دابەشكردنی 100 هەزار دینار بەسەر 49 هەزار خێزانی پارێزگای هەولێر دەستی پێ كرد

دابەشكردنی 100 هەزار دینار بەسەر 49 هەزار خێزانی پارێزگای هەولێر دەستی پێ كرد

زاری كرمانجی - یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر ڕایگەیاند، پێدانی هاوكاری سێیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەسەر خێزانە كەمدەرامەتەكانی سنووری پارێزگای هەولێر دەستی پێ كرد.

بەڕێوەبەری گشتی گوتی، هاوكارییەكە بڕی ۱۰۰ هەزار دینارە بۆ هەر خێزانێك و ٤۹ هەزار خێزان لە سنووری پارێزگای هەولێر لێی سوودمەند دەبن. ئەم هاوكارییە لە چوارچێوەی هاوكاری گشتی حكوومەتە بەسەر ۱٤۰ هەزار خێزان لە هەرێمی كوردستان.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە بانكەكان دروست نەبێت هاوكارییەكە لە 24 بانك دابەش دەكرێت و ڕۆژانە بەشێك لە خێزانەكان بە كورتەنامە ئاگادار دەكرێنەوە.

ڕوونی كردەوە، لە كاتی سەردان بۆ بانكەكان دەبێت ڕەچاوی رێنماییە تەندروستییەكان بكرێت و ئەو كەسەی پارەكەی پێ دەدرێت دەبێت ناوی تۆمار كرابێت و ناسنامەی فەرمی پێ بێت.

باسی لەوەش كرد، ئەم هاوكارییە بەو خێزانانە دەدرێت كە داهاتی مانگانەیان كەمتر بێت لە ٤۰۰ هەزار دینار و لە وانە: منداڵانی بی سەرپەرشت، ئافرەتانی بێوەژن، كەمئەندامان، بێكاران، كرێكاران و كرێچیان یان ئەو خێزانانەی سەرۆك خێزانەكەیان بەهەر هۆكارێك لە زیندان بێت.

پێویستە بگوترێت لە ماوەی ساڵی 2020 ئەوە سێیەمین هاوكاری بەرفراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكان.

زۆرترین بینراو