دابەش كردنی چەك بە ناوی خۆپارێزی لە داعش دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات

دابەش كردنی چەك بە ناوی خۆپارێزی لە داعش دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات

ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22 پارتی دیموكراتی كوردستان لە گەرمیان، لەگەڵ زاری كرمانجی باسی لە دۆخی هاووڵاتییان و نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و زیاد بوونی جموجۆلەكانی داعش دەكات و تیشك دەخاتە سەر مەترسییەكانی دابەشكردنی چەك بەسەر عەرەبەكانی ناوچكە.
*جموجۆلی داعش لەم شوێنە بەرفرەوان بووە؟
‎- داعش ماوەیەكە بەدرێژایی سنوورەكانی ناوچە جێناكۆكەكان بە تایبەت لە سنووری گەرمیان تا دەگاتە كەركووك جموجۆلی زیادی كردووە و كوشتن و رفاندن و پەلاماردانی هێزە عێراقییەكان لەلایەن داعشەوە خەریكە دەبێتە دیاردەیەكی رۆژانە و لەو شوێنانەشی توانای پەلاماری هێزی پێشمەرگەیان هەیە چەند جارێ پەلاماری پێشمەرگەیان داوە و