حكوومەتی ئۆفڵاین داوایی سیستەمی ئۆنڵاین دەكا !!!

د. ئەڤین فەتاح

بۆ لایەنی پەیوەندیدار گەر لە پلان تانە سیستەمی خوێندن بكەنە ئۆنڵاین دەبایە داواتان لە قوتابخانە و پەیمانگە و زانكۆكان كردبایە لۆ ناردنی رێژەی تەواو كردنی خوێندن و مەنهەج یان بۆ ئەوەی بزانن چ بڕیارێك بدرێت لەم بارە نا ئاساییە بە پێی رێژەی تەواوكردنی مەنهەج بڕیار بدەن.
لە راستیدا ئێمە ناتوانین كوردستان بە وڵاتی دەرەوە ببەستینەوە كە سیستەمی تەندروستی و بازرگانی و خوێندن و سیاسی و كۆمەڵایەتیشی هەر خۆی لە خۆیدا ئۆنڵاین بووە، سیستمەكە نوێ نیە لۆیان واتا شتەكە غەریب نیە لۆیان چ بە كلاس بی یان بە ئینتەرنێت واجباتیان حەل دەكەن و امتحاناتی خۆیان دەكەن و مامەڵەیان رایی دەكەن، بگرە چاوپێكەوتنی وەزیر و سەرۆكی زانكۆ و مامۆستایانیان و مەوعیدی دكتۆریان و تەواوی ژینگەكەیان بە ئۆنلاینە. لەبیرتانە ئەو خەبسە و هەرایەی كە پێش كۆرۆنا كردتان بەو قوتابیانەی كە تەقدیمی خوێندنی باڵا (ماستەر و دكتۆرا) یان كرد؟؟ دە باوەربكەن ئەوان تەنها بە پڕكردنەوەی یەك ئەپلیكەیشن فۆرم و چاوپێكەوتنێكی ئۆنلاین كە هەمووی سەعاتێك ناخایێنێ تەواوی دەكەن، بەڵام ئێمە وەزارەتێك چوار مانگ زیاتربوو بەو پرۆسە مشغول بوو، بۆیە چەند بەربەستێك هەیە لە كوردستان كە بەداخەوە دەڵێم رێگرە لە سەرنەكەوتنی ئەم سیستەمە ئەمە مانای ئەوەنیە كە ئۆنڵاین بڤەیە بەڵام رێژەی سەركەوتنی زەعیفە لایەنی نیگەتڤی زۆرە و ئەویش بریتیە لە
١/ ئاستی مامۆستایان لە بەكارهێنانی پرۆگرامە ئۆنلاینەكان: زۆر واقیعانەیە كە ئاستی مامۆستایان باش نینە لە بەكارهێنانیان بۆ نمونە تا ئێستا گروپە زانستیەكانی مامۆستایانی زانكۆ (كە بەرزترین پلەی رۆشنبیرین) گروپەكانیان بە فەیسبووك و ڤایبەرە مناقەشە علمیەكانیان لەوێ ئەنجامدەدەن واتە ئەگەر مامۆستایەكان تا ئێستا تاقەتی ئەوەیان نەبێت ئیمێل سێركولەیشن یان ئاوتلووك گروپ ئیمێل بەكاربێنن لە جیاتی سۆشیال میدیا چ چاوەرێ دەكرێ لە قوتابییە خۆشەویستەكان.
٢/ئاستی قوتابیان لە بەكارهێنانی كۆمپیوتەر: ڕاستیەكەی تا ئێستاش قوتابی وامان هەیە ناتوانێ كۆمپیوتەر بەكاربێنێ ئەگەر پێی بلێی كۆمپیوتەر كوو شەت داون دەبی؟؟؟ رەنگە لە سویچ پلاك بكوژێنێتەوە لۆت ناحەقی ناگرم!
٣/ لایەنی دارایی، هەندێ قوتابی هەیە كەم دەرامەتە توانای كڕینی كۆمپیوتەر یان كارتی ئینتەرنێت یان نیە، بۆیە پێویستە پێش بڕیارەكە محاوەلە بكەن ئینتەرنێت بكەنە فریی بۆ قوتابی و مامۆستایان. وە كار لەسەر سورعەی ئینتەرنێت بكەن چونكە بەداخەوە لەم دەشت و دۆلەی كوردستان تا ئێستاش لە زۆربەی شوێن ئینتەرنێت زۆر لاوازە!!!!!!!!
