حكوومەتی عێراق زیاتر لە 24 ملیار دۆلار قەرزداری هەرێمی كوردستانە

حكوومەتی عێراق زیاتر لە 24 ملیار دۆلار قەرزداری هەرێمی كوردستانە

دیدار – ڕائیب شێروانی: شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانی گوتی:" ئەگەر بەغدا یەك هەنگاو بێتە پێشەوە، هەرێمی كوردستان 10 هەنگاو دێتە پێشەوە بۆ چارەكردنی كێشەكان، حكوومەتی عێراق بەس بودجە زیاتر لە 24 ملیار دۆلار قەرزداری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە، هەرێمی كوردستانیش قەرزدارە، ئەگەر هاتوو بەغدا قەرزەكانی كوردستانی دایەوە، بە تەئكید هەرێمی كوردستان ئامادەیە 250 تا 300 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا رادەستی حكوومەتی عێراق بكات.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند:" وەرزی نوێی یاسادانان دەستی پێ كردەوە، پەرلەمانتاران بەردەوام كاری خۆیان دەكەن، هەر لیژنەیەك كاری خۆی دەكات، بودجەی 2020ی عێراق دێتە پەرلەمان، پێش ئەوەش شاندی كوردستان و بەغدا لەسەر نەوت و بودجە كۆدەبنەوە، ئەوە یەكێكە لەو مەلەفانە، ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان، بەتایبەتی فراكسیۆنی پارتی هەوڵدەدەین بودجەی 2020 وەكو بودجەی 2019 بێت، بگرە باشتریش بێت، هەروەها بودجەی پێشمەرگەش بدرێت، حكوومەتی عێراق بەس بودجە زیاتر لە 24 ملیار دۆلار قەرزداری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە، هەرێمی كوردستانیش قەرزدارە، ئەگەر هاتوو بەغدا قەرزەكانی كوردستانی دایەوە، بە تەئكید هەرێمی كوردستان ئامادەیە 250 تا 300 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا رادەستی حكوومەتی عێراق بكات.
شێروان دووبەردانی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" شاندێكی حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات، شاندی بەغدا سەردانی كوردستان دەكات، سەردانی ئەو شاندانە بەردەوام دەبن و بەردەوام گفتوگۆ دەكەن لەسەر هەر سێ مەلەفی ماددەی 140، بودجە و نەوت، ئەگەر بەغدا یەك هەنگاو بێتە پێشەوە، هەرێمی كوردستان ئامادەیە 10 هەنگاو بێتە پێشەوە بۆ چارەكردنی كێشەكان، حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی لە ماوەیەكی كورتدا مەلەفەكان چارە دەكات، بۆ ئەوەی هەر ساڵ ئەو كێشانە دووبارە نەبنەوە.
سەبارەت بەوەی ئایا ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەنە چارەسەر دەبن، دووبەردانی، گوتی:" بە تەئكید كێشەكان هەر چارەسەر دەبن، نابێت ئەو كێشانە هەروا بەردەوام بن لە نێوان هەولێر و بەغدا، هەرێم ئامادەیە كێشەكان چارە بكات، ئەو نەوتەی بەغدا دەیەوێت رادەستی بكات، بەس بەغداش قەرزەكانی هەرێم بداتەوە، بودجە و مووچەی كوردستان رەوانە بكات.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆك بارزانی، سەرۆكی حكوومەت بۆ ئەوە بوو، سەرۆك بارزانی رایگەیاند، دۆخی باشووری عێراق لەرووی خزمەتگوزارییەوە زۆر خراپە و دەبێت ئێوە وەكو فراكسیۆنی پارتی سەردانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بكەن و ببنە نوێنەری ئەوان، چۆن داوای مافەكانی هەرێم دەكەن، بەو شێوەیەش داوای مافەكانی ئەو ناوچانە بكەن، هەروەها ببنە نوێنەری خەڵكی كوردستان و شەڕ لە پێناو بە دەستهێنانی مافی خەڵكی كوردستان بكەن.
دووبەردانی، ئاشكراشی كرد:" هەر لە یەكەم رۆژەوە وەكو فراكسیۆنی پارتی هەوڵمان داوە كە هاوپەیمانی كوردستانی دروست بكەین، بەڵام هەندێك فراكسیۆن ناهێنە پێشەوە، لەگەڵ ئەوەی هەندێك فراكسیۆن ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان لەناو حكوومەتن، كەچی لە بەغدا دژی پارتی كار دەكەن، كوردینی، واتە پارتی، پارتیش واتە كوردینی، فراكسیۆنە عەرەبەكان هەموو چاوەڕوانی پارتی دەكەن بۆ ئەوەی بزانن هەڵوێستی چییە، چونكە پێیانوایە پارتی لەگەڵ هەر شتێكدا نەبێت ئەوە سەر ناگرێت، بەڵام بەداخەوە هەندێك فراكسیۆنی كوردستانی بەس كاریان بۆتە ئەوەیە كە دژایەتی پارتی بكەن، د. بەشیر، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران زۆر هەوڵی داوە كە وەكو یەك فراكسیۆن، وەكو پێشوو یەك هاوپەیمانی بین، بەڵام لەناو هۆڵی پەرلەمان زۆر شت روویداوە دژی كوردستان، بەڵام ئەوان گوێیان پێ نەداوە و دەڵێن ئێمە هاتووین بەس دژایەتی پارتی بكەین و كوردایەتیان بەجێ هێشتووە، ئێمەش تێ ناگەین بۆچی بەس ئەوان دەیانەوێت دژایەتی پارتی بكەن، چونكە هەر شتێك لە بەرژەوەندی كورد و كوردستان بێت پارتی لەگەڵ ئەوەیە، لە كاتی پەسەندكردنی بودجە هەندێك فراكسیۆنی كوردستانی دژی ئەوە بوون كە بودجە بۆ كوردستان دابنرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە خۆ كوردستان هەموو پارتی نییە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەشڵێ:" لە مووسڵ تا بەسرا ئەگەر تەماشا بكەین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەو شوێنانە نەگەیشتووە، لە ساڵی 2003 تا ئێستا لەو ماوەیەدا زیاتر لە هەزار ملیار دۆلار بە گەندەڵی رۆیشتووە، ئەمڕۆ مافیا و میلیشیا عێراقیان كۆنتڕۆڵ كردووە، حەشد دەیەوێت فڕۆكەی هەبێت، ئەوە لە جیهان نەبووە و یەكەمجاریشە میلیشیا هێزی ئاسمانی هەبێت، لە رۆژئاوای مووسڵ وەكو بەعاج جموجۆڵی داعش رۆژ بۆ رۆژ زیاد دەبێت، لای شنگال پەكەكە و حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتووە، لەرووی ئەمنییەوە بارودۆخی ئەو ناوچانە خراپە، حەشد هێزێكە، پەكەكە هێزێكە، پۆلیس و سوپا هێزێكە، رۆژانە شەڕ لە نێوان هێزە عێراقییەكان و چەكدارانی داعش روودەدات، ئەنجوومەنی وەزیرانیش بڕیاری داوە كە ئاوارەكان بە زۆری لە كەمپەكانی باشووری عێراق بگوازرێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوانە زۆربەیان روویان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، رۆژ بۆ رۆژ ئەو خەڵكەی كە گەڕاوەتەوە لەبەر نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری و بارودۆخی ئەمنی دووبارە دەگەڕێنەوە نێو كەمپەكان".

زۆرترین بینراو