تێكچوونی ئارامی هەرێم لە بەرژەوەندی كەسدا نییە

ئیسماعیل ئیبراهیم

هەر چوار دەوری هەرێمی كوردستان وەك ناخی بووركان بلقەی دێ، دۆخی سیاسی و ئابووری، ئێران، توركیا، سووریە و عێراق، رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو مەترسی زیاتر و دارمانی گشت جومگەكانی حكومڕانی دەڕۆن، لە هیچ یەك لەم وڵاتانە متمانە بە مانای راستەقینە لە نێوان هیچ پێكهاتە‌و مرۆڤكانەوە نەماوە، نە شەقام بڕوای بە دەستەڵاتدارانە، نە لایەنە سیاسییەكان متمانەیان بە شەقام و بە یەكتری هەیە، نە وڵاتانی دراوسێی یەكتر متمانەیان بەیەكتر ماوە و هەموویان ترسی پیلانگێرییان هەیە لە دژی یەكتری، ژیانی هاووڵاتییانی ئەم چوار وڵاتە تاسەر موخ لە هەموو روویەكەوە ئەوەندە پڕ بووە لە ئازار و بێكاری كە چیتر بەرگەی ئەو هەموو گەندەڵی و نادادپەروەرییە ناگرن، هیچ یەك لەم وڵاتانە بەرگەی هاتنە سەرشەقامی هاووڵاتییان ناگرن، لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە ئەو دەستەڵاتانە تا بۆیان بلوێ بە قسەی دیپلۆماسییانە یا بەڵێنی چاكسازی و باشتر كردنی ژیانی هاووڵاتییان هەوڵی مانەوەی خۆیان دەدەن لەسەر كورسی دەستەڵات، ئەگەر بۆشیان نەچووە سەر ئەوە بە زەبەری هێز خۆپیشاندەران سەركووت دەكەن، بۆ نموونەی لە خۆپیشاندانەكانی عێراق زیاتر لە 350 كەس كوژراون و نزیكەی 13 هەزار كەسیش بریندارن، ئەمە جگە لەو كەسانەی دەستگیر كراون و ئەشكەنجە دراون، لە ئێران تەنها لەگەڵ سەرهەڵدانی یەكەم خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەسەر گران بوونی نرخی بەنزین شەوی یەكەم 20 هاووڵاتی بە فیشەكی هێزە ئەمنییەكان گیانیان لەدەستدا، توركیا هەر جۆرە خۆپیشاندانێكی لە شارەكانی باكووری كوردستان و چەند شارێكی دیكەی ناكوردی قەدەغە كرد.
ئەمە جگە لە دۆخی یەمەن، لیبیا، لوبنان، ئەفغانستان و چەند وڵاتی ئەورووپایی، واتە دۆخەكە زۆر هەستیارە و راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ كاریگەری بەسەر هەموو وڵاتانەوە هەیە، بەڵام بەرێژی كەم تا زۆر، ئەوەی پەیوەندی بە كوردستانەوە هەیە، راگرتنی گوڵێكە لە نێو پانتاییەك لە ئاگر، ئەم راگرتنە حكمەت و لێزانین و بیری چارەسەركردنی دەوێت، بێ گومان ئەو وڵاتانەی كە چواردەوری هەرێمیان داوە هەر چەندە دۆخی ناوخۆییان و پەیوەندی نێودەوڵەتییان لە ئاڵۆزترین و وێرانترین دۆخدان و بەخۆیان ترسی روخانی كۆشكی سەرۆكایەتی كردنیان هەیە و دەستەڵاتێكی زۆر لەرزۆكن لەم قۆناغەدا، بەڵام كاتێ كار بگاتە سەر گوشار كردن و نانەوەی ئاژاوە و دانانی پیلان بۆ نەهێشتنی ئەم كیانەی هەرێمی كوردستان بێ گومان هەموو كێشەكانی خۆیانیان لەبیر دەچێتەوەو دەستدەكەن بە بنكۆڵ كردنی ئەم كیانە.
بێ گومان راگرتنی ئەم دۆخە كارێكی ئاسان نییە، وێڕای بوونی رێژەیەكی بەرچاو لە ناڕەزایی هاووڵاتییان لەسەر گەندەڵی و نادادپەروەری و بێكاری، بەڵام گرنگە ئەوە بزانین بە نەمانی هەرێمی كوردستان ئەم كێشانە چارەسەر ناكرێن، بەپێچەوانە كێشەكان زەقتر و زیاتر دەبن، ئەو جارە چەندین كێشەی دیكەش زیاد دەبن، بۆ نموونە ئەو دۆخەی بەسەر كوردانی عەفرین و خورماتوو هات، یا ئەو كێشانەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر بەسەر كوردانی ناوچە دابڕێندراوەكاندا هات و ئێستاش بەردەوامە، ئێستا هەرسێ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دەستیان داوەتە پڕۆسەیەكی چاكسازی بۆ ئەوەی دۆخی كوردستان لە هەموو بوارەكانەوە تا راددەی ئیمكان بەرەو باش ببەن، بەڵام بە نەمانی ئەم دەستەڵاتە نەمانی شكۆ و ئازادی و هەیبەت دێتە سەر باقی كێشەكانی دیكە، لەم نێوەندا هەندێك قەلەم بەدەست لە چەند رۆژی رابردوو هانی شەقامی كوردی دەدەن بۆ ئەوەی خەڵك بهێننە سەرشەقام و هەمان دۆخی بەغدا بەسەر كوردستان بێنن، پرسیارە ئاڵتوونییەكە ئەوەیە كێ سوودمەند دەبێت ئەگەر هەرێمی كوردستان تێك بچێت؟ بێ گومان كەس سوودمەند نابێ واتە با هەموومان دەستی پێوەبگرین و هانی چاكسازی بدەین.

 

زۆرترین بینراو