جمووجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری لە دەرازەی حاجی ئۆمەران كەمبۆتەوە

جمووجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری لە دەرازەی حاجی ئۆمەران كەمبۆتەوە

پشتیوان كەریم – سۆران: لە كۆتایی مانگی رابردوو، بە مەبەستی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە داخستنی مەرزە نێودەوڵەتی و سنووریەكان تا ئێستاش بەرووی هاووڵاتیان و گەشتیاران داخراوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر كاركردنی شوفێران و كاسبكارانی ناوچەكە درووست كردووە .
حەسەن رەسول شوفێری تاكسییە لە هێڵی سۆران -حاجی ئۆمەران بە زاری كرمانجی گووت" ساڵی رابردوو لە وەرزی هاویندا رۆژانە بیست و پێنچ تا سی ئۆتومبێلی تاكسی كاری گواستنەوەی هاووڵاتییانی دەكرد، بەڵام لە وەرزی زستاندا رۆژانە تا پازدە ئۆتۆمبێل هاتووچۆی دەكرد، بەڵام ئێستا بە هۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا رۆژانە بەگشتی پێنج تا شەش ئۆتۆمبێلی تاكسی هاوڵاتییان دەگوازنەوە، داخستنی سنوور ژیان و گوزەرانی زەحمەت كردووین، چونكە كار و بژێوی ئێمەش لە سەر گواستنەوەی هاوڵاتیان و گەشتیارانە".
زیاتر گووتی" بە ئێمەیان راگەیاندوە كەوا جگە لەو هاوڵاتیانەی كە خەڵكی ئێرانن بگوازنەوە، ئەمەش بڕیارێكی باشە كە ئەو هاوڵاتیانەی ئێمە دەگەڕێنەوە پشكنینیان بۆ بكرێت، چونكە بۆ سەلامەتی هەموو لایەكمانە".
نەوزاد سالم، شۆفێرێكی ترە بە زاری كرمانجی گووت" لە ئێستادا بەهۆی كەمی هاووڵاتییان شۆفێران بە دوو یا خود سێ سەرنشینیش دەڕۆن، چونكە كەمی سەر نشین وای كردوە رۆژانە بەرێژەیەكی زۆر كەم چوار تا شەش تاكسی دەڕوات .
ئاماژەشی بەوەدا" زۆر جار داوامان لە گواستنەوەو قایمقام كردوە كەوا هێلەكەمان بۆ بكەنەوە دوو تایم، بەڵام بەدەم داواكانی ئێمەوە نەهاتوون تاكو ئێستا هەر دەڵێن باشە كەچی جێبەجێ نەكراوە".
ئەو شوفێرە دەشڵێ " تا ئێستاش گەڕاجی فەرمیمان نییە و ئەو گەراجەش مانگانە هەر شوفێر تاكسییەك بڕی 10هەزار دینار دەدەین وەك كرێی گەراج، چونكە ناحكوومییە و شوێنیشیان بۆ دیاری كردبوون دوور بووە لە ناو سەنتەری قەزاكە، چونكە هاوڵاتی دەبوایە دووتا سێ هەزار بدات بە تاكسی تا دەهاتە لای ئێمە، بۆیە شوێنی گونجاو و فەرمی نییە، ئەوەی كە بوونیشی هەیە دەبێت مانگانە پارە كۆبكرێتەوە بە هەموو خاوەن تاكسیەكان نزیكەی ملیۆنێك دینار دەكات ".
لای خۆشیەوە، مەسعوود باتێلی بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە زاری كرمانجی راگەیاند" هیچ تاكسییەك داخلی ناو مەرز نابێت، ئەو هاوڵاتییانەی دانیشتووی هەرێمی كوردستانن كە لە ووڵاتی ئێران دەگەڕێنەوە بە پاسی تایبەت دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی تایبەت، تا كاری پشكنینی پێویستییان بۆ بۆ ئەنجام دەدرێت، تەنها ئەو هاووڵاتییانە دەگوازنەوە كەوا خەڵكی ئێرانن و دەگەڕێنەوە ووڵاتی خۆیان".
زیاتر گووتی" بەهیچ شێوەیەك هاووڵاتیانی خۆمان ناتوانن سەردانی وڵاتی ئێران بكەن، بەڵام هاتووچۆ هەیە بۆ حاجی ئۆمەران و دەوروبەری، بۆیە ئەو هاوڵاتیانەی كە دەوامیان هەیە ئەوان دەتوانن هاتوو چۆ بكەن".
وڵاتی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان سێ‌ دەروازی فەرمی و شەش دەروازەی نافەرمی هەیە كە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری تێدا دەكەن، ساڵانە بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە نزیكەی شەش ملیار دۆلارە، بەڵام ئێستە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە جموجۆڵی گەشتیاری راگیراوە و بازرگانیش زۆر كەمبۆتەوە.
شارەدێی حاجی ئۆمەران لە رووی كارگێڕیەوە سەر بە شارۆكەی چۆمانە، بە دووری 180 كم لە دووری هەولێر هەڵكەوتووە، دەڤەری باڵەكایەتی لە لە شارۆكەیەك و چوار شارەدێ پێك هاتووە، رووبەڕی جیوگرافیای شارەدێی حاجی ئۆمەران بریتییە لە 140 كم دووجا، كە %١٠ی دەشتاییە و، %٦٠ی چیایە و، %٣٠ی گردە، ژمارەی گوندەكانی ١٩ گوندە و، لە ساڵی ١٩٧٦ بووەتە شارەدێ .

 

زۆرترین بینراو