حەوت هەزار و 404 رووفاتی بارزانییەكان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكانی باشووری عێراق ماون

حەوت هەزار و 404 رووفاتی بارزانییەكان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكانی باشووری عێراق ماون

 

رەمەزان هەرنی- بارزان: لە ساڵی 1983 لەسەر دەستی رژێمی بەعس بە چەند قۆناغێك هەشت هەزار تۆخمی نێرینەی بارزانییەكان جینۆسایدكران و تا ئێستاش رووفاتی هەموو جینۆسایدكراوەكان نەگەڕێنراوەتەوە بۆ زێدی و باب و باپیران و تەنها 596 رووفات گەڕێندراونەتەوە و ئەوانی دیكە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی خوارووی عێراق ماون و بە هیچ شێوەیەكیش قەرەبووی كەسوكاری جینۆسایدكراوەكان نەكراوەتەوە.

رێبوار رەمەزان، بەرێوەبەری شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان بە زاری كرمانجی گۆت:" لە كوردستان بە گشتی و لە بارزان بە تایبەتی زۆر ناخۆشی و مەینەتیمان بینیوە، پرۆسەی جینۆساید و كۆمەڵكۆژی جیاوازن، بۆ نموونە جینۆسایدی كوردانی فەیلی و جینۆسایدی بارزانیەكان و ئەنفالی 1988 و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و كۆڕەو چەند كەیسێكی دیكە لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق كە لە ساڵی 2009 دانیشتن لەسەر كرا، بەتایبەت كەیسی بارزانیەكان لە 2009 بۆ 2011ـە 40 دانیشتن لەسەر كران بە جینۆساید لە داگای باڵای تاوانەكانی عێراق ناسێنرا ئەمە قۆناغەكانی یاسایی كەیسی بارزانییەكان بوو.

بەرێوەبەری شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان ئەوەشی گۆت:" پێویست بوو ئەم كەیسە رەوانەی پەرلەمانی عێراق كرابایە، بەداخەوە لە ساڵی 2011 تا ئێستا لە پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر ئەم بریارەیەی دادگا نەكراوە، ئەگەر دوای بڕیاری دادگا پەرلەمانیش دەنگی لەسەر دابا، ئەركی پەرلەمان بوو، وەكو دەزگایەكی یاسایی داوا لە حكوومەتی عێراق بكات بە فەرمی داوای لێبوردن لەكەسوكاری جینۆساید كراوەكان بكات، چونكە حكوومەتی ئێستای عێراق وارسی حكوومەتی پێشوی عێراقە، ئەگەر حكوومەتی رابردوو چەند دكتاتۆریش بێت، ئەم كێشە یاسایانە نەكراون بەهۆی كەمتەر خەمی پەرلەمانتارە كوردەكان و لە فراكسیۆنە كوردەكان و لە دەزگاكانی عێراق بووە یان لە فكری پەرلەمانتارە عەرەبەكان بووە كە نەیان ویستوە ئەم كەیسە بەرەوپێشەوە بچێت ئەمە كێشەیەكی یاسایییە پێویستە چارەسەر بكرێت، لە هەمانكاتدا كەمتەرخەمی لە پارێزەرانی كەیسەكەش دا هەیە كە تا ئێستا بە فەرمی داوای قەرەبوویان نەكردۆتەوە، لەهەر بوارێك بێت گەر تاوان بەرامبەرت كرا پێویستە داوای مافی خۆت بكەی لەو لایەنەی تاوانیان بەرامبەر تۆ ئەنجامداوە، سكاڵامان كردووە و دادگاش كاری خۆی تەواو كردوە.

رەمەزان، زیاتر گووتی:" ئێستا لیژنەی قەرەبووكردنەوە دەڵێت، پێویستە دووبارە خەڵكی بارزان و كوردستان داوای قەرەبوو بكەن، ئەمەش كێشەیەكی یاسایی یە لە دادگاش داوای قەرەبوومان كردووە، بەڵام ئەمە بینانۆیە كە دووبارە داوای كەسوكاری جینۆسایدكراوەكان دەكات كە بچنەوە بەرامبەر دادنووس باسی چیرۆكی جینۆسایدكردنی بارزانیەكان و كەسوكاری خۆی بكاتەوە تا قەرەبوو دەكرێنەوە، حكوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەك تا ئێستا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی كەسوكاری جینۆسایدكراوەكانی بارزانیەكان نەكردۆتەوە كە مافێكی سرووشتی كەسوكاری جینۆسایدكراوەكانە، پێویست بوو پەرلەمانی عێراق بە نوسراوێكی فەرمی لە رێگای سەرۆككۆمار لایەنەكانی تر ئەم كەیسە بە جینۆساید ناساندبا داوای لێبوردن لەكەسوكاری جینۆساید كراوەكانی هەشت بارزانی كرابایە، بە جینۆسایدكرنی بارزانیەكان بەگشتی هەموو شتێكی ئێمەی لەناو برد لە كەرتی كشتووكاڵ و باخداری بەگشتی ژێرخانی ئابووری ئێمەی لەناو برد، بەپێی یاساكانی حكوومەتی عێراق پێویستە كەسوكاری جینۆسایدكراوەكان بە ماددی قەرەبوو بكرێنەوە.

