حكوومەتی هەرێم دەست بە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەكاتەوە

حكوومەتی هەرێم دەست بە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەكاتەوە

دیدار – ڕائیب شێروانی: محەمەد ئێلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ :" بڕیارە حكوومەتی هەرێم پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە بكات، بەڵام چاوەڕێ دەكات تا پشكی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا یەكلا دەكرێتەوە.دەشلێ:" حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسایەكی بۆ ڕێكخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێم ئامادەكردووە، پەرلەمانتارانیش پڕۆژەكە بەگرنگ دەزانن و چاوەڕێ دەكەن، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەوانەی پەرلەمان بكات، ئامانجی پڕۆژەكەش بۆ بنبڕكردنی فەرمانبەری بندیوارە، هەروەها حكوومەت بە نیازە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە، هەروەها فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان پشتگیری پرۆژە یاسای چاكسازی دەكەن، كە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەنێردرێتە پەرلەمان.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی:" ئێمە وەكو لیژنەی دارایی ئەم هەفتەیە لەگەڵ وەزیری دارایی كۆدەبینەوە، لە كۆبوونەوەكەدا داوا لە حكوومەت دەكەین كە بودجەی 2020 ئامادە بكات، چونكە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نزیكەی 6 ساڵ بوو بودجە ئامادە نەدەكرا، چاوەڕوانی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەكەین، لە ئێستادا حكوومەتی هەرێم چاوەڕێی ئەوە دەكات پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا یەكلا بكاتەوە و دواتر پشكی هەرێم لە بەغدا و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ كۆ دەكاتەوە و لەسەر ئەو بنەمایە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی هەرێم ئامادە دەكرێت، ئێمەش وەكو لیژنەی دارایی و ئابووری داوا لە حكوومەت دەكەین كە پێویستە بودجە ئامادە بكات، هاوكاریش دەبین بۆ ئەوەی بودجەی 2020 لە خزمەت هاووڵاتیاندا بێت، هەروەها دەبێتە هۆكارێك بۆ رێكخستنی كاروباری كارگێری و دارایی هەرێمی كوردستان.
محەمەد ئێلخانی، گوتیشی:" حكوومەتی هەرێم و وەزارەتەكان بەپێی ئەو بودجەی كە دیاری كراوە دەتوانن كاروباری خۆیان رێكبخەن، چونكە ئەو بودجەیە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان دەبێت، بۆ ئەوە دەبێت كە كاروباری كارگێری حكوومەتی هەرێم رێكبخرێت، ئێمەش هەم وەكو لایەنە سیاسییەكان، هەم وەكو ئەندامانی لیژنەی دارایی پاڵپشتی حكوومەت دەبین هەماهەنگی لەگەڵ دەكەین، بۆ ئەوەی بودجەیەكی رێكوپێك ئامادە بكەین بۆ ساڵی 2020، چونكە پاش چەندین ساڵ یەكەمجارە هەرێمی كوردستان بودجە ئامادە دەكات، كابینەی نوێش یەكەم تاقی كردنەوەی دەبێت، لە ئامادەكردنی بودجەدا، ئەگەر سەركەوتوو بێت، هەرێمەكەمان بەرەو گەشانەوەیەكی زیاتر دەڕوات، هەم لەرووی سیستەمی كارگێری هەمیش لەرووی دارایی و ئابوورییەوە.
محەمەد ئێلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" دەرماڵەی فەرمانبەران پەیوەندی بە پرۆژەی چاكسازییەوە هەیە، چونكە ئەمە بە دوو شێوە دەكرێت، هەم حكوومەت دەتوانێت خۆی رێنمایی دەربكات، هەمیش دەتوانێت جێگای لە پرۆژەی چاكسازی بكاتەوە، لە خولی رابردوو لەناو پرۆژەی چاكسازی ماددەیەك هەبوو، لە ئێستادا حكوومەتی هەرێم لیژنەیەكی تەشكیل كردووە بۆ ئامادەكردنی پرۆژەی چاكسازی، پەرلەمانیش لیژنەیەكی دەست نیشانكردووە، واتە لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی كوردستان، پێكەوە دادەنیشن و پرۆژە یاسای چاكسازی ئامادە دەكەن، بابەتی رێكخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەران لەناو پرۆژەی چاكسازی جێگای كراوەتەوە.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوە كردەوە:" لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ لەسەر پرۆژەی چاكسازی دراوە و رەوانەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كراوە، لیژنەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیران پێكهاتووە پێداچوونەوە بە پرۆژەكە دەكرێت، پەرلەمانی كوردستانیش لیژنەیەكی پێكهێناوە ئەو لایەنانەی كە لەناو پەرلەمان هەن، هەموویان لە بەرنامەی هەڵمەتی هەڵبژاردن باسیان لە گرنگی پرۆژەی چاكسازی كردووە و لە ئێستاشدا هەموو فراكسیۆنەكان پاڵپشتی پرۆژەكە دەكەن، لە دوا كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان ئەوانەی لە دەسەڵات و ئەوانەی ئۆپۆزسیۆن، هەموویان تێكڕا پاڵپشتی خۆیان نیشاندا بۆ ئەو پرۆژەیە، ئەو هەنگاوەی كابینەی نوێ بە گرنگیان وەسف كرد، كە پرۆژەی چاكسازی دووبارە رەوانەی پەرلەمان دەكەنەوە و ئامادە دەكەن، بۆیە لە پەرلەمانی كوردستان رادەستی لیژنە پەیوەندیدارەكان دەكرێت و لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بەڵام بە شێوازێكی گشتی هەموو فراكسیۆنەكان، سەرۆكایەی پەرلەمان پاڵپشتی پرۆژەی چاكسازی دەكەن و هەوڵدەدەن بە زووترین كات پرۆژەكە ئامادە بكەن و دەنگ لەسەر بدرێت.
محەمەد ئێلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:" ئەو پرۆژەیە زۆر گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە ئێمە لە ماوەی رابردوو تووشی قەیرانی دارایی بووین، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی كە رووبەرووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، بۆ ئەوەی ئیدارە و كارگێری و سیستەمی دارایی هەرێمی كوردستان رێك بخرێت، بۆ ئەوەی حكوومەت بە شێوازێكی باش خزمەت بە هاووڵاتیانی خۆی بكات، بتوانێت مووچەی فەرمانبەران هەموو مانگێك بە زەمانەتەوە دابەش بكات، هەموو مەبەستەكە ئەوەیە كە چاككردنی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستانە، بتوانرێت، ئەو پرۆژانەی كە حكوومەت دەیەوێت جێبەجێ بكات، هەم فەرمانبەران مانگانە مووچەی خۆیان وەربگرن هاوسەنگیەك هەبێت، بۆیە پرۆژەی چاكسازی گرنگی خۆی هەیە، هەروەها مووچەی خانەنشیان رێك دەخرێت، هەدەفەكەش ئەوە نیە كە مووچەی هیچ كەسێك ببڕدرێت، تەنیا رێكخستنی دابەشكردنی مووچەكانە، هەروەها رێكخستنی ئەو مووچەیە كە دابەش دەكرێت، بۆیە هەدەفی پرۆژەی چاكسازی ئەوە نیە كە مووچەی هیچ كەسێك ببڕدرێت، یان كەسێك لە كارەكەی دووربخرێتەوە، هەموو ئەو كەسانەی كە خانەنشین كراون بەپێی ئەو خزمەتەی كە كردوویانە، بە پێی پلە و پۆستەكانیان بتوانن مووچەی خانەنشینی خۆیان وەربگرن.
سەبارەت بە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران بڕیاردەری لیژنەی دارایی رایگەیاند:" فەرمانبەران مافی خۆیانە كە پلەیان بەرز بكرێتەوە، چونكە بەهۆی قەیرانی دارایی ئەو سیستەمە راگیرا بوو، بەڵام لە هەندێك بواردا پێویستە پەلە نەكرێت تا ئەو كاتەی پرۆژەی چاكسازی پەسەند دەكرێت، چونكە ئەگەر پرۆژەی چاكسازی جێبەجێ كرا و میلاكاتی حكوومەت بە شێوازێكی رێكوپێك دووبارە رێكخرایەوە، ئەو كاتە پلە بەرزكردنەوەكەش بە پێی ئەو سیستەمە نوێیەی كابینەی نوێ دەكرێت و باشتر دەبێت، بۆیە فەرمانبەر مافی خۆیەتی كە پلەی بەرز بكرێتەوە، لە هەموو وڵاتێكیش ئەوە شتێكی زۆر ئاساییە، بەڵام پاش ئەوەی كە پێداچوونەوە دەكرێت بە میلاكاتی وەزارەتەكان، وە پاش ئەوەی كە پرۆژەی چاكسازی جێبەجێ دەكرێت، ئەو كات پلە بەرزكردنەوەكە بەشێوەیەكی یەكسانی دەست پێ دەكات، ئەو كاتە باشتر دەبێت".

زۆرترین بینراو