توركیا و پەكەكە هەرێمی كوردستان دەكەنە مەیدانی شەڕ

توركیا و پەكەكە هەرێمی كوردستان دەكەنە مەیدانی شەڕ

موڕشید برادۆستی - رەمەزان هەڕنی: رۆژ بە رۆژ گرژی و ئاڵۆزیەكان لە نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان ( پەكەكە ) و وڵاتی توركیا زیاتر دەبێت و ناوچە سنووریەكانی باشووری كوردستانیشیان كردۆتە مەیدانی جەنگ، لە ئەنجامی ئەو شەڕ و پێكدادانەی هەردوولا مەترسی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و گوندە سنووریەكان دروست كردووە و ژیان و گوزەرانیان لێ زەحمەت بوو و بەترسەوە هاتووچۆی گوندەكانیان دەكەن.
پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە " حزبێكی كوردی چەپە و بە هرزی ماركسی و لینینییەوە لە ساڵی 1978 لە باكوری كوردستان دامەزراوە و دواتر لە چیای قەندیل نیشتەجێ بوون، بەپێی زانیاریەكانی دەست " زاری كرمانجی " كەوتوون، بەهۆی ناكۆكی و ئاڵۆزیەكانی نێوان پەكەكە و توركیا نزیكەی هەزار گوندی كوردستان چۆڵكراون و خەلەكەكە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەمە لە كاتێكدایە سەدان هاووڵاتی سڤیل لەو نێوەندەدا بووەتە قوربانی ململانێی هەردوولا .
لەو سێ ساڵەی دووایشدا توركیا هێزێكی زۆری پیادەی بە چەكی قورس و سووكەوە بە مەودای زیاتر لە 30 كیلۆمەتر رەوانەی نێوخاكی كوردستانی لە سنووری ناحیەی سیدەكان لە سنووری پارێزگەی هەولێر كردووە، لە ناوچەی كانیەڕەش و چیای كتكین و چیای دێل، چیای كەوێت، چیا سۆرك ، دەشتی بەرازگر، شەكیو، شووشان، ئاودەل، بەرزایەكانی خەلیفان لە سنووری سیدەكان نیشتەجێ بوونە و شەڕ و ناكۆكی لە نێوان هەردوولا روودەدات و بەردەوامیش توركیا بە هیلیكۆپتەر و فڕۆكەی جەنگی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە بۆردومان دەكات، بەپێی زانیاریەكان، هیچ شوێنێكی دیاری كراو لە ژێر كۆنتڕۆڵی پەكەكەدا نەماوە و دۆخێكی نائارام دەڤەرەكە دروست بوەوە .
توركیا بەمەش نەوەستاوە، ماوەی چەند رۆژێكە هێزێكی سوپای توركیا بە مەودای چەند كیلۆمەترێك داخلی سنووری قەزای زاخۆی لە پارێزگەی دهۆك بووە و ئامانج لێی ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی سەربازیە دژ بە هێزی پەكەكە و نەهێشتنی رەگ و ریشاڵی ئەو حزبەیە، زاری كرمانجی لە راپۆرتێكیدا بە دوواداچوون بۆ داخل بوونی ئەو هێزە توركیا دەكات و بۆچوونی جیاواز لە سەر ئەم لە شكركێشییەی توركیا دەخەینەڕوو.
عەزیز رەسول هەورامی رۆژنامەنووس لەبارەی لەشكركێشی توركیا بۆ كوردستان بە زاری كرمانجی گووت" توركیا دەوڵەتێكی داگیركەرە و هەمیشە لە بیانووبوە بۆئەوەی هێرشبكاتە سەر سەروەری ئاسمان و خاكی هەرێمی كوردستان، چەندین ساڵە لە ئاسمانەوە هەموو چەكێكی تاقی كردووەتەوە بەسەر ئەرز و ئاوی كوردستان و زیانێكی زۆری گیانی و ماڵی بەرهاوڵاتییان گەیاندووە بەبیانوی لێدان لە پێگە و بارەگاكانی چەكدارانی پەكەكە".
