جەمیلا محەمەد: سەرەڕای قەیرانی دارایی توانیمان ژمارەیەك پرۆژەی گرنگ جێبەجێبكەین

جەمیلا محەمەد: سەرەڕای قەیرانی دارایی توانیمان ژمارەیەك پرۆژەی گرنگ جێبەجێبكەین

رەمەزان هەرنی-دهۆك: ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك دەكات كە بەهۆی قەیرانی دارایی ساڵانی رابردوو نەیانتوانیوە جێبەجێیان بكەن.
جەمیلا محەمەد , بە زاری كرمانجی راگەیاند " وەك ئەنجوومەنی پاریزگای دهۆك لە 12-6-2014 دەست بە كار بووین زۆر بە داخەوە لە هەمانكاتدا شەڕی نەگریسی رێكخراوی تیرۆرستی داعش بەڕۆكی عێراق و كوردستانی گرت، لە هەمانكاتدا قەیرانی دارایی كوردستانی گرتەوە و هاووڵاتییانی كوردستان و هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان تووشی بارودۆخێكی زۆر ناڵەبار بوون و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان زۆر بە كەمی حێبەجێكران و رۆژانە برا پیشمەرگەكان شەهیدو بریندار دەبوون ئاوارەیەكی زۆر روویان لە هەرێمی كوردستان كرد".
جەمیلا، گووتیشی" وەك ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك هەوڵی ئەوەماندەدا كە لە نزیكەوە ئاگاداری گشت كێشە و داواكارییەكانی هاووڵاتییان بین و داواكارییەكان بگەینینە گشت دام و دەزگا پیوەندیدارەكان و هەوڵی چارەسەركردنیان بدەین و چاوەدێری كاری حكوومەت بكەین و سەردانی برا پیشمەرگەكان بكەین و یارمەتییان پێشكەش بكەین و سەردانی برا بریندارەكان لە نەخوشخانەكان بكەین و هەوڵی یارمەتیان بدەین و چاوەدێری كەمپەكان بكەین و خزمەتی زیاتر بگەینینە ئاوارە و پەنابەرەكان".
جەمیلا ئەوەشی خستەڕوو" لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك لە چەندین لیژنەی جۆراوجۆر كارم كردووە وەك جێگری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و جێگری لیژنەی رێگاوبان و ئەندامی لیژنەی شارەوانی و ئەندامی لیژنەی دارایی و ئەندامی لیژنەی كوچ و كوچبەران و هەوڵی ئەوەم داوە خۆم لە كێشەی گشت چین و توێژەكان نزیك بكەمەوەو رۆژانە راپۆڕت دروست بكەم لە سەر گشت ئەو پرۆژانەی پێویستە جێبەجێبكرێن، وەك پرۆژەكانی رێگاوبان و ئاو و كارەبا و تاپوو كردنی خانووی زیادەڕۆیی و دروستكردنی سایلۆی گەنم لە هەردوو قەزای بەردەڕەش و ئاكرێ و چەندین پرۆژەی گەشتیاری و ئاوئاوەڕۆ و كشتوكاڵ و دروستكردنی یاریگا و چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی دیكە".
جەمیلا ئاماژەی بەوەشكرد" هەوڵی نەهێشتنی بێكاری و پەیداكردنی هەڵی كار بۆ گەنجان و گەیاندنی گشت داواكاری هاووڵاتییان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگار و گشت دام و دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای دهۆك، ئیمە توانیمان چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ سنووری ئاكرێ و بەردەڕەش جێبەجێبكەین، وەك دوو سایلۆی گەنم بو ئاكرێ و بەردەڕەش و رێگای چەمە و رێگای ئاكرێ رۆڤیا و رێگای قەندیل و رێگای حەسەنییە بەردەڕەش و رێگای دووستا سەركەڤرۆك و رێگاكانی ناو قەزا و ناحیەكان و رێگاكانی دیكە سیانە كراون، ئێستا رۆژانە لە خزمەت هاووڵاتییان داین و هەوڵی گەیاندنی گشت كێشەكانیان دەدەین بە رێگای دام و دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای دهۆك".

زۆرترین بینراو