حزب و لایەنەكان پشتگیری لە كارنامەی حكوومەت دەكەن

حزب و لایەنەكان پشتگیری لە كارنامەی حكوومەت دەكەن

زاری كرمانجی- سۆران: حزب و لایەنەكانی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەو كارنامەی كە سەرۆكی حكوومەت لە هۆلی پەرلەمان بۆ پەرلەمانتاران و ڕای گشتی خوێندەوە، كارنامەیەكی گشتگیرە و پێویستە هەموو حزب و لایەنەكان پشتگیری لەو حكوومەتە بكەن بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت.
غەفوور مەخمووری، سكرتێری گشتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە كارنامەی كابینەی نوێ، گووتی ئەو كارنامەی كە سەرۆكی حكوومەت لە هۆلی پەرلەمان بۆ پەرلەمانتاران و ڕای گشتی خوێندەوە، كارنامەیەكی گشتگیر بوو، بەڵام ئەو كارنامەیە پێویستی بەوە هەیە لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ بكرێت، خاڵ بە خاڵ كاری بۆ بكرێت، ئەو كێشانەی كە لە رابردوو هەبوون دووبارە نەبنەوە، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ببێتە حكوومەتی هەموو خەڵكی كوردستان، لە بن سێبەری حزب بێتە دەرەوە، حزب حزبایەتی خۆی بكات، حكوومەتیش حكوومەتایەتی خۆی بكات".
لە لای خۆشیەوە موسلیح رەجەب، ئەندامی سەركردایەتی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەدا " ئێمە وەك حزب پشتگیری لە كابینەی نۆیەم و كارنامەی حكوومەت دەكەین، سەرۆكایەتی هەرێم كاراكرایەوە، كابینەی نوێ پێكهات، ئەگەر هاتوو هەر گۆڕانكارییەك لەناوچەكە رووبدات سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت دەتوانن هەرێمی كوردستان بپارێزن، بارودۆخی ئابووری رۆژ بۆ رۆژ باشتر دەبێت، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا باشتر دەبن، ئەوەش وا دەكات كە هەرێمی كوردستان زیاتر پێش بكەوێت و بەهێزتر بێت ئەوەش لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە".
دیندار دۆسكی، سیاسەتمەداری كورد بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی روونیكردەوە:" بەرنامەی حكوومەت كە لەلایەن سەرۆكی حكوومەتەوە راگەیاندرا، بەرنامەیەكی تێروتەسەلە و هەموو بوارێكی لە خۆ گرتووە، لەوانە چارەسەركردنی گەندەڵی و خزمەتگوزاری و پەیوەندی هەرێم لەگەڵ عێراق و وڵاتان و رەخساندنی هەڵی كار بۆ گەنج و لاوان، هەروەها چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەركردنی كێشەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان".
دۆسكی، دەشڵێ:" كابینەی نۆیەم، كابینەیەكی بەهێز دەبێت، ئەگەر ئیرادەیەكی سیاسی هەبێت و لایەنەكان هاوكار بن، دەتوانێت زۆر لەو خاڵانەی كە راگەیاندراون جێبەجێ بكات، نەك وەكو كابینەكانی رابردوو هەندێك لایەن بەرۆژ لەناو حكوومەت بن و بە شەو ئۆپۆزسیۆن بن، بەڵكو پێگری بە بەرنامەكەی حكوومەت بكەن، بێگومان حكوومەت سەركەوتوو دەبێت، لەگەڵ ئەوەی دەبێت ماوەیەك بدرێت بە حكوومەت كە 100 رۆژە، بۆ ئەوەی بزانرێت لەو ماوەیەدا حكوومەت چی كردووە".

 

زۆرترین بینراو