ئەو رۆژنامەنووسە لەشكرێشی توركیا بە مەترسی دەزانێت و دەڵێ" ئەگەر سەیر بكەین لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەردوو وەزیری دەرەوەی توركیا و ئێران كۆبونەوە باسیان لە دۆستایەتی نێوانیانكرد، پاش كۆبوونەوەی هەردوولا بەیەكەوە ئاسمان و خاكی كوردستانیان بەزاندوو لەشكركێشیان كردووە و دەستییان بە بۆردومان و تۆپبارانی ناوچە سنووریەكان كرد، عێراقیش وەك دەوڵەت كە دەبێت پارێزەری سەروەری وڵات بێت جگە لە بەیانێكی شەرمنانە هیچ ڕێكارێكی جدی نەگرتووەتەبەر، بۆیە وای دەبینم لەشكركێشی توركیا ڕەزامەندی عێراقییەكانیشی لەسەربێت!.
گوتیشی" پێویستە پەكەكە ڕەچاوی كیانی هەرێمی كوردستان بكات كە بووەتە پەناگەی هەموو كوردان لە پارچەكانی تری كوردستانیش نابێ بیانوێكی وا بدات بەدەستەوە تا دووژمن لەشكركێشی بكات، چونكە توكیا هەرگیز دۆست نییە و ئامانجی ئەوەیە بەشێك لە خاكی كوردستان داگیربكات، بۆیە پێویستە سەركردایەتی سیاسی كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق كوردن هەڵوێستی جدیان هەبێت و هەموو ڕێگاكان بگرنەبەر ئەگینا لەگەڵ داگیركردنی هەر بستێك لە خاكی كوردستان توركیا ناكشێتەوەلێ.توركیا دۆخی پەرتەوازەی ناوماڵی كورد و خەراپی پێوەندی هەولێر و بەغدا وەك فرسەت دەبینێت ،هێرشەكانی بكات و ئەوئامانجانەی ساڵانێكی زۆر هەیەتی جێبەجێ بكات كورد پێویستە ئێستا كورد لە هەموو كات و ساتەكان زیاتر یەكگرتووی بێت".
ماف پەروەر خەلەف سەعید ئەو كارەی توركیا بە نایاسایی دەزانێت و بە پێشێل كردنی جارنامەی مافی مرۆڤ وەسفی دەكات و بۆ زاری كرمانجی گووتی" سەرۆك كۆماری توركیا دەیەوێت ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بگەرێنێتەوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2018 ی دیاریكرابوو، لە جاڕنامەی مافی مرۆڤ لە برگەی 7 ماددەی 2 دیاركراوە كە نابێت هیچ وڵاتێك دەستێوەردانی وەڵاتێكی دیكە بكات، بەڵام بۆ توركیا پەكەكە بیانووە و بەو هۆیەوە بەردەوام ناوچە سنووریەكان بۆردومان دەكات و لەم دووایەشدا هێزی پیادەی رەوانەی نێو خاكی كوردستان كردووە، لە هیچ یاسایەكیشدا نییە ئەوەی ئێستا توركیا دەكات، لەسەر حكومەتی عێراق پێویستە بەیاننامەیەك ئاڕاستەی نەتەوەیكگرتووەكان بكات كە توركیا ئەم لەشكركێشیە رابگرێت بەبیانووی هەبوونی بنكە و بارەگانی پەكەكە چیتر سنوور نەبەزینێت".
ئەحمەد بەكر چاودێری سیاسی لە كوردستان بە زاری كرمانجی گووت"بەداخەوە پەكەكە ئەوەندەی بۆتە یارمەتی دەرێك بۆ جیبەجێكردنی روانینە ستراتیژیەكانی توركیا بۆ ناوچەكە ئەوەندە نەبووەتە پارتێك كە كار لەسەر دۆزی رەوای كورد بكات، بەڵگەش ئەوەیە كە پەكەكە لە هەموو شوێنێك ئامادەبوونی هەیە باكووری كوردستان نەبێت، پەكەكە یەك بست خاكی لە باكووری كوردستان لەژێر دەستی دا نییە ئەگەر پاساوەكەشی ئەوەبێت كە دەوڵەتی توركیا دەوڵەتێكی گەورەیە و سوپایەكی بەهێزی هەیە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رابردوو هیچ سوپایەك بەقەد سوپای رژێمی بەعس دڕندە نەبوو كە ئەنفاڵ و كیمیا باران وچەكی كۆمەڵكۆژی بەرامبەر بە كورد بەكار هێنا، بەڵام لە سەخترین قوناغەكاندا پێشمەرگەی كوردستان بەشێك لە خاكی كوردستانی لەدەستدابوو خەباتیان دەكرد بۆ رزگاركردنی بەشەكەی دیكە".