٤/ ئێمە میللەتێكین زۆر حەزمان لە نوسین و خوێندنەوە نییە واتە حەزمان زیاتر لە قسەكردنە، ببینە چەند جار لۆ ئەحوال پرسینەك لەگەڵ خزم و برادەران ٢٠ دەقیقە بە تەلەفۆن قسەمان كردیە واتا ئەگەر ئۆنڵاین تتبیق بكرێ كە زیاتر خوێندن بە شێوازی نوسین و خوێندنەوەیە؟؟؟؟ ئەوە نابینی رێژەی بەدواداچوونی قوتابیان بۆ محازەرەكان باش بێت، واتا تا چەند گەرەنتی دەدەیە خۆت كە قوتابیەكان دەخوێنن، ئێمە شیعارمان با فێركردن بێت نەك لە كۆل كردنەوەی بابەتەكان، دەبێت ئیش لەسەر بە كەلتوركردنی خوێندنەوە و ریسێرج بكرێت كە ئەمەش پلانی درێژخایەنی دەوێت.
٥/ بۆ لایەنی پەیوەندیدار كەسێك كاتێك داوای كارێك لە كەسێكی تر دەكا كە خۆی بتوانی كارەكە بكات و توانای بەدواداچوونی هەبێت لەسەری. رۆژێك یەك عەریزە نوسی بەردەرگای وەزارەت و فەرمانگەكانی ئەم وڵاتە لابەم ئیدی شەلەل دەبن و مامەڵەكان رایی ناكرێ، كا ئۆنلاینی ئێوە؟!!؟؟؟ حەزدەكەم واقیعانە بیركەنەوە بڕیاربدەن پێش بریارەكانتان بیرێك لەو قوتابخانەی ناو شاخ و گوند و ناحیەكان بكەنەوە ئەوانیش وەك ناوەندی شار تەماشا مەكەن.
٦/ گەر باسی پسپۆرییەكان بكەین ئەوا دەتوانین بلێین ئۆنڵاین زیاتر خزمەت بە بەشەكانی ئەدەبیات و كۆمپیوتەر و هونەری دەكات، بەڵام بۆ بەشە پزیشكی و زانستیەكان ئاسان نابێت چونكە ئەم بەشانە وانەی پراكتیكی یان هەیە كە دەبێت فێرخواز لە نەخۆشخانە و تاقیگەكان ئەنجامی بدەن ناكرێن بە ئۆنڵاین جێیان بگرێتەوە ئەمە ئەستەمە.
٧/ ئۆنڵاین بەشێكە لەرێگاكانی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكان كە یارمەتی قوتابیان دەدات بۆ زیاتر تێگەیشتن لە بابەتە باسكراو ناو كلاس ناتوانێت اعتمادی كاملی بخرێتە سەر وەك تاكە رێگای خوێندن.
٨/ باشترین هەڵبژاردە بۆ حالی ئێستا ئەوەیە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بكرێت و ئەم ساڵی خوێندن بە دەرچوون حیساب بكرێت با خۆمان فێل لەخۆمان نەكەین لۆ شتێك كە رێژەی سەركەوتنی تەنها ٪١٠. ئەو بودجەیە بدەیە تەندروستی و ناوخۆ باشترە لەم كاتەدا لەوەی كە لە شتێك سەرفی بكەی كە قازانجی وا نیە چونكە گەر ئەمرۆ ١٤ كەسی توشبوو هەبێت ئەوا مەترسی یەكەی تا دوو مانگیتر دەبێت لێرە ئەدی داهاتوو وەزعەكە نادیارە.
٩/ گەرنا با بڕیارەكان تدریجی بن قوتابیەكان هەموویان بە ساڵی دەرچوون لۆیان حیساب بكرێت تەنها قۆناغە كۆتایەكان بمێنن بۆ مانگی ٦ و ٧
١٠/لە كۆتایدا دەڵێم حكوومەت زۆر تەندروستانە مامەلًەتان لەگەڵ ئەم بارە نائاساییە كرد هیوادارم پلانێكی سریع بۆ ئەم دوو مانگە دابڕێژن و خوا تەمەن بدا بۆ ساڵی خوێندنی دابێ خۆمان ئامادە بكەین. چۆن ماندونەناسانە تا ئێستا كارتان راپەراندووە، بەڵام ئەمانەی سەرەوەش چەند راستیەكی حاشا هەڵنەگرە كە دەبێت باس بكرێت و بزانرێت.
ئێمەش # پابەند دەبین بە رێنماییە تەندروستیەكان
وڵات ئاودان هەموو لایەك تەندروست باش بن.

زۆرترین بینراو