تەمموز مانگی یەكلایكردنەوەی دەسەڵات لەنێوان حكومەت و حزب

نوسینی/ هۆگر نێروەیی

ئەم مانگە چارەنوس سازە، بڕیارە یاسایی چاكسازی جێبەجێ بكرێت، پرۆژەی چاكسازی خواستی زۆربەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە بە هەموو توێژ و چینەكانەوە بۆ بەرجەستەكردن و چەسپاندنی دادپەروەری.
هەر لە سەرەتای باسكردنی ئەم پرۆژەیە ئەو كەسانەی لەهەموو حزبەكانەوە بەبێ جیاوازی زەرەرمەندن لەم پرۆژەیە بەربەست و كۆسپی زۆریان دروست كرد، هەندێكیان بە راستەوخۆ هەندێكیان با ناڕاستەوخۆ.
پرۆژەی چاكسازی كۆتا هەلە بۆ گەڕانەوەی متمانەی هاووڵاتییان بە حكومەت، حكومەت نابێت گوێ بە هیچ كەس و بەربەستێك بدات، ناكرێت چاكسازیش بە ڕێكەوتن بكرێت بەتایبەتی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا، بەڵكو دەبێت بەپێی یاسا بێت چاكسازی لەهەموو سەكتەرەكاندا بكرێت، ئەم پرۆژەیە چاكسازییە لە زۆر بواری تردا پێویستە بخرێتە چوارچێوەی چاكسازییەوە، ئێستا دەست پێكە دواتر دەتوانن لە هەموو سەكتەرەكانی تردا چاكسازی بكەن، بەتایبەتی لە ( خاڵە گمروگییەكان و شەفافكردنی داهاتی نەوت ) ناكرێت و نابێت ئیتر داهاتی وڵات لەدەستی چەند كەس و حزبێك بێت، بەڵكو دەبێت هەموو داهاتی وڵات بگەڕێتەوە دەست حكومەت بۆ ئەوەی حكومەت بتوانێت بەسەر هەموو قەیرانەكان زاڵ بێت.
ئەگەر پرۆژەی چاكسازی جێبەجێ كرا ئیتر دەسەڵات لە هەموو حزبەكان وەردەگیرێتەوە، دەسەڵات دەگەڕێتەوە بۆ دام و دەزگاكانی حكومەت ئیتر هاووڵاتییان دەزانن بڕیار لە كوێوە دەدرێت، دەزانن كێ خاوەندارێتی ئەوان دەكات، هەر بڕیارێكیش بدرێت هەموو هاووڵاتییانی كوردستان بە گشتی پابەند دەبن و بە بڕیاری حكومەتی دەزانن نەك بڕیاری ئەو زۆنە و زۆنی تر.
ئەگەر پرۆژەی چاكسازی بە هەر بیانویەك وەك خۆی جێبەجێ نەكرا و كەوتە نێو بەرداشی رێكەوتنی حزبەكان چیتر نە هاووڵاتییان متمانە بەحكومەت دەكەن نە پێویستیان بە حكومەت دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر بڕیار بێت هەر حزبەكان باڵا دەست دەبن، پێویست بەو هەموو مەسرەف و خەرجكردنی ئەم پارەیە ناكات لەهەموو دام و دەزگاكانی باڵای حكومەت، با ئیتر لە ئۆرگانەكانی حزب كۆبوونەوە بكرێت حزبەكان بڕیار بدەن پێویست بە بڕیارەكانی حكومەت ناكات .
حكومەت و هاووڵاتییان تەواوكەری یەكترن، پێویستە هەموو هاووڵاتییان پشتگیری حكومەت بكەن بۆ سەرگرتنی ئەم پرۆژەیە، لە هەموو جیهان هیچ حكومەتێك سەركەوتوو نابێت ئەگەر هاووڵاتییان پشتیوان و هاوكار نەبن، هاووڵاتییانیش رێگای سەركەوتن ون دەكەن ئەگەر حكومەتێكی بەهێزیان لە پشت نەبێت .

زۆرترین بینراو