جگە لە داعش رێكخراوی القائیدەش لە جموجۆلدایە

جگە لە داعش رێكخراوی القائیدەش لە جموجۆلدایە

كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی 23ی پارتی لە مەخموور بە زاری كرمانجی راگەیاند:" ئەگەر كێشەكانی عێراق چارەسەر نەكرێن، ئەمڕۆ داعش، بەیانی رێكخراوێكی دیكەی توندڕەوتر سەر هەڵدەدات، داعش لە مەخموور و ناوچەكانی دیكە خەریكی خۆ رێكخستنەوەیە، دەنگوباسی ئەوە هەیە كە رێكخراوی قاعیدە خەریكی جموجۆلە، چارەسەری كاتی ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزی عێراقی تا ماددەی 140 جێبەجێ دەكرێت بە هاوبەشی ئەو ناوچانە بپارێزن و ئەو بۆشاییەی كە دروست بووە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دووبارە ئەو بۆشایە پڕ بكەنەوە.
دەشڵێ:" ئێستا عێراق لەژێر هەژموونی وڵاتانی دەوروبەرە، ئەوانەی كە یەكلاكەرەوەی بڕیارەكانن، دەوڵەتانی ناوچەكەنە و زۆرجار بەرژەوەندییەكانی ئەوان دەبنە رێگر لەبەردەم چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق.
هەروەها گووتیشی:" لە ئەنجامی ئەو عەقلیەتە سیاسییەی كە لە عێراق هەیە، بۆتە هۆكاری ئەوەی كە توندوتیژی لە ناوچە كوردستانییەكان و ناوچەكانی دیكەی عێراق سەر هەڵبدات، لەسەردەمی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئێستا كێشەی كورد، كێشەی پێكهاتەكانی دیكە وەكو شیعە و سوننە هەر هەیە، تا ئەو كێشە سیاسییانە چارەسەر نەكرێن، كێشەكان رۆژ بۆ رۆژ سەر هەڵدەدەن، بۆیە ئەوەی كە گرنگە چارەسەری كێشەكان بكرێت، بەڵام بە عەقلیەتێكی سەلیم، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی كە هەن چارەسەر بكرێن، كێشەكان چارەسەر نەكرێن، ئەمڕۆ داعش، بەیانی رێكخراوێكی دیكەی توندڕەوتر سەر هەڵدەدات، بۆیە زۆر گرنگە هەموو پێكهاتەكانی عێراق پێكەوە دابنیشن، بەتایبەتی پێكهاتەی شیعە كە ئێستا حوكمی عێراق دەكات، كێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر بكرێن، سوننە بە مافەكانی خۆیان بگەن، كورد ئەو مافانەی كە لە دەستوور دیاری كراون بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێن، بەوە ئەو كێشانەی كە لەو ناوچانە هەن نامێنن، بەڵام تا ئەو عەقلیەتە سیاسییەی كە هەیە بمێنێت، بە تەئكید ئەو كێشانە رۆژ بۆ رۆژ زیاتر دەبن.

زۆرترین بینراو