خالیدا خەلیل: لە عێراق كار بەدەستوور ناكرێت مافەكان پێشێل كراون

خالیدا خەلیل: لە عێراق كار بەدەستوور ناكرێت مافەكان پێشێل كراون

رەمەزان هەرنی – بەغدا : ماوەی چەند مانگێكە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستی لە كاركێشاوەتە و عێراق بێ سەرۆك وەزیران ماوەتەوە, چەند رۆژێكە محەمەد عەللاوی راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بەڵام نوێنەرێكی ئێزدییەكان گلەیی لە حكوومەتی عێراق دەكات بەهۆی پێشێلكردنی مافی پێكهاتەكان.
خالیدا خەلیل, ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی زەرد لە پێكهاتەی ئێزدییەكان بە زاری كرمانجی گوت:" دوای راسپێردرانی محەمەد عەللاوی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران, ئاشكرایە هیچ مافێك و رێزێك بۆ پێكهاتەكانی عێراق بەرچاو نەكراوە, متمانەمان بە محەمەد عەللاوی نیە بتوانێت ماف بۆ پێكهاتەكان بگەرێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی هیچ نیاز پاكییەك بەدی ناكرێت بۆ ئەوەی مافی پێكهاتەكان وەك خۆی بدرێت, بە پێی دەستوور پێویستە مافی پێكهاتەكان بەرجەستە بكرێت، بەڵام لە عێراقدا كار بەدەستوور ناكرێت و مافی پێكهاتەكان پێشێل كراوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران، گووتیشی:" وەك نوێنەری ئێزدییەكان و تەواوی پێكهاتەكان متمانەم بە حكوومەتی عێراق نەماوە كە مافی پێكهاتەكان وەك خۆی بەرجەستە بكات، هەر بۆیە هیچ متمانەیەك ئێستا لە نێوان پێكهاتەكانی كوردستان و عێراق نەماوە بەهۆی دابین نەكردن و پێشێلكردنی مافی پێكهاتەكان, لەو بڕوایەداین كە حكوومەتی عێراق تا كار بەدەستوور نەكات ناتوانێت بەرنامەی خۆی جێبەجێبكات بەهۆی ئەوەی هیچ متمانەك نەماوە لە نێوان لایەنەكان و پێكهاتەكان لە عێراقدا.
خالیدا خەلیل, ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی زەرد لە پێكهاتەی ئێزدییەكان ئەوەشی خستەڕوو:" حكوومەتی عێراق ئەگەر دامەزراوەیی بێت یان كاربەرێكەر پێویستە حكوومەتی هەموو پێكهاتە و ئایینەكان بێت، بەڵام لە عێراق بەهیچ شێوەیەك كار بەدەستوور ناكرێت، بۆیە هەمیشە لایەنێك ماف خوراو دەبێت ئەوەی لە ئێستادا لە حكوومەتی عێراق چاوەڕێ دەكرێت مافی پێكهاتەكان بەهیچ شێوەیەك وەك خۆی جێبەجێنەكرێت.
ئەو نوێنەرەی ئێزدییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشكرد:" ئەوەی ئێستا حكوومەتی عێراق بەرامبەر بە پێكهاتەكان دەكات كارێكە لەو پەڕی خراپیدایە و دەبێتە مایەی بێ متمانەیی و ئاڵۆزی زیاتر لە عێراقدا بەهۆی ئەوەی چەندین پێكهاتە لە عێراق هەن بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا، وەك مەسیحی، ئێزدی، شەبەك و پێكهاتەكانی دیكە, ئەم پێشێلكردنەی مافی پێكهاتەكان كارەساتێكی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
خالیدا خەلیل, ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی زەرد لە پێكهاتەی ئێزدییەكان زیاتر دەڵێ:" لە دوای ئەو كارەساتەی لە ساڵی 2014 بەسەر ئێزدییەكان هات لەسەر دەستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش, هەموو جیهان بە دەنگ ئێزدییەكانەوە هات، بەڵام حكوومەتی عێراق هیچ كارێكی بۆ ئەو كارەساتە گەورەیەی نەكرد، بۆیە دەمێكە حكوومەتی عێراق مافی پێكهاتەكان لە عێراق پێشێل دەكات بە بیانۆی جیاواز".

بابەتى پەیوەندیدار دیمانە

زۆرترین بینراو