خانەنشینی وەزیر و پەرلەمانتاران هەڵدەوەشێتەوە

خانەنشینی وەزیر و پەرلەمانتاران هەڵدەوەشێتەوە

دیدار- رائیب شێروانی
یاسای چاكسازیی خرایە واری جێبەجێ كردن، مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران تەئكید لە جێبەجێ كردنی یاساكە دەكاتەوە و دەڵێ:" بۆ هێنانەدی دادپەروەری و پاراستنی مافی مووچەخۆرانی شایستەیە، ئەمە بەشێكە لە چاكسازیی كە خواستی خەڵكی كوردستانە، وەزارەتی دارایی رێنمایی داوە بە هەموو وەزارەتەكان تایبەت بە جێبەجێ كردنی یاساكە.
رێبوار بابكەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" هەنگاوەكانی چاكسازی دڵی زۆر كەسی ناڕەحەت كردووە، بەڵام چاكسازی خواستی هاووڵاتیانە و هاووڵاتیان داوای چاكسازی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، حكوومەتیش بەرپرسیارە لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، مەسروور بارزانی ئیرادەیەكی پۆڵاینی هەیە بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی. دەشڵێ: " خانەنشینی وەزیر و پەرلەمانتاران هەڵدەوەشێتەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی حزبێكی ئۆپۆزسیۆنە و سێ مووچەی پلە باڵا وەردەگرێت، بە جێبەجێ كردنی یاساكە یەك مووچەی بۆ دەمێنێتەوە، بۆیە دژایەتی یاساكە دەكات.
بابكەیی، رایگەیاند:" یاسای چاكسازی كەوتە بواری جێبەجێ كردن، ئەو یاسایە، یاسایەكی گرنگە، لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا دەقی ئەو یاسایە ئاماژەنە بۆ چارەسەركردنی هەندێك كەموكورتی لە بواری دەرماڵە، مووچە، خانەنشین و میلاكات، بەتایبەتی بابەتی خانەنشینی نایاسایی، كە بەهۆكاری سیاسی و كەسی، ئەو كەموكورتیە لەو بوارە دروست بوون، ئەو یاسایە لە هەلومەرج و كاودانی ئێستا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەرووی دارایی رەوشی خراپە، بۆ باشتركردنی رەوشی دارایی لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەش پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە یاسای چاكسازی و پشت بەستن بە داهاتی نەوت، پێویستە كار بۆ ئەوە بكات هەندێك سەرچاوەی دیكەی داهات پەیدا بكات، چونكە رەوشی دارایی لە هەرێمی كوردستان زۆر باش نییە، بەتایبەتی لە بابەتی مووچە، ئەو یاسایە بڕێكی باش پارە بۆ حكوومەت دەگەڕێنێتەوە، حكوومەتی هەرێم بەو بڕە پارەیە دەتوانێت لەگەڵ سەرچاوەكانی دیكەی دارایی، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێك بكەوێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە كە بە تەنیا بە جێبەجێ كردنی ئەو یاسایە حكوومەت دەتوانێت مووچە دابین بكات، بەڵام ئەو یاسایە سەرچاوەیەكە بۆ باشتركردنی رەوشی دارایی لە هەرێمی كوردستان.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی روونیشیكردەوە :" یاسای چاكسازی لە بەرژەوەندی گشتی دایە، لە بەرژەوەندی ئەو خەڵكەدایە كە باسی ئەوە دەكەن پێویستە دادپەروەری بگەڕێتەوە بەتایبەتی لە نێوان مووچەی پلە باڵاكان و مووچەی كەم و ئەو دادپەروەرییەی لە بواری دەرماڵە هەبوو، بەتایبەتی لە بابەتی خانەنشینی ناڕەوا، چونكە هەندێك كەس بە وەكیل وەزیر، یان وەزیر دابمەزرێن و بەیانی خانەنشین بن، ئەوە گەندەڵی تێدا بوو، هەر لەبەر ئەوە ئەو یاسایە دادپەروەری كۆمەڵایەتی دەگەڕێنێتەوە، هەروەها خاڵێكی دیكە یەكەی دارایی وەزارەتی پێشمەرگە، یەكەی 70 و 80ی هێزی پێشمەرگە، ئەو یەكانە بە گوێرەی ئەو یاسایە یەكەی دارایی ئەو یەكانە دەبنە یەك و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەبن، بە جێبەجێ كردنی یاساكە میلاكاتی یەكەی 70 و 80 دیار دەبن، ئەوەی دیكە مووچەی راستەقینە چەندە، ئەوەی دیكە ئەو خەڵكەی بە ناوی پێشمەرگە مووچە وەردەگرێت كەس نازانێت مووچەكانی ئەوان بۆ كێ دەچێت، ئەو یاسایە ئەو كێشەیە چارەسەر دەكات.
رێبوار بابكەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی جەختی لەوەشكردەوە :" رێگری لەبەردەم یاسای چاكسازی هەیە، لە رابردوودا هەوڵێكی زۆر هەبوو، بەتایبەتی گرووپێكی سیاسی لەناو لایەنێكی سیاسی، كە بەداخەوە هەندێك پەرلەمانتارانی ئەوانیش بە بیانۆی جیا جیا هەوڵی ئەوەیان دەدا كە رێگری و كێشە دروست بكەن لەبەردەم یاساكە، بۆ ئەوەی نەچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بەڵام ئیرادەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران سەركەوت، سەرۆكی حكوومەت دەیەوێت دادپەروەری بگەڕێنێتەوە، كە ئەوەش ئیرادەی گەلە، چونكە گەل داوا دەكات چاكسازی بكرێت، بۆیە ئەوە داخوازی گەلە، لەبەر ئەوە داخوازی گەلە كە مەسروور بارزانی گوزارشت لێ دەكات سەركەوت بەسەر ئیرادەی گرووپێكی سیاسی، یان چەند حزب و لایەن و چەند خەڵكێك كە بەرژەوەندی كەسی دەكەوتە مەترسی، ئێستاش پەرلەمانتار هەیە، بەتایبەتی لە خولی رابردوو وەزیر بوو، لە خولی پێشتر لیوا بوو و ئێستا پەرلەمانتارە و سەرۆكی فراكسیۆنی حزبێكی ئۆپۆزسیۆنە و سێ مووچەی پلە باڵا وەردەگرێت، خەڵكی دیكەش هەن، ئەوانەی بندیوار لە حزبەكانی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆندا هەن، یاسای چاكسازی چارەسەری ئەوانە دەكات، چونكە لە دنیا نەبووە كەسێك فەرمانبەری حكوومەت بێت و دوو بۆ سێ مووچە وەربگرێت، ئەوە هەموو دەبنە یەك مووچە، یاسای چاكسازی یەكێك لە گرنگترین خاڵەكانی ئەوەیە كە ساڵی 1992 تا خولی چوارەم سوپایەك لە پەرلەمانتار و وەزیرەكان لەو كاتەوە تا ئێستا خانەنشین بوونە بە مووچەی شەش ملیۆن و 200 هەزار دینار، ئەو یاسایە ئەو مووچە زەبەلاحەی ئەوان ناهێڵێت، خانەنشینی ئەوان هەڵدەوەشێتەوە، یاسای چاكسازی بۆ خانەنشینی پەرلەمانتاران چەند مەرجی هەیە، هەر پەرلەمانتارێك خانەنشین بێت، پێویستە تەمەنی 45 ساڵ بێت، 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، شاهدەش رۆڵی خۆی دەبینێت، بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان لە پاش ساڵی 1992 تا ئێستا سیستەمی خانەنشین بەو شێوەیە بووە و هەر كەسێك چوار ساڵ چ وەزیر بێت، چ پەرلەمانتار، پاش چوار ساڵ بە مووچەیەكی باش خانەنشین دەبوو، لێرە بەدواوە ئەوە نامێنێت، ئەوانەی پێشووش هەڵدەوەشێنەوە و بە گوێرەی یاسای چاكسازی خانەنشین دەكرێن و مووچەی ئەوانیش بە گوێرەی ئەو یاسایە دیاری دەكرێن، بۆیە مووچەخۆران سوودمەندی سەرەكی دەبن لە چاكسازی، داهاتێكی باش دەگەڕێتەوە بۆ حكوومەت و دادپەروەری كۆمەڵایەتی دەهێنێتە دی و ماف دەگەڕێتەوە بۆ خاوەن ماف".

زۆرترین بینراو