جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و دەركەوتەكانی لەسەر نەتەوەی كورد

غەفور عەبدولڵا

 

بێگومان گەر سەیری مێژوو بكەین تاكو ئێستاش كوردستان هەمیشە بووەتە گۆڕەپان و مەیدانی ململانێ و ئاژاوەی نێوان وڵاتاندا، كوردستان باجی هەموو ئەو شەڕ و كێشانەی داوەتەوە كە لە نێوان وڵاتانی دەورووبەر و جیهاندا ڕوویانداوە، نەتەوەی كوردی مەزڵوم لە هەموو ڕوویێكەوە بووەتە قوربانی وڵاتە زلهێز و ئاژاوچیەكان.
دوور لە كێشەی نێوان دراوسێەكانمان لەگەڵ ئەمەریكا و كاریگەری لەسەر كورد، گەر سەیری مێژوو بكەین وڵاتانی دراوسێمان جگە لە هەڕەشە و ئەزیەت دان و لەناوبردنی كورد هەمیشە هەوڵی لەناو بردنی كوردیان داوە، هەر دەوڵەتێكیش دژی نەتەوەی كورد وەستابا یەكەم وڵات كە پشتگیری بكردایە وڵاتەكانی دراوسێمان بوونە.
سەبارەت بە ئەمەریكا و مێژووی پەیوەندیەكانی ئەمەریكا و كورد دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆكی ئەمەریكی (وودرۆو ویلسون) لە ساڵی 1918 بۆیە ئەمەریكا لە كۆنەوە كاریگەری لەسەر نەتەوەی كورد هەبووە، بەڵام هەمیشە ئەمەریكا لەسەر بناغەی بەرژەوەندی وڵاتەكەی خۆی مامەڵە لەگەڵ نەتەوەی كوردا كردووە، وەك دەبینین چ لە ڕووی ئابووری یان سەربازی، ئەمەریكا هەمیشە كوردی لە بەرژەوەندی خۆی بەكار هێناوە هەر شەرێك و كوشتنێك هەبێ بۆ نەتەوەی كورد بووە، هەر قازانجێك و سودێك هەبوبێ بۆ ئەمەریكا بووە، بۆیە مامەڵەی ئەمەریكا لەگەڵ دۆستی یاخود دوژمنی هەمیشە لەسەر بناغەی بەرژەوەندی دەوڵەتەكەی خۆی بووە.
گرژییەكانی نێوان رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و دراوسێكانمان بەتایبەت لەگەڵ ئەمەریكا ساڵانێكە هەروا درێژەی هەیە و لە شەڕێكی ساردان، ئەگەری ڕوودان و ڕوونەدانی شەڕ بێگومان كاریگەری لەسەر كوردستان بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەڕووی ئابووری یان كۆمەڵایەتی و ڕامیاری...تادێ‌ هەیە و دەبێت بۆ نموونە كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان وەك داخستنی دەرگا سنورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هاتنی لێشاوی ئاوارەكانی دراوسێكانمان بۆ هەرێم بۆیە كاریگەرێكی مەزن دەخاتە سەر لایەنی بازرگان و بژێوی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان.
لە كۆنەوە هەرگیز گرژیەكانی نێوان ئەو وڵاتانە و ئەمەریكا نەگەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئێستا، كە لە هەر دوو لاوە ڕۆژانە لێدوانی توند لە دژی یەكتر دەدەن، بۆیە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕدا سیاسەتی وڵاتە دراوسێكانمان وایە لەو ئاگرەی كە هەڵدەكرێت بۆ ئەوەی پڕوشكی ئاگرەكە بە بەریان نەكەوێت ئاگرەكە دەیبەنە دەرەوەی خاكەكەی خۆیان بۆ ئەوەی كەمترین زیانیان بەر بكەوێت، لە كاتێك دا ئەمەریكا جگە لە گەرووی هورمز و ناوچە عەرەبیەكان، باشوری كوردستانی وەكو ناوەندێكی گرینگ دایناوە و پڕ چەك و ئەسلەحەی قورسی سەربازی كردووە لە ئەگەری هەر مەترسیێكی ئەو دەوڵەتانە لەسەربەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروست بونی شەڕی سەربازی بۆیە لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەر لەو ناوچانەدا بە پلەی یەكەم كاریگەری لە سەر كوردستان دەبێت.
بۆیە لێرەدا سەبارەت بە پشتیوانی كوردستان بە یەكێك لەو وڵاتانە لە كاتی گرژی و ململانێی سیاسی و سەربازی باشترین ڕێگا ئەوەیە كە كورد بێلایەنی خۆی ڕابگەینێت چونكە هیچ سودێك و قازانجێك بۆ كورد نابێت لەو شەڕەدا، لە كاتێك دا كە (مایك پۆمپیۆ) نامەیەكی ئاراستەی وڵاتانی عێراق و ئوردن و میسر و بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكە بە هەرێمی كوردستانەوەش كرد كە لەو شەڕەدا لەگەڵ ئێمەن یان لەگەڵ نەیارەكانمانن، بۆیە لێرەدا كورد بێ لایەن بێ زۆرباشترە لەوەی كە بەشداری لەو ململانێیە بكات، هەرچەندە كاریگەری لەسەر كوردستان دەبێ بەڵام وەكو دەوترێت(زەرەر لە نیوەی بگەرێتەوە قازانجە).

 

زۆرترین بینراو