حەشدی شەعبی دەست بەسەر زەویی پێكهاتەكاندا دەگرێت

حەشدی شەعبی دەست بەسەر زەویی پێكهاتەكاندا دەگرێت

رەمەزان هەرنی – زاری كرمانجی: لە دەشتی مووسڵ حەشدی شەعبی بەردەوامە لەسەر پێشلكارییەكان بەرادەیەك لە زیان گەیاندنی مرۆڤەكان تێر نەبوون و دەست بەسەر موڵكی پێكهاتەكاندا دەگرن كە لە دەشتی مووسڵ دەژین .
سالم شەبەك، نوێنەری كوردانی شەبەك و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند" پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا رۆژانە بەردەوامن و دوای هەموو ئەو نەهامەتییانەی كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەسەر پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا هێناویانە ئەمجارەیان دەست بەسەر زەویی پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا لە كوردی شەبەك و مەسیحی و توركماندا دەگرن و هەر لەسەر ئەو زەوییانە ئێستا كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیان دروست كردووە".
گووتیشی " لەو كردەوەیەشدا كەسێك بە ناوی وەعەد قەدۆ یەكێك لە سەرانی حەشد دەستی تێدایە و ئەوان كار بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكە دەكەن و تەواوی پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا دۆخیان ناجێگیرە و مەسیحییەكان تا ئێستا وەك پێویست نەگەڕاونەتەوە بۆ بەرتەڵە و قەرەقۆش و لە هەرێمی كوردستان ئاوارەن و ئێمەش وەك كوردی شەبەك تا ئێستا 3500 خێزانی شەبەك لە هەرێم ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە هەر بەهۆی ئەو میلیشیایانەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد" میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئێستا لە سنووری دەشتی نەینەوا بۆ هەر بارهەڵگرێك كە بێتە سنوورەكە بڕی 300 دۆلاری وەك سەرانە لێ وەردەگرن و هەروەها ئێستا كە كاتی وەرگرتنی گەنم و جۆی جوتیارانە لە سایلۆكانی دەشتی نەینەوا حەشدی شەعبی لەوانیش بۆ هەر بارهەڵگرێك 1200 دۆلار وەردەگرن وەك سەرانە، بۆیە بەڕاستی پێویستە ئەو پێشێلكاریانەی حەشد لەم ناوچەیە سنووری بۆ دابندرێت هەر هیچ نەبێت لە راگەیاندنەكانەوە باس بكرێت".

 

زۆرترین بینراو