حكوومەت لە خەمی خەڵكدایە... خەڵكیش پابەند نییە بە رێنماییەكان

حكوومەت لە خەمی خەڵكدایە... خەڵكیش پابەند نییە بە رێنماییەكان

محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی: لەبارەی رێكارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چین و توێژەكانی هەرێم بە گرنگییەوە باس لەو رێنمایانە دەكەن كە حكوومەت دەیان گرێتەبەر.
رۆژگار موحسێن، چالاكوانی ژینگەپارێزییە، دەڵێت:" وەك ئاشكرایە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ڤایرۆسی كۆرۆنا سەری هەڵداوە كە ڤایرۆسێكی كوشندەییە، بەداخەوە كوردستانیشی گرتۆتەوە ئەوەی كە ئێمە دەیبینین حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگا تەندروستییەكان بۆ ڕێگری گرتن و تەشەنە نەكردنی ئەو ڤایرۆسە چەندین ڕێكاری گرتۆتەبەر و چەندین رێنمایی داون بە خەڵك شەونخونی دەكرێت لەلایەن بەرپرسان و كارمەندانی حكوومەتی هەرێمەوە، هیچ كەمتەرخەمیەك نەكراوە دەست خۆشیان لێ دەكەین، بەدڵنیاییەوە دەڵێم هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو شوێنانەی كە باشترین ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان، بەداخەوە هەندێك لە هاووڵاتیان پابەند نابن بە رێنمایەكان و بەهەڕەمەكی دەچنە دەرەوە و پێشێڵی ڕێنماییەكان دەكەن، هیوادارم هەموو تاكێك هەست بە بەرپرسیارەتی بكات و پابەند بێت بۆ پاراستنی تەندروستی خۆی و دەوروبەری تكایە با ئازیزانمان لە دەست نەدەین.
رێباز سەلیم، دانیشتووی قەزای سۆرانە لەسەر هەمان پرس دەڵێت:" ئەگەر چی حكوومەتی هەرێم بە چەند قەیرانێك تێپەڕ دەبێت، بەڵام وەك وڵاتێكی پێشكەوتوو توانی رێكاری باش بگرێتەبەر هەر لە داخستی سنوور لە هاتووچۆكردن و داخستی شوێنە گەشتیارییەكان، ئەمە تەواوی كاییەكانی كۆمەڵگەی گرتۆتەوە تا وای لێهات هاووڵاتیان دڕكیان بەم هەڕەشەیە ترسناكە كرد كە حكوومەت هەڵسا بەدەركردنی رێنەمایی بۆ هاووڵاتیان بۆیە گرینگترین ئەو رێكارانە كە حكوومەت دەری كردوون و هاوكات زۆر نزیكن لە رێنەماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، ئەوانیش قەدەغەكردنی هاتووچۆ لە نێوان پارێزگاكان و بگرە قەزا و ناحیەكانیش تەنها لە حاڵەتی پێویست نەبێت، داخستنی سنوورەكان تەنها حالەتی بازرگانی پێویست نەبێت، داخستی شوێنە گەشتیارییەكان لەسەر گەشتیاران بۆ ماوەیەك، دەركردنی رێنەمایی پێویست وەكو دەست شۆردن و راگرتنی پاك و خاوێنی، راگرتنی بازاڕ، مۆلەكان، بۆیە هەنگاوەكانی حكوومەت زۆر دلسۆزانەن بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتاییە.
ئیبراهیم ئەحمەد بالەكی، رێكارەكانی حكوومەت بەرز دەنرخێنێت و رایگەیاند:" ئەو رێكارە پێشوەختانە و خۆ ئامادەكردن بۆ بەرەنگاربوونەوە و رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەگشتی و وەزارەتی تەندروستی بەتایبەتی زۆر گرنگن، بە تایبەتیش ناردنەوەی قوتابیان بەگشتی لە ناوەندەكانی خوێندن، راگەیاندنی پشوو لەسەرجەم دامودەزگاكانی حكوومەت جگە لە تەندروستی و هێزەكانی ناوخۆ راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی نیشانەی دڵسۆزی و خەمخۆری حكوومەتە بەرامبەر هاووڵاتیانی، پێم وایە رێكارەكانی حكوومەتی هەرێم زۆر باشتر و گرنگترن لە وڵاتێكی وەكو ئێران كە دەولەتە، هەروەها لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وێنەی نیە، بەڵام بەداخەوە زۆرێك لە هاووڵاتیان پابەندی رێنمایەكان و گوێرایەلی حكوومەت نابن لەو بوارەدا، پێموایە ئێستا كاتی ئەوەیە حكوومەت بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆ بە ناچاری و بەكارهێنانی هێز ئەو خەڵكەی پابەندی رێنمایەكان نابن پابەندیان بكەن، چونكە بەڕاستی ئەو جۆرە كەسانە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی گەلەكەمان.