بەرێوەبەری شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان روونیشیكردەوە:" ساڵی 1983 حكوومەتی عێراق تەنها رەگەزی نێر جینۆساید كران، تەنها ئافرەت و منداڵ مانەوە، لەو سەردەمەدا زۆر زیانی تر پێمان گەیشت وەك ئەوانەی دوای جینۆساید مانەوە دابران لە خوێندن و زۆر مافی تری ژیان، لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەندێك ئیمتیازات بۆ كەسوكاری جینۆسایدكراوەكان دانراون لە چوار چێوەی یاسایەكدا كە موچەیەكی مانگانەیان بۆ بڕێتەوە كە قەرەبوونیە لە یاسای خۆیدا مافی خۆیەتی كە پارچە زەویەك و بڕە پارەیەك یان خانوویەك وەرگرن لە سنووری بەرێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی بارزان ژمارەیەكی كەم كەسوكاری جینۆسایدكراوەمان سودمەندبوونە كە ژمارەیان نزیكەی 2500 وارسی كەسوكاری جینۆسایدكراوەكانە لە سنووری هەولێر بەگشتی 25% سوودمەندبوونە و رێژەی تر هەمووی ماوە بەڵام هیوامان بە حكوومەتی كوردستان هەیە كە ئەو بابەتە كاری زیاتر لەسەر بكات و چەكی خانوو دەرچوو لە یادی 36 ساڵەی جینۆسایدكراوەكانی بارازانیەكان چوار یاداشتمان ئاراستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كراون داخوازی كەسوكاری جینۆسایدكراوەكانمان تێدا نوسیووە، بەڵام یاداشتی عێراق جیاواز بوو لە یاداشتی كوردستان كە هەندێك خالی تر ئاماژەمان پێكردووە گەشبینین كە كاری جددی لەسەر بكرێت، ئەو پارچە زەویانەی لە ساڵی 2013 وەرگیراون تاپۆ بكرێن تا سوودی لێ ببینین پێویستە كار لەسەر بكرێت.

رێبوار، ئەوەشی گۆت :" مۆنۆمێنتی جینۆسایدكراوەكانی بارزانیەكان لە ساڵی 2011 بەردی بناغەی بۆ دانرا، بەڵام بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی كوردستان مۆنۆمێنت لە ساڵی 2013 كارەكان بۆ ماوەی سێ ساڵ وەستان، بەڵام لەسەردانێكدا سەرۆك بارزانی بریاری دا كە كاركردن دەبێت بەردەوام بێت تا مۆنۆمێنت تەواو دەبێت، مۆنۆمێنت لەهەر وڵاتێك هێمای قوربانی دانی ئەو وڵاتەیە، مۆنۆمێنت لە قۆناغی تەواو بووندایە تەنیا چەند كارێكی هونەری ماوە ئومێد دەكەین بۆ ساڵی ئایندە باڵەخانەی مۆنۆمێنت تەواو بكرێت، لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی تا شاندەكانی بیانی و قوتابیان و كەسوكاری شەهیدان بەردەوام سەردانی ئەو مۆنۆمێنتەی ئێستا هەیە دەكەن، لەگەڵ تەواو بوونی مۆنۆمێنت بەرێگای كۆمپانیای نێودەوڵەتی رێكخستنی ناو مۆنۆمێت دەكەین".

لە كۆتایی دا رێبوار رەمەزان، بەرێوەبەری شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان ئەوەشی خستەروو:" بە داخەوە تا ئێستا لە سەرجەمی هەشت هەزار بارزانی جینۆسایدكراو تەنها رووفاتی 596 كەس هێناومانەتەوە بۆ زێدی باب و باپیران و لە گۆڕستانی تایبەتی جینۆسایدكراوەكان بەخاك سپێردراون، بە دوو قوناغ ساڵی 2005 ژمارەیان 503 رووفات بوو، لە ساڵی 2014 ژمارەیان 193 رووفات بوون، بەڵام كەم و كوڕی هەیە لە هێنان و دەرهێنانی رووفاتەكان ئێستا 7 هەزارو 404 رووفاتی جینۆسایدكراوەكانی بارزانیەكان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی باشووری عێراق ماون، پێویستە حكوومەتی عێراق ئەمنیەتی ناوچەكە باش دابین بكات، بۆ ئەو كەسانەی گۆڕەكان هەڵدەدەنەوە تەنانەت پێیان خۆش نیە گۆڕەكانیشمان بدەنەوە، ئەگەر هەڵدانەوەی گۆڕەكان لە ژێر چاودێری رێكخراوی نێودەوڵەتی و بالیوزانی بیانی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤدا بێت، ئەوە خۆی بەڵگەیەكە كە تاوانیان بەرامبەر بە بارزانییەكان كردووە".

زۆرترین بینراو