زیاتر گووتی" بەڵام پەكەكە بستێك لە خاكی باكووری لەبەدەستدا نییە بۆیە ئێستا ئەوەی دەبینرێت ئەوەندەی پەكەكە دارەدەستێكە بۆ توركیا بۆ ئەوەی لە هەرشوێنێك بیەوێت داگیری بكات، ئەم سیاسەتەی پەكەكە جێی تێبینییە بۆ نموونە لە شنگاڵ كاری پەكەكە چیە كە هاو سنوورە لەگەڵ توركیادا؟ بەڵام لەبەر ئەوەی توركیا دەویست پەكەكە ئامادەبوونی هەبێت لەشنگاڵ پەكەكەی لەوێ ئامادەكرد بۆ ئەوی بنكە و بارەگانی سوپای توركیا بێنە شنگاڵ لەوێ بمێننەوە، ئێستا بەداخەوە سوپای توركیا بەوە نەوستاوە كە ساڵانە ناوچە سنووریەكانی هەرێمی كوردستان بۆردومان دەكات پەكەكە بیانوویەكی زیاتری داوە بەدەست توركیا كە بەرۆژی روناك لەبەردەم هەموو دونیای دا سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەبەزێنێت سوپای پیادە دێنێت، ئەمەش مەترسی گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان دروستدەكات، ئێستا عێراق هیچ سەروەریەكی نەماوە هەركاتێك لەلایەن هەروڵاتێكەوە ئەگەر مەبەست بێ دەتوانێ سنوورەكانی عیراق زۆر بەئاسانی ببەزێنێت بەرێگای ئاسمانی بێت یان وشكانی یان دەریایی.
لای خۆشیەوە، رزگار عیسا سوار ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند" هاتنی سوپای توركیا بۆ سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە قەزای زاخۆ بابەتێكی نێودەوڵەتیە و پەیوەندی بە هەبوونی پەكەكەوە هەیە، ئەمە بابەتێكی نوێ نیە و كۆنە كۆتایی هاتن بەم ئاڵوزیە كارێكی ئاسان نییە، تا پەكەكە ستراتیژیەتی خۆی نەگۆڕێت و خۆی یەكلا نەكاتەوە ئەوا دۆخەكە هەر وا دەبێت و كار ئاسنیش بۆ توركیا دروست كردووە تا هەر شوێنێك یا هەر ناوچەیەكی بوێت و داگیری بكات".
زیاتر گووتی" هۆكاری ئاڵوزیەكانی سەر ناوچە سنووریەكان و قوربانی دانی هاووڵاتیان بەهۆی بۆردوومانی فرۆكە جەنگیەكانی توركیاوە هەبوونی چەكدارانی " پەكەكەیە" ئەگەر توركیاش هێرش نەكات و بۆردوومان نەكات هاووڵاتیانی كوردستان بەدەست پەكەكەوە لە رەوشێكی زۆر ناڵە باردایە، رێژەیەكی یەكجار زۆر گوند و ناوچەی كوردستان ئاوەدان نەكراینەوە ئەمەش پەیوەندی بە رەفتاری نابەجێی پەكەكەوە هەیە كە هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە گوندو دێهاتەكانمان ئاوەدان نەكرێنەوە و پێشكەوتن بەخۆیەوە نەبینن .
گووتیشی" تا پەكەكە لەسەر سنوورەكانی كوردستان بوونی هەبێت، توركیا بەردەوام بۆردوومان و تۆپباران دەكات و داگیریشی دەكات، بۆیە پێویستە حكومەتی عیراق بەرپرسیاریەتی هەڵگرێت كەسیادەی عیراق بپارێزێت پێویستە بە ئەركی خۆی هەڵسێت".
