خوڵقاندنى ئومێد، له‌ لوتكه‌ى ڕه‌شبينى و نا ئومێديدا

لوقمان مه‌غديد

لە لوتکەی نائومێدیدا، ئومێدێ بخوڵقێنە و چاوەڕێی دەرفەت و بارودۆخ مەکە، ڕەنگبێ گرفتەکان تاڕادەیەک پلانەکان سەرو بۆر پێبکەن ودوای بخەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن هێزو ئیرادەت بوەستێنن و ببنە فاکتەرو لەمپەر لەهەمبەر هێنانەدی خەون و خولیا و ئامانجەکانت.

بەهەڵە داچویت ئەگەر بڕوات وابێت کە هێشتا زوەو بارودۆخ ڕێگرە لەبەردەم هێنانەدی خەونەکانت، یان پێتوابێ تا هەموو شتێک فەراهەم نەکرێت ناتوانیت دەست پێ بکەیت، بەڵکو ئەبێت لە لوتکەی نائومێدیدا ئومێد دروست بکەین و شکست بکەینە هۆکارێک بۆ سەرکەوتنەکانمان، هەروەک ئیدوارد سایمۆن ئەڵێت: (جیاوازی نێوان سەرکەوتن وشکست، کردنی ئەوشتەیە کە تاڕادەیک ڕاستە، لەگەڵ کردنی ئەوشتەی کە بەتەواوی ڕاستە).

واتە خۆی لەخۆیدا شکستیش هەر سەرکەوتنە، بەجۆرێک کە لە شکستەکانەوە ڕێگای سەرکەوتن دەدۆزینەوە، هەروەک مارڤا کۆلنز دەڵێت: (سەرکەوتن بەرەو ڕوی تۆ نایەت، بەڵکو ئەبێت تۆ بەرەو سەرکەوتن بڕۆیت). ئەمە لاوازی مرۆڤەکانە کە توانا و قودرەتی خۆیان بوەستێنن، تا کاتی خۆی دێت، کە ڕەنگبێ ئەمەش هیچ کات ڕونەدات.

گابرێل گارسیا مارکیز زۆر بەجوانی باسی ئەوە ئەکات و دەڵێت: (جیهان وەکوو شەوێکی تاریک وایە، هەرکەسەو ئەبێ بەدوای چرای خۆیدا بگەڕێت)، ئەگەر لەم دێرەی مارکیز وردببینەوە، جوان بۆمان ڕون ئەبێتەوە، کە هیچ کەسێک و هیچ دۆخێک، ناتوانن ڕێگای سەرکەوتنمان بن، بەڵکو ئەبێت خۆمان، سەرەتای ڕێگاو کۆتاییەکەشی بین، بۆ ئەم مەبەستەش ئەبێ مەحال وەلابنرێ و ئەبێ تێبگەین تەنیا (مەحال، مەحالە)، هەرلەبەر ئەمەشە هەموو کتێبەکانی ئیبراهیم فەقێ سەروژێر پێبکەین بکەین، وشەی مەحالی تێدا بەدی ناکەین.

له‌م ڕوه‌وه‌، عەرەبەکان جوان فەرموویانە: (مەرج نیە کەوتنی باران مانای کۆتایی پێهاتن بێت، بەڵکو جوانترین سەرەتایە، لەبەردەم دەسپێکێکی تازە)، هەر بۆیەشە هەموو لاپەڕەکانی مێژوو بخەینە سەریەک، ژیان وسەرگوزەشتەی هەرچی پەيامبەرو زاناو داناو و داهێنەرانی کایە جیاوازەکان، بخوێنینەوە، لەناڕەحەتی و چەرمەسەری و دەربەدەری و مالوێرانی زیاتر، هیچی تر بەدی ناکەین، بەڵام لەکۆتاییدا چۆکیان دانەناوەو لەگەیشتن بەئامانجەکانیشیان بێ مراد نەبون و کەم تا زۆر گەیشتون بەوەی کەڕۆژانێک خەونیان پێوە ئەبینی و هێشتا دەستیان پێ نەکردبوو، وەهیچ کاتێکیش چاوەڕێی بارودۆخ ودەرفەتیان نەکردوە، بۆیە لەکۆتاییدا منیش  دەلێم: ئەبێت هەمیشە بڕوامان وابێت کە لەلوتکەی نائومێدیدا ئومێد بخولقێنین و شکست بکەینە هۆکارێک بۆ سەرکەوتنەکانمان.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو