حزب و لایەنەكان پشتگیری لە كارنامەی حكوومەت دەكەن

حزب و لایەنەكان پشتگیری لە كارنامەی حكوومەت دەكەن

ئا: ڕائیب شێروانی
مەسروور بارزانی بە 88 دەنگی پەرلەمانتار بوو بە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان. هەروەها قوباد تاڵەبانیش بە دەنگی 73 پەرلەمانتار بوو بە جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان.
لە دوای دەنگدان بە سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەنگ بە وەزیرەكانی كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستانیش درا.
مەسروور بارزانی دوای متمانە و خواردنی سوێندنی یاسایی، گوتارێكی پێشكەشكرد و كارنامەی خۆی و كابینەكەی وەك سەرۆكوەزیرانی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند.
مەسروور بارزانی لە گوتارەكەیدا رایگەیاند:" زۆربەی حیزب و لایەنەكانەكانی بەشداربووی ئەم كابینەیە لە ماوەكانی ڕابردوودا بە دروشم و وتاری جۆراوجۆر، باسیان لە پێویستیی خزمەتێكی باشتری هاووڵاتیان كردووە، هیوادارین ئەم بەڵین و دروشمانە لەم كابینەیەدا بكرێنە كردار و جێبەجێ بكرێن، چونكە ئەم كابینەیە ئەركی خزمەتی هاووڵاتیان لە پێش هەموو كار و ئەركەكانی دیكەی دادەنێت و خۆی بە خزمەتكاری هاووڵاتیان دەزانێت. بۆیە لای ئێمە هاووڵاتی میحوەری سەرەكی دەبێت و ئامانجی گەورەمان خزمەتكردنیانە بەبێ جیاوازی، پلان و ئامانجەكانمان بۆ خزمەتی هاووڵاتیان لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی كار رێكخستووە، كە نەخشە ڕێگەی سەرەكی و گشتیمان دەبێت لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا سەرۆكوەزیران، مەسروور بارزانی گوتی:" خواستی یەكەمی هاووڵاتیانمان رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە. خواستی یەكەمی منیش لەم كابینەیەدا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازییە. لەمەولاش بە هیچ جۆرێك بەرامبەر بە گەندەڵكاران و سەرپێچیكەران نەرمی نانوێنین و دەبێت خواستی هاووڵاتیان بەجێ بگەیەندرێت، بەڵێنی دا كە كوردستان بەهێزتر بكات، پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا باشتر بكات و سەرچاوە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش هەمەچەشن بكات.
لە بارەی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، سەرۆك وەزیران، ئاماژەی بە پشتبەستنی لە رادەبەدەر بە نەوت و گاز دا، بەڵێنی دا كە پێداچوونەوە بە كەرتی گشتی بكات و گەشەی پێ بدات.
هەر لەبارەی سیاسەتی كابینەی نوێوە، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران گووتی :"بایەخ دەدەین بەتوێژینەوەی زانستی و خوێندنە پیشەییەكان و كەمكردنەوەی رۆتین لەدامودەزگاكان، هەوڵیشدەدەین بەباشترین شێوە تەندروستییەكی پێشكەوتوو بنیادبنێین و خزمەتی زیاتری كەسوكاری قوربانیانی جینۆسایدو ئەنفال و شەهیدانی كوردستان بكەین.
هەر لەچوارچێوەی خوێندنەوەی كارنامەی حكومەتەكەی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەرێگەی گفتوگۆو دیالۆگ و دەستوور كردەوە و رایگەیاند: "لە نزیكترین كاتدا سەردانی بەغدا دەكەین بۆ ئەو مەبەستە".
سەرۆك وەزیران داوای لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد، پشتگیریی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بكەن و پاڵپشتیی چاكسازییەكانی بكەن، هەروەها یارمەتی پاراستنی پێگەی هەرێمی كوردستان بدەن وەك لانەیەك بۆ خەڵكانی ئاوارە و ستەملێكراو".
حزب و لایەنەكانی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەو كارنامەی كە سەرۆكی حكوومەت لە هۆلی پەرلەمان بۆ پەرلەمانتاران و ڕای گشتی خوێندەوە، كارنامەیەكی گشتگیرە و پێویستە هەموو حزب و لایەنەكان پشتگیری لەو حكوومەتە بكەن بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت.
غەفوور مەخمووری، سكرتێری گشتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە كارنامەی كابینەی نوێ، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" ئەو كارنامەی كە سەرۆكی حكوومەت لە هۆلی پەرلەمان بۆ پەرلەمانتاران و ڕای گشتی خوێندەوە، كارنامەیەكی گشتگیر بوو، بەڵام ئەو كارنامەیە پێویستی بەوە هەیە لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ بكرێت، خاڵ بە خاڵ كاری بۆ بكرێت، ئەو كێشانەی كە لە رابردوو هەبوون دووبارە نەبنەوە، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ببێتە حكوومەتی هەموو خەڵكی كوردستان، لە بن سێبەری حزب بێتە دەرەوە، حزب حزبایەتی خۆی بكات، حكوومەتیش حكوومەتایەتی خۆی بكات، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە ئێمە بتوانین لە كوردستاندا وا بكەین كە حكوومەت بە چاوی یەكسان تەماشای هەموو هاووڵاتیان و لایەنە سیاسییەكان بكات، كێشەی ئێمە لەم وڵاتەدا نەبوونی عەداڵەتە، بۆیە ئەركی حكوومەتە لە قۆناغەكانی داهاتوودا بتوانێت عەداڵەتی كۆمەڵایەتی جێبەجێ بكات، بتوانێت دەزگا و دامەزراوەكانی كوردستان زیاتر سیستماتیك بكات، ئۆمێدمان زۆرە كە ئەو حكوومەتە زۆربەی زۆری وەزیرەكانی پێشووش گۆڕدراون، خوێنی نوێ تێكەڵی ئەو حكوومەتە بووە، ئۆمێدمان زۆرە كە ئەو كارنامەیە جێبەجێ بكەن، كوردستان بەرەو قۆناغێكی ئارامتر ببەن، وە هەوڵ بدەن كوردستان زیاتر پێش بخەن، ئێمە وەكو یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان پشتیوانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كابینەكەی دەكەین و پڕ بە دڵ هیوای سەركەوتنیشی بۆ دەخوازین.
موسلیح رەجەب، ئەندامی سەركردایەتی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:" ئێمە وەكو حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان پشتگیری لە كابینەی نۆیەم و كارنامەی حكوومەت دەكەین، ئەو لایەنانەی كە بەشدار لە حكوومەتدا ئەگەر پشتگیری لە كارنامەی حكوومەت بكەن، بەتایبەتی لەو بارودۆخەدا كە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە پێدا تێپەڕ دەبێت، بۆ ئەو قۆناغە زۆر گرنگە، خەڵكی كوردستان بۆ ماوەیەكی زۆرە چاوەڕێی ئەوە دەكات كە كارنامەی حكوومەت چی دەبێت، بۆیە وەكو لایەنێكی سیاسی هیوادارین و داوا دەكەین ئەو لایەنانەی كە بەشداریان لە كابینەی نوێ كردووە، پشتگیری لەو حكوومەتە بكەن، ئەوە بۆ خەڵكی كوردستانیش باش دەبێت، هیوادارین لە ماوەیەكی نزیكدا كار لەسەر ئەو كارنامەیە بكرێت، نەك هەر بۆ راگەیاندن بێت.
رەجەب، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" سەرۆكایەتی هەرێم كاراكرایەوە، كابینەی نوێ پێك هات، ئەگەر هاتوو هەر گۆڕانكارییەك لەناوچەكە رووبدات سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت دەتوانن هەرێمی كوردستان بپارێزن، بارودۆخی ئابووری رۆژ بۆ رۆژ باشتر دەبێت، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا باشتر دەبن، ئەوەش وا دەكات كە هەرێمی كوردستان زیاتر پێش بكەوێت و بەهێزتر بێت ئەوەش لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە.
لە كۆتاییدا دیندار دۆسكی، سیاسەتمەداری كورد بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی روونیكردەوە:" بەرنامەی حكوومەت كە لەلایەن سەرۆكی حكوومەتەوە راگەیاندرا، بەرنامەیەكی تێروتەسەلە و هەموو بوارێكی لە خۆ گرتووە، لەوانە چارەسەركردنی گەندەڵی و خزمەتگوزاری و پەیوەندی هەرێم لەگەڵ عێراق و وڵاتان و رەخساندنی هەڵی كار بۆ گەنج و لاوان، هەروەها چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەركردنی كێشەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان.
دۆسكی، دەشڵێ:" كابینەی نۆیەم، كابینەیەكی بەهێز دەبێت، ئەگەر ئیرادەیەكی سیاسی هەبێت و لایەنەكان هاوكار بن، دەتوانێت زۆر لەو خاڵانەی كە راگەیاندراون جێبەجێ بكات، نەك وەكو كابینەكانی رابردوو هەندێك لایەن بەرۆژ لەناو حكوومەت بن و بە شەو ئۆپۆزسیۆن بن، بەڵكو پێگری بە بەرنامەكەی حكوومەت بكەن، بێگومان حكوومەت سەركەوتوو دەبێت، لەگەڵ ئەوەی دەبێت ماوەیەك بدرێت بە حكوومەت كە 100 رۆژە، بۆ ئەوەی بزانرێت لەو ماوەیەدا حكوومەت چی كردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە ئیرادەیەكی سیاسی باش هەیە، كە خزمەتێكی خەڵكی كوردستان بكەن و چارەسەری كێشەكان بكەن، بەڵام دووبارە دەڵێمەوە كە دەبێت خەڵكی كوردستان و لایەنەكان هاوكار و پاڵپشتی حكوومەت بن، بۆ ئەوەی لە كارەكەی سەركەوتوو بێت".

زۆرترین بینراو