عەمید دلێر فەرزندە زێباری فەرماندەی ناوچەی یەكی هێزی پاسەوانی سنوور بە زاری كرمانجی راگەیاند" لە رێكەوتی 15 و 16 ی مانگی حوزەیران ئۆپەراسیۆنی توركیا دژی پەكەكە لە سنووری قەزای زاخۆ دەستپیێكردوو و تائێستا بەردەوامی هەیە، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە دەڤەرەكە دەستیپێكردووە سوپای توركیا بە پیادە داخل بووە بە مەودای 4 بۆ 5 كیلۆمە تر داخلی ناو خاكی عیراق و هەرێمی كوردستان بوونە، تا ئێستا هیچ شتێك روون و ئاشكرا نییە كە ئەو هێزانەی سوپای توركیا دەمێننەوە یان دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت هێزەكانی سوپای توركیا دەمێننەوە بەهۆی ئەوەی ئۆپەراسیۆنێكی زۆر فراوان لە ناوەچی بێگوڤا و باتیفا و دەركارعەجەم بە درێژی 60 كیلۆمەتر ئەنجام دەدرێت".
زیاتر گووتی" بە پێی زانیاریەكانی ئێمە ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام دەبێت و بارەگای زیاتر دروستكدەكەن لە ناوچەكەدا، مەبەستی هاتنا سوپای توركیا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەبەر هێزەكانی پەكەكەیە لەناو چەكەدا، ناكۆكی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا لەسەر سنوورەكان بووە هۆكاری ئەنجامدانی ئەم لەشكركێشیە كە ماوەی چەندین ساڵە شەر لە نێوان پەكەكە و توركیا بەردەوامە و بەوهۆیەشەوە ئۆپەراسیۆنی ئەنجامدا و لەشكركێشی كردووە بۆ سەر سنوورەكانی كوردستان".
لەو بارەیەوە، بۆتان محسن قایمقامی قەزای زاخۆ بە زاری كرمانجی راگەیاند" ماوەی چەند رۆژێكە سوپای توركیا گەیشتووتە سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لە سنوورەكەمان، بە مەودای شەش كیلۆمەتر هاتوونە نێو خاكی هەرێم، كۆمەڵێك خاڵی سەربازیان دروستكردووە و تێدا دامەزراون .
قایمیقامی زاخۆ دەڵێت" ژمارەیەك گوندی ئاوەدان لە سنوورەكە بوونیان هەیە و مەترسیان لەسەر هەیە بەهۆی شەڕ و پێكدادانی توركیا و پەكەكە زیانی گیانیان بەر بكەوێت چونكە گوندەكان پڕن لە ماڵ و خێزان و چۆڵنەكراون، بەردەوام بۆردوومان لە دەوروبەریان دەكرێت".
قایمقامی زاخۆ بە هەمان شێوە هۆكاری هاتنی هێزی توركیا بۆ هەبوونی پەكەكە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێ" ئەو شوێنانەی كە توركیا هێزی پیادەی رەوانە كردووە، ئەگەر بنكەو بارەگای پەكەكە لێ نەبێت، ئەوا توركیا لێ دانامەزرێت، هەندێك گوند ئاوەدانن ئەگەر بۆردوومان بەردەوامبێت مەترسی هەیە چۆڵبكرێن كە ژمارەیان سێ گوندە لەگەڵ مەترسی دروستبوون لەسەر چەندین شوێنی گەشتیاری و كشتوكاڵی وئاژەڵداری، تا ئێستا ژمارەی سەرباز و جەندرمەی توركیا دیار نییە، بەڵام رێژەیەكی زۆر هاتوونەتە سنوورەكەمان و بەردەوامیش 10 بۆ 12 هیلیكۆپتەر بە سەر ئاسمانی ئەو شوێنە دەسوڕێنەوە كە هێزەكەی لێ نیشتەجێ كراوە، ئەمەش بووەتە هۆی مەترسی و دڵەراوكی زۆر بۆ هاووڵاتیان و گوندنیشنان".

 

زۆرترین بینراو