خـۆت بە هیـچ کەس بـەراوورد مـەکە

ئەردەڵان لەتیف

 

لـە ژیان بەگشتی و لەو کۆمەڵگایەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی چڕە و خێزانەکان گەورەترن بەتایبەتی، مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئامانج و پێداویستیەکانی دەکەوێتە هەڵپە و بێ پلانی. ئیدی ئۆقرەی لێدەبڕێ و توشی دڵەڕاوکێ و شڵەژانی دەروونی دێ کە زۆرجار خۆشی هەست ناکات و دەکەوێتە خۆ بەراوورد کردن بە ئەوانیتر.

خۆ بەراوورد کردن بەهەموو شێوەێک و لەگەڵ هەر کەسبێ کارێکی دروست و ئەقڵانی نیە. چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی تاک گومان لە تواناکانی خۆی بکات و متمانە بەخۆ بوونی لاوازەبێ، ئیتر وردە وردە لە ئامانجەکانیی دوور دەکەوێتەوە و بەرنامە و ڕێگای کارکردنی ژیانی ڕۆژانەی شێلو دەبێت.

پێویستە و گرنگە بزانین کە هەر یەک لە ئێمە تاقانەیە لەو ژیانەدا، وەهیچ کەسێک هاوشێوەمان نیە لەڕووی جەستەی و دەروونی و هتـد.. تەنانەت دووانەکانیش جیاوازن.

سەیری سروشت بکە، گوڵەکان هەر ڕەنگ و بۆنیان جیاواز نیە. بەڵکو ورەزی پێگەیشتن و تەنانەت کاتی گەشانەوەشیان جیاوازە، نابێ زستانی خۆمان بە بەهاری کەس بەراوورد بکەین و بەپێچەوانەشەوە زستانی خۆت بە بەهاری ئەویتر بەراوورد مەکە.

دەڵێن جارێکیان سـەگ لە لە فیلی پرسی: ئەرێ ئێمە لە یەک کاتدا ئاووس بووین بەڵام ئێستا من کۆمەڵێک فەرخەم هەن و تۆ هێشتا هیچ، ئەزانی چەند جارێکیتریش زایندە بووم! هەر بەڕاست تۆ دڵنیای کە ئاووسی؟
فیلەک لە وەڵامدا وتی؛ شتێک هەیە پێویستە بیزانی، من ئاووسم بە فەرخە فیلێک نەک چەند فەرخە سەگ..
ئێمەی فیل بە دوو ساڵ جارێک دەزێین، بەڵام کاتێک فەرخە فیل پێی لەسەر خاک دادەنێ، زەوی هەستی پێدەکات، کاتێک بەڕێگادا دەڕوا مرۆڤەکان دەوەستن، سەیری دەکەن و دەڵێن ئەو گیاندارە بۆ ئەوەندە گەورە و بەهێزە؟.

بە پوختی؛ هەر یەکەمان ئەبێ بزانێ کە هیچ کەسمان لە ئەوەی دیکە ناچێ، تواناکانیشمان بە هەمان شێوە.
ئەو شتەی بە هۆکاری بەختەوەری منی دەزانی، ڕەنگە پێی بەختەوەر نەبم. بەڵکو بەختەوەری خۆم لەو شتە دەبینم کە تۆ خاوەنداریەتی دەکەی، لە کاتێکدا تۆش هەستەکەی خاوەنی هیچ نی!

هەرگیز متمانە بە خۆ بوون لە دەست مەدە بە هۆی خۆ بەراوورد کردنەوە، ئیرەییش بە هیچ کەسێک مەبە کە چۆن ئەو زوو گەیشتە دروێنەی خەرمانەکەی و تۆش هێشتا لە چاوەڕوانیدای. ڕەنگە ئەو گەوارە هەورەی بەیانی باخەکەی تۆ ئاو بدا و خەرمانی ئەویش بە خەسار..

 

زۆرترین بینراو