خانمە نوسەر راژان ستوونی، بۆ زاری كرمانجی ئاماژە بەو رێكارە توندوتۆلانەی حكوومەت دەكات و گووتی:" بە گرتنەبەری رێكارە یاسایەكان و رێنمایە تەندروستییەكان كە لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە دەركروان هەر لە سەرەتای دەركەوتنی ڤایروسی كۆرۆنا مایەی دەستخۆشی كردنن، سەرۆكی حكوومەت و كابینەكەی زوو هەستیان بە مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایروسە كوشندەیان كرد، بۆیە لە پێناو رێگریكردن بۆ تەشەنە نەكردن و بڵاونەبوونەوەی ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە لەناو كۆمەڵگەدا حكوومەتی هەرێم قۆناغ بە قۆناغ هەستا بە ئامادەسازیەكی زۆر باش لە ڕووی تەندروستی و كۆمەڵایەتییەوە، لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان كە ئەمەش لە دواجاردا لە بەرژەوەندی گشتیدایە، ڤایروسی كۆرۆنا هەروەك دەزانین لە زیاتر لە سەد وڵات بڵاو بۆتەوە و بۆتە هۆی گیان لە دەستدانی خەڵكێكی زۆر، بەداخەوە هەرێمی كوردستانیش بەدەر نەبووە و نیە لەم نەخۆشیەو دەیان حاڵەتیش تومار كراون، بەهۆی سنووری جوگرافی هەرێمی كوردستان وەك هاوسێی وڵاتی ئێران، كە لەم وڵاتەدا بە لێشاو توشبوو هەن و رێژەی مردنیش لەوێدا لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە، هاتۆچووی هاووڵاتیانی هەرێم و بە پێچەوانەش بۆ ئەم وڵاتە مەترسیەكی زیاتری دروستكردووە، بویە جددیەتی سەرۆكی حكوومەت و كابینەكەی لەم ڕوانگەیەوە مایەی دڵخۆشی خەڵكی كوردستانە، چونكە توانراوە بەهۆی خەمخۆری و دڵسوزی حكوومەتەوە تا ڕادەیەكی باش كۆنترۆڵی ئەم پێشهاتە نەخوازراوە بكرێت كە ڕووبەڕووی هەرێم بۆتەوە.
د. ئەڤین فەتاح، دكتۆرا لە تەندروستی گشتی لە بارەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و خۆپارێزی هاووڵاتیان باس لەو نەخۆشیە دەكات و دەڵێت" نەخۆشی كۆرۆنا نەخۆشییەكی گواستراوەیە كە پێویستە هاووڵاتیانی تێگەیشتن و زانیاری تەواویان هەبێت لەسەر ئەم جۆرە نەخۆشیانە وە بەردەوام رێ و شوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ رێنماییە تەندروستییەكان بۆ پاراستنی خۆمان و خێزانەكانمان، گومان لەوەنیە كە ئەم ڤایرۆسە كوژەیە پێویستە بە هەموو شێوەیەك خۆمان و خێزانەكانمان لێی بپارێزین و نابێت لێی بێ خەمبین، پێویستە لەسەر هاووڵاتیان كە چەند زانیاریەك لەسەر ئەم پەتایە بزانن كە لەلایەن رێكخراوی جیهانی تەندروستی WHO دەرچووە بۆ خۆپاراستن بەرامبەر ئەم پەتایە".
1/ئەم ڤایرۆسە توانای تێپەڕبوونی نیە لەسەر پێستی مرۆڤ، تەنها دەست لە دەم و لووت و چاوتان مەدەن ئەگەری توشبوون لەسەرتان كەم دەبێت.
٢/ ئەم ڤایرۆسە بە ئاوی گەرم و پاككەرەوەكانی ماڵەوە لە ناو دەچێت، وا باشە جلوبەرگ لەبەرتیشكی هەتاو ووشكبكرێتەوە، كە ئەمەش رێگایەكە بۆ لەناوبردنی ئەم ڤایرۆسە.
٣/ بە ئاوی گەرم خۆتان بشۆن و ئاوی گەرم و قاوەی گەرم خواردنەوەی گەرم بخۆنەوە.
٤/ با ماڵەكانتان بە بەردەوامی هەواگۆركێی تێدابكرێت بە كردنەوەی پەنچەرەكانتان هەموو سەرە كاتژمێرێك لە رۆژدا.
٥/ سەردانیكردنی پزیشك ئەگەر هەر نیشانەیەك وەك بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش (تا) لە خۆت و ئەندامانی خێزانەكەت و بەردەوام ئەنجامدانی هەناسە وەرگرتن و دانەوە بۆ ماوەی 10 تا 15 خوولەك بۆ ئەوەی هەر كات كۆكە یان تەنگە نەفەسیتان هەبوو پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بكەن بە زووترین كات.
٦/ بۆ ئەو فەرمانبەرانەی لە دەرەوەی ماڵ كاردەكەن ڕەچاوی مەودای نێوانتان كەمتر نەبێت لەمەتر و نیوێك.
٧/ كاتی پژمین و كۆكە تا پێتان دەكرێت لە كەسانی تر دوور كەونەوە بە هەرشتێك كەبەر دەستان دەكەوێت بەتوندی پێش دەم و لوتی خۆتان بگرن و تا چەند چركەیەك بەری مەدەن تا هەموو دەرهاویشتەكان بگرێتە خۆی و بڵاونەبێتەوە.
٨/ بەهۆی گەورەیی ئەو ڤایرۆسە هەر جۆرە دەمامكێك لەشوێنە گوماناوییەكان دەتوانرێت پارێزەرت بێت ( قوماش، كلینیكس) و جۆرەكانی تری بەمەرجێك دەمامكەكە وشك بێت و پێویستە زوو زوو بگۆڕدرێت.
٩/ دوای شوشتنی دەستەكانتان گەر بۆ شوێنی گوماناوی ناڕۆن پێویستە بەكرێم چەور بكرێت تا بەتێپەر بوونی كات توشی ئەگزیمای پێست نەبن.
ئەو پزیشكە لە كۆتاییشدا باس لە رێكار و رێنمایەكانی حكوومەت دەكات و دەڵێ:" رێنماییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنین كە هەڵسا بە ڕاگرتن و قەدەغەكردنی هاتووچۆی ناو شار كە ئەمەش وا دەكات بەركەوتن كەم ببێتەوە".

زۆرترین بینراو