خوێندنی ئەلیكترۆنی بەدیلێكی ناچارییە

خوێندنی ئەلیكترۆنی بەدیلێكی ناچارییە

بۆقسەكردن لەسەر چۆنیەتی دەستپێكردنەوەی ساڵی تازەی خوێندن و پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستیەكان و خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین، هەرجارەو لەگەڵ كەسانی شارەزاو و مامۆستایان گفتوگۆ لەم بارەیەوە دەكەین، بۆئەمجارە مامۆستا ئارام ئیسماعیل، بەڕێوەبەری قوتابخانەی بناری هەڵگوردی بنەڕەتی لەشاری سۆران، وەڵامی پرسیارەكانی لاپەرەی پەروەردەی هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەداتەوە.
: محەممەد مەحموود- زاری كرمانجی - سۆران
لەسەرەتای گفتوگۆكەماندا مامۆستا ئارام قسەی لەسەر ئەو بڕیارانەی وەزارەتی پەروەردەكرد كە رایگەیاندوە لەسەرەتای دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن تەنها پۆلی 12 ئامادەیی بچنەوە پۆل بۆخوێندن دواتریش قوتابییانی پۆلەكانی یەكەم و دووەم لەسەر ئەو بڕیارە ئەو بەڕێوەبەرە گووتی" وێڕای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە 2 بڕیاری داوە، بۆ قۆناغی یەكەم تەنها قوتابییانی پۆلی یەكەم و دووەمی بنەڕەتی و 12 ئامادەیی بچنەوە نێو هۆڵەكانی خوێندن، بەڵام پێم وایە ئەمە چارەسەری بارودۆخەكە ناكات، رەنگە بارودۆخەكە خراپتریش بێت لەوەی ئێستا، بەڵام بۆ سەرەتای دەستپێكردنی دەوامی گشتی، رەنگە شتێكی باشتر بێت.
لەسەر خوێندنی ئەلیكترۆنی مامۆستا ئارام دەڵێت" خوێندنی ئەلیكترۆنی بەدیلێكی ناچارییە، پێویستە ئەو خوێندنە ئارەزوو مەندانە بێت نەك ناچاری، چونكە باش دەزانین هەموو خێزانەكان ناتوانن ئامێری زیرەك بۆ منداڵەكانیان دابین بكەن. لەلایەكی تریش زۆرێك لە شوێنە دوورە دەستەكان گرفتی هێڵەكانی ئەنتەرنێت و مۆبایلیان هەیە، ڕەنگە لەو كاتەدا بێبەش بن لەو خوێندنە. گەر خوێندنی ئەلیكترۆنی ئارەزوو مەندانە بێت رەنگە بەشێكی ئەو قوتابییانەی كە دەتوانن ئەم خوێندنە بەكاربهێنن سوودمەند بن لێی. لەلایەكی تر پێم باشە وەزارەتی پەروەردە زیاتر گرنگی بە ئەپی هەورە فێرگە بدات، چونكە كاریگەری زیاترە و زۆر گونجاوترە لە خوێندنی ئەلیكترۆنی.
لەسەر جێ‌ بەجێ‌ كردنی رێنماییە تەندروستیەكان دووری نێوان قوتابییان لەپۆل، ئارام ئیسماعیل دەڵێت"پێم وا نییە دووری نێوان قوتابییان بە تەواوی جێبەجێ بكرێت، واقعی نێو قوتابخانە جیاوازە لەو واقعەی كە ئەو جۆرە بڕیارانەی تێدا دەدرێت، چونكە گەر لە پۆلیش ئەوە جێبەجێ كرا، ئەی لەكاتی پشوودان و نێو گۆڕەپانەكان و هاتن و چوونی قوتابییان چۆن جێبەجێ دەكرێت؟ كەواتە ئەم جۆرە بڕیارانە جێبەجێ كردنیان زۆر زەحمەتە.
دەربارەی ژمارەی قوتابییان و مامۆستایانی قوتابخانەكەیان، مامۆستا ئارام گووتی" لە قوتابخانەكەمان 360 قوتابی هەیە لە گەڵ 35 مامۆستا و فەرمانبەر، كۆنترۆڵ كردنی ئەو هەموو كەسە و جێبەجێ كردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان زۆر زەحمەتە و ناتوانی ئەو هەموو بارگرانی و جەنجاڵیەی نێو قوتابخانەكان كۆنتروڵ بكەی.
ئەو بەڕێوەبەرە لە كۆتایی ئەم گفتو گۆیەدا گووتی " گیانی تاكەكانی كۆمەڵگە، زۆر لەوە بەنرخترە پەلە بكەین لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، بۆیە پێم باشە دەرگاكان بە داخراوی بمێننەوە تاكو باشترن بوونی بارودۆخەكە، چونكە بە كردنەوەی قوتابخانەكان بارودۆخەكە بە یەكجاری لەدەست دەردەچێت و كارەساتی مرۆیی دەخوڵقێت.

بیروڕا

زۆرترین بینراو