حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

 

له‌راگه‌یاندراوێكدا كه‌وێنه‌یه‌ك بۆ ماڵپه‌ری زاری كرمانجی نێردراوه‌ ، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە راپۆرتی کۆمیسیۆن حکومەتی ئەمریکی بۆ ئازادییە ئایینییەکان دەکات كه‌ رۆژی 29ی نیسانی2019 کۆمسیۆنی حکومەتی ئەمریکی بۆ ئازادی ئاینی نێودەڵەتی راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی پێکهاتە ئاینییەکان لە جیهان بڵاوکردەوە و لە بەشی تایبەت بە عێراق باس لە رەوشی پێکهاتەکان دەکات لە هەرێمی کوردستان.

له‌راگه‌یاندراوه‌كه‌دا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند: ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە راپۆرتی کۆمیسیۆن حکومەتی ئەمریکی بۆ ئازادییە ئایینییەکان دەکەین، کۆمیسیۆنی ناوبراو لە نوێترین راپۆرتیان بە ئەرێنی باس لەوە دەکات کە هەرێم پەناگەیەکی ئارامە بۆ راگوێزراوان لە پێکهاتە ئایینی و مەزهەبییەکان و تیشکی خستۆتە سەر بەشێک لە چالاکیەکانی حکومەتی هەرێم کراوە لە پێشوازی کردن لە راگوێزراوان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بە پێشوازی کردن لە راگوێزراوان وتی: هەر کاتێک پێکهاتە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییەکان هەستیان بە مەترسی کردبێت، ئەوا هەرێمی کوردستان هەمیشە دەرگاکانی ھەرێمی واڵا کردووە بۆ پێشوازی کردن لێیان و حەواندنەوەیان، چونکە ئاوارەکان لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکانن بەم شێوەیە: عەرەبی سوننەمەزهەب (40%)، کوردی ئێزیدی (30%)، کوردی موسڵمان (13%)، کریستیان (7)، شیعە و شەبەک و تورکمان و ئەرمەن (10%).

زێباری باسی لە روودواوەکانی ساڵی ٢٠١٤ و هێرشی تیرۆریستانی داعش کرد و وتی: لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان رۆڵی سەرەکی هەبوو لە پاراستنی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی کە داعش دەستی بەسەردا گیرابوو کە بەشی هەرەزۆری ناوچە نیشتەجێی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی وەک کریستیان، ئێزیدی، کاکەیی و شەبەک، بەسەدان هەزار هاووڵاتی دانیشتووی ئەم ناوچانە ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبێ جیاوازی بەرگری لەو ئاوارانە کرد و رۆڵی هەرە سەرەکیی هەبوو لە ئازادکردنەوەی ئەم ناوچانە و لەم پێناوەدا گیانی سەدان پێشمەرگە بوونە قوربانی. ئەمەش نیشانەی بەهێزی و پتەویی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمە بەبێ جیاوازی.


زێباری ئاماژەی بە مافی پێکهاتەکان کرد لە هەرێمی کوردستان و لەم رووەوە وتی: لە ماددەی (٦)ی ڕەشنووسی دەستووری ھەرێمی کوردستان بە ڕوونی مافی پێکھاتەکانی پارێزراوە کە تێیدا ھاتووە، گەلی ھەرێمی کوردستان پێک ھاتووە لە کورد، تورکمان، عەرەب، کلدان، سریان، ئاشووری، ئەرمەن و ھاووڵاتییانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، واتە پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە، وەک کەمایەتی سەیر نەکراون، هەروەها لە(7)ی رەشنووسەکەدا هاتووە: ئەم دەستوورە دووپات دەکاتەوە کە ئیسلام ناسنامەی راستەقینەی زۆرینەی گەلی کوردستانە، بەڵام مافی ئایینی کریستیان و ئێزیدییەکان و ئەوانی تر زامن دەکات لە ئازادی بیروباوەڕ و ئەنجامدانی چالاکییە ئایینییەکان.

لە رووی سیاسیشەوە لە ساڵی (2005) ژمارەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان بە (٥) کورسییەوە زیادکرا بۆ (١١) کورسی بەم شێوەیە: (٥) کورسی بۆ تورکمان و (٥) کورسی بۆ کلدان، ئاشوری و سریان و (١) کورسیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن، ئەمەش نیشانەی پاراستن و گرنگیدانی هەرێمی کوردستانە بە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کە لە هەرێمی کوردستان دەژین.


سەبارەت بە مافە یاساییەکانی پێکهاتەکانیش وتی: لە هەرێمی کوردستان چەندین یاسا کاریان پێدەکرێت کە گوزارشتن لە گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە ئایینی و مەزهەبییەکان لەوانە: لە ساڵی (٢٠٠٧)پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە (١١) ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامیی گۆڕی بۆ وەزارەتی ئەقاف و کاروباری ئایینی، یاسای (زمانە فەرمییەکان ژمارە ٦ لە ساڵی 2014)، یاسای (ژمارە پێنجی لە ساڵی (2015) یاسای (پاراستنی مافی پێکهاتەکان)، لەم یاسایەدا مافی گشت پێکهاتەکان لە هەرێم پارێزراوە وەک پێکهاتە نەتەوەییەکانی (تورکمان، کلدوئاشووری، سریانی و ئەرمەن) و پێکهاتە و کۆمەڵە تائیفی و ئایینییەکانی وەک (کریستیان، ئێزیدی، صابئەی مەندائی، کاکەیی، زەردەشتییەکان)، لە رێکەوتی 9/7/2017 لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیانی ئایینەکان دامەزراوە سەرەڕای بوونی بەڕێوەبەرایەتی پێکهاتەکان کە هەشت ئایین لە خۆ دەگرێت، یاسای ژماری (47)ی ساڵی 1992 تایبەت بە پشووی فەرمی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێم.


سەبارەت بە لایەنی پەرورەدە و خوێندنی باڵا دیندار زێباری وتی: بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و خوێندنی تورکمانی و سریانی لە وەزارەتەکانی رۆشنبیری و لاوان و پەروەردە دامەزراوە بۆ ئەم مەبەستەش خوێندن بە زمانی تورکمانی و سریانی دەخوێندرێت لە دەیان قوتابخانەی هەرێم، هەروەها ده‌ستەیە‌كی تایبه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی دهۆك سه‌رپه‌رشتی خوێندنی ئایینی ئێزیدی ده‌كات و لە ساڵی 1999ەوە تا ئێستا لەو ناوچانەی كە ئێزیدییەكان تێیدا زۆرینەن وانەی ئێزیدیاتی دەخوێندرێت لە قۆناغی یەك تا دوازدەی بنەڕەتی، لەلایەکی دیکەوە قوتابیانی پێکهاتەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم بەبێ جیاوازی وەردەگیرێن، ئەمە جگە لەوە رێگا بە سەدان قوتابی ئاوارە و پەنابەر دراوە کە درێژە بە خوێندن بدەن، هەروەها زانکۆی کاسۆلیکی بە فەرمانی راستەوخۆی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دامەزراوە کە تێیدا قوتابییەکان فەلسەفەی لاهوت دەخوێنن و لە ساڵی 2006ەوە پەیمانگای شەمعون صەفا گواستراوەتە هەولێر و ئێستاش بەردەوامە.


زێباری تیشکی خشتە سەر مافی پێکهاتەکان لە لایەنی رۆشنبیری و کلتوورییەوە و وتی: بە دەیان گروپ و تیپی هونەری و کەلتووری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان دامەزراون و جەژن و بۆنەی پێکهاتەکان بە پشووی فەرمی لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم دادەنرێت و دەیان کتێب تایبەت بە پێکهاتەکان چاپکراون، هەروەها بۆ پاراستنی گیانی پێکەوەژیان لە هەرێم (1800) وتاربێژ رێزیان لێگیراوە، چونكە هانی پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیانیان داوە لە وتارەكانیان لە بەرامبەردا رێگا لە ژمارەیەکی دیکە گیراوە لە پێشکەش کردنی وتاری ئایینی، چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان رەچاوی پرەنسیپەکانی لێبووردن و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە ئایینی و مەزهەبییەکانی هەرێمیان نەکردووە.


سەبارەت بە رزگارکردنی رفێندراوەکانی دەست داعش زێباری وتی: نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆکوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو لیژنەی دامەزراندووە بۆ رزگارکردنی ئێزیدییە رفێندراوەکان و لیژنەی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان، کارەکانی ئەم دوو لیژنەیە بەردەوامە و لەم رووەوە هەزاران رفێندراو ئازادکراون، لەلایەکی دیکەوە بە سەدان دۆسییە ئامادە کراوە بۆ بەجینۆساید ناساندنی کەیسی کۆمەڵکوژی ئیزیدییەکان و بڕیار وایە ژمارەیەک گۆڕ بە هاوکاری لەگەڵ تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ئیتیحادی هەڵ بدرێنەوە.


سەبارەت بە زەوی و زاری کریستیانەکان وتی: کێشەی زەوی و زاری کریستیانەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و ئەو سیاسەتە شۆڤینیەی کە پەیڕەوی دەکرد بۆ تێکدانی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان، سەرەڕای ئەمەش گشت دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی لە هەوڵەکانیاندا بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و لەم رووەوە چەندین هەنگاو نراوە.

زۆرترین بینراو