جیاوازی نێوان پەروەردە و فێركردن


ئارام ئیسماعیل

تاكو ئێستا خاوەن بۆچوونەكانی پەروەردە و فێركردن پێناسەی جۆرواجۆریان بۆ (پەروەردە و فێركردن ) كردووە، بەڵام هەریەكەیان لە ڕوانگەی خۆیان و بەپێی ئەو ئەزموونەی بەدەستیان هێناوە لەو لێكۆڵینەوانەی كە ئەنجامیان داوە لەو بوارەدا. لەسەر ئەم بنەمایە لەسەر پێناسەكردنی ئەم چەمكە، نەك لە نێوان خەڵكی ئاسایی بەڵكو لە نێوان توێژەر و لێكۆڵەرەوانی بواری پەروەردە و فێركردنیش جیاوازی بۆچوون هەیە. لە زمانی ئینگلیزی ئەم چەمكە یەك ووشەیە (Education) بەڵام لە زمانی كوردی دوو ووشەیە (پەروەردە) و (فێركردن)، كە هەریەكەیان دوو مانای جیاوازیان هەیە. لێرەدا مەبەست و ئامانجی هەر یەكەیان شی دەكەینەوە.
سەرەتای ئەم باسەش بە قسەی جۆن دیوی (John Dewey) ‌(1859-1952ز) دەست پێ دەكەین كاتێك دەڵێت: پەروەردە بریتییە لە پڕۆسەی گونجانی تاك لە گەڵ ژینگەكەی. یانیش دەتوانین بڵێین پەروەردە بریتیە لە بابەتێكی ڕێكخراو و بەردەوام كە ئامانجی ئەو یارمەتیدانی لایەنی جەستەیی، ئەخلاقی، كۆمەڵایەتی، یان بەشێوەیەكی گشتی پەرەسەندنی كەسایەتی پەروەردەكراوەكانە بە ئاراستەی بەدەستهێنانی بەها و ڕێسا پەسەندكراوەكانی كۆمەڵگا و یارمەتیدانی جوانكردنی تواناكانی ئەوانە. دكتۆر (علی اكبر سیف) پسپۆڕی دەروونناسی پەروەردەیی لە بارەی پەروەردەوە دەڵێت: پەروەردە بریتیە لە پێگەیاندن، ئامادەكردن، بەرهەم هێنان، یانیش پەروەردە بریتیە لە شێوازی فێركردنی ڕەفتار و گوفتار بە كەسانی تر، بەشێوەیەك ئەم شێوازە ببێتە موڵكی بیرو هۆشی ئەو.
پەروەردە دەبێتە هۆی هێنانەكایەی هەر جۆرە جوانیەك لە مرۆڤدا كە نرخ و بەهای خۆی هەبێت. كەواتە دەتوانین دان بەوەدا بنێین پەروەردە بەكارهێنانی ڕێگای تایبەتە بۆ گواستنەوەی بەها و مەعریفە بۆ لایەنی بەرامبەر.
ئێستا دێینە سەر بابەتی فێركردن، بە بڕوای جۆن دیوی (1859-1952ز) فێركردن دووبارە كردنەوەی ئەزموونە، بەو مەبەستەی كە مانای ئەزموون فراوانتربێت بۆ پشتیوانی و كۆنترۆڵكردنی ئەزموونەكانی دواتر، بۆ ئەوەی تاكێكی باشتر دروست بكات. بەپێی بۆچوونی (بڕوان واتیكنس) زانای دەروونناسی فێركردن هێنانەكایەی دەرفەتێكە بۆ ئەوەی قوتابی فێرببێت.
بەبڕوای بەشێكی تری زانایان، فێركردن بریتیە لەو چاڵاكیانەی كە مەبەست لێی فێركردنی فێرخوازە، لەلایەن فێركەر یان مامۆستا دەخرێتەڕوو. كەواتە فێركردن دروستكردنی گۆڕانكاریە لە توانا ولێهاتوویەكانی مرۆڤ، ئەویش لە ڕێگەی پڕۆسەی چاكسازی كردن و باشتركردنی ڕەفتار و زانست. فێركردن بەهەر جۆرە چاڵاكیەك یان خۆڕێكخستنێكی پلان بۆداڕێژراو دەگوترێت كە ئامانجی هێنانەدی فێركردنە لە فێرخوازان. فێركردن ئامراز و كەرەستەیە بۆ ئاسانكاری كردن و گەیشتن بە ئامانج و مەبەست كە فێربونه. بە بڕوای (ئیدوارد سوراندیك)ی بەریتانی (1874-1949ز) فێربوون لەلای مرۆڤ و گیانەوەر بە هەوڵدان و هەڵەكردن دێتەدی.
ئێستا گەیشتینە ئەوبڕوایەی كە (پەروەردە) و (فێركردن) دوو چەمكی تەواو جیاوازن لەڕووی مانا و ناوەڕۆكەوە، بەڵام دوو چەمكی تەواوكەری یەكترن. لە خوارەوە گرینگترین ئەو جیاوازیانە دەخەینەڕوو كە لەنێوان هەردوو چەمكدا هەیە.
یەكەم: پەروەردە بابەتێكی فراوان و بەردەوامە، كە لە ماوەیەكی درێژ بەردەوام دەبێت، بەڵام فێركردن بەو چاڵاكیانە دەگوترێت كە دیار و سنوردارن.
دووەم: ئامانجی زۆربەی قوتابخانەكان پەروەردەكردنی تاكە و فێركردن ئامرازێكی پەروەردەییە، كەواتە هەركاتێك بابەتێكی پەروەردەیی دەكەوێتە ڕێ، ئەو بابەتە بە یارمەتی فێركردن دێتەدی، چونكە بەبێ فێركردن پەروەردە نایەتەدی.
سێیەم: پەروەردە بابەتێكی فراوان و بەردەوامە و خاوەن ئامانجی گشتی و دوور مەودایه، بەڵام فێركردن چاڵاكیەكی دیار و وردە، لەبەرئەوە ئامانجەكانی دیارتر و ووردترن و زووتریش دێنە دەست.
چوارەم: فێركردن زیاتر لەلایەن مامۆستا یان فێركەر لە شوێنێكی دیاریكراو وەكو پۆل جێبەجێ دەكرێت، بەڵام پەروەردە تەواوی‌ قوتابخانە وهۆكارەكانی دەرەوەی قوتابخانەش وەكو (دایك وباوك، هاوڕێ،...) كاریگەریان هەیە لەسەر پەروەردەكردنی تاك.
پێنجەم: فێركردن بە واتای گەیاندنی ماددەیەكی زانستی بۆ لایەنی بەرامبەر كە فێرخوازە دێت، پەروەردە دروستكردن و پێگەیاندنی تاكە لە هەموو ڕوویەكەوە.
شەشەم: پەروەردە چەمكێكی گشتگیر، فێركردن ئامرازێكە لەنێو پەروەردە.
حەوتەم: ئامانجی پەروەردە باش و گرینگن بۆ تاك و كۆمەڵگا، بەڵام ڕەنگە هەندێ جار ئامانجی فێركردن دووربێت لە بەها پەسەندەكانی نێو كۆمەڵگا بۆنموونە: فێركردنی ماددە هۆشبەرەكان، تاوانەكانی كوشتن و بڕێن، گزیكردن، فێڵكردن.
هەشتەم: فێركردن بەمانای گواستنەوەی زانستە، پەروەردە بە مانای گواستنەوەی بەهاكان دێت.
نۆیەم: فێركردن لایەنی فەرمی و پلان بۆداڕێژراوە، بەڵام پەروەردە نافەرمیە و لە هەموو شوێنێك بەبێ پلانیش بەڕێوە دەچێت.
ڕەنگە زۆر جیاوازی تریش هەبن كە لێرەدا باس نەكراون، بەڵام ئەم خاڵانە دیارترین ئەو جیاوازیانەن كە پسپۆڕانی دەرونناسی پەروەردەیی ئاماژەیان بۆ كردووە.

زۆرترین بینراو