات، ئەوەش جێگەی دڵخۆشی خەڵكی كوردستانە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە تایبەت وڵاتانی ئەمریكا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پڕۆژەیەكی ٣٥ خاڵی بە ناوی پێشمەرگە لە ئایندەدا، بۆ رێكخستنەوەی پەیكەری وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند، تائێستاش بەشێك لەخاڵەكانی ناو پڕۆژە چاكسازییەكە جێبەجێ كراون.
ئەو ئەندامەی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" داوا دەكەم مووچەی خانەنشینانی پەرلەمانتاران كەم بكرێتەوە، یان هەر نەمێنێت، مووچە بەسە ئەوەی دیكە چییە، ئەوەی بۆ پەرلەمانتار دەكرێت بۆ مامۆستا و پێشمەرگە دەكرێت، ئەگەر بۆ هەموو چینوتوێژەكان بكرێت تەواوە، بەڵام ئەگەر بۆ كەس نەكرێت، تەنیا بۆ من بكرێت، ئەوە رەت دەكەمەوە، بۆیە مووچەی خانەنشینی رەت دەكەمەوە و وەرناگرم، ئەوەش لەبەر ئەوەیە تەمەنی من گونجاوە بۆ ئەوەی هێشتا خزمەت بكەم، من پێشمەرگە بووم، دەمەوێت دوای كاری پەرلەمانتاری بگەڕێمەوە سەر كاری خۆم، چونكە بۆچی پەرلەمانتار بە چوار ساڵ خانەنشین بكرێت، بەس پێشمەرگە تا دەمرێت هەر پێشمەرگە بێت، ئەو كەسەی تەمەنێكی زۆری هەبێت و توانای كاركردنی نەبێت، ئەوە خانەنشین بكرێت كێشە نییە، بەس ئەوانەی كە گەنجن من لەگەڵ ئەوە نیم خانەنشین بكرێن و ئەوە بە كارێكی گونجاو نازانم، بۆیە مووچەی خانەنشینی بۆ هەندێك لە پەرلەمانتاران نەگونجاوە.
هەریكی، روونیشیكردەوە:" ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە خراپە، بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە هەموو هەوڵێكمان داوە، بەڵام هیچ لە دەست ئێمە ناهێت، پێویستە ئێمە گرێنتی لە حكوومەت وەربگرین و باروگوزەرانی پێشمەرگە باشتر بكات، چونكە هەر پێشمەرگە بوو شەڕەف و كەڕامەتی خەڵكی كوردستانی پاراست، هەر پێشمەرگە بوو خاكی كوردستانی پاراست، حكوومەت و پەرلەمانیان پاراست، بۆیە دەبێت حكوومەت و پەرلەمان وەفایان هەبێت بۆ پێشمەرگە، بۆیە ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە كە خزمەتی پێشمەرگە بكرێت، چەند پرۆژەیەكمان ئامادەكردوونە، بەڵام تا چەند جێبەجێ دەكرێن ئەوە گرنگە.
سەروان هەركی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" هەموو هەوڵێكمان داوە كە مووچەی پێشمەرگە زیاد بكرێت، بۆ ئەو مەبەستە پرۆژەیەكمان ئامادە كردووە، بەڵام ئەوە پاش پرۆژەی چاكسازی، چونكە تا بندیوار مابن، كێشەی پێشمەرگە هەر دەمێنێت، نابێت پێشمەرگە ڕازی بێت بندیوار هەبن، هەندێك كەس ئێستا لە دەرەوە دەژین و مووچەی پێشمەرگایەتی وەردەگرن، دەبێت پێشمەرگە ئەوە قبووڵ نەكات، ئێمە داوامان كردووە كە ئەوە نەمێنێت، بەس دەبێت حكوومەت ئەوە جێبەجێ بكات، نەك ئێمە، بەڵام لە هەموو دەرگایەك دەدەین و لەگەڵ پێشمەرگەداینە.
ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشی كرد:" پرۆژەی چاكسازی لە بەرژەوەندی هێزی پێشمەرگەدایە، هەر لەبەر ئەوەش بڕوایەكی زۆرم بەو پرۆژەیە هەیە، گەشبینم بەو حكوومەتە، چونكە یەكەم بەرنامەی كابینەی نۆیەم چاكسازی بوو، كەواتە دەبێت ئێمە رێگە بەو حكوومەتە بدەین كە ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بكات، كەس هەیە لەسەر دزی كوژراوە بە شەهید هەژمار كراوە، كەس هەبووە لەسەر دزی گیراوە كراوەتە زیندانی سیاسی، پرۆژەی چاكسازی ئەو جۆرە كەسانە ناهێڵێت، بۆیە بڕوایەكی زۆرم بەو پرۆژەیە هەیە و كابینەی نۆیەم چاكسازی لە هەموو سێكتەرەكان دەكات، ئەوەش جێگەی دڵخۆشی خەڵكی كوردستانە.
سەروان هەركی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دركاند:" هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی رۆژی نیشتمانی پێشمەرگە دیاری بكرێت، خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە ئەو شتانەی لە خولەكانی رابردوو نەكراون، لەو خولەدا زۆر شتی باش دەكەین كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگەدا بێت".

زۆرترین بینراو