تا رێككەوتن نەكرێت هیچ ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش لەگەل هێزە عێراقییەكان ئەنجام نادەین

تا رێككەوتن نەكرێت هیچ ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش لەگەل هێزە عێراقییەكان ئەنجام نادەین

رەمەزان هەرنی- زاری كرمانجی: بڕیارە لە چەند قۆناغێكدا قەرەبووی ئەو زیانانە بدرێتەوە بەو پێشمەرگانەی لە كاتی شەڕی داعش ئۆتۆمبێلەكانیان فەوتاوە یا سووتاوە یا زیانمەندی ماددی بوونە.
فەریق جەمال ئیمینكی، سوپا سالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە زاری كرمانجی راگەیاند" لە شەڕی دژی داعش ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی پێشمەرگە و هاووڵاتییان زیانیان بەركەوت و سووتان، بڕیار دراوە كە بە چەند قۆناغ قەرەبوویان بكرێتەوە و رەزامەندی لەسەر نیشاندراوە و گەڕاوەتەوە".
سوپا سالاری پێشمەرگەی كوردستان گووتیشی" بڕیاری قەرەبووەكە تەنیا ئۆتۆمبێل نین، بەڵكو ئەو ئامێرە میكانیكییانەو شۆفەڵ و حەفارە و شتی دیكەش دەیانگرێتەوە".
فەریق جەمال گووتیشی" ئەو زیانە ماددیانەی بەر پێشمەرگەو هاووڵاتییان كەوتووە لەشەڕی دژ بە داعش قەرەبوو دەكرێنەوەو قۆناغی یەكەم رەزامەندی لەسەر دراوە، بەشی ژمێریار دەست بەكارەكانی دەكات لەم نیزیكانە، بەڵام رەزامەندی هەموویان پێكەوە نەهاتۆتەوە".
فەریق جەمال ئیمینكی ئەوەشی خستەڕوو"بۆ قۆناغەكانی تر نووسراو دەكەین بۆ حكوومەت بۆ ئەوەی هاوشێوەی قۆناغی یەكەم رەزامەندی لەسەر نیشان بدات و دەست بەقەرەبووی هەموویان بكرێت، ئەوانەی لە قۆناغی یەكەم رەزامەندی لەسەر نیشاندراوە ئەوانەن كە رێكارە یاساییەكانیان تەواو كردووە، دوای كۆتایی هاتنی ئەم نۆبەیە، دەست دەكرێت بە رێكاری پێویست بۆ نۆبەكانی دیكەش".
فەریق جەمال ئیمینكی, سوپا سالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند" میحوەركانی پێشمەرگە هەر وەك پێش ئێستا لە ئامادە باشی تەواو دان بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو بە هەمان ورەوە لەسەنگەركاندان بۆ بەرگریكردن لە كوردستان, هەرچەندە لەو باوەرەدا نیم رێكخراوی تیرۆریستی داعش هیچ هەنگاوێك بێتە پێش بەرامبەر هێزەكانی پێشمەرگە, بەڵام ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر جیاوازی هەیە بۆ نموونە ناوچەی خانەقین تا دەگاتە دوزخۆرماتوو و سنووری كەركووك هێزی پێشمەرگە كەمی هەیە و جموجۆڵی داعش زیاترە, بەڵام ناوچەی مەخموور و پردێ و تا رۆژ ئاوای دیجلە هێزەكانی پێشمەرگە لەو میحوەرانە بە تەواوی لێیە و داعش ناتوانن هیچ هەنگاوێك بهاوێژن".
گووتیشی " لەگەل بەغدا گفتوگۆمان كردووە بۆ بابەتی رێككەوتن چەند خاڵێك هەن, لیژنەی باڵا لە نێوان هەر دوو وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق پێكهێنراوە لە هەمانكاتدا لیژنەی تریش پێكهێنراوە لەسەر ئاستی میحوەركان, لیژنەكان كاری خۆیان كردووە, هەر چەندە بە بیانووی خۆپیشاندان و كوشتنی قاسم سولەیمانی ئامادەیی خۆیان نیشان نەداوە كۆبوونەوە دیكە بكەین, حكوومەتی عێراق داوا دەكەن ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەین, بەڵام وەك وەزارەتی پێشمەرگە پێمان راگەیاندوون ئەو شوێنانەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی لێ ئەنجام دەدرێت نابێت دواتر هێزەكانی پێشمەرگە بەجێبهێڵێتەوە بۆ سوپای عێراق, پێمان گووتوون ئەو ناوچانەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی لێی ئەنجام دەدەین كە ناوچەیەكی ستراتیژین بەبێ رێككەوتن نابێ، واتە لەگەل سوپای عێراق هیچ ئۆپەراسیۆنێك ئەنجام نادەین تا رێككەوتن تەواو نەبێت".

بابەتى پەیوەندیدار دیمانە

زۆرترین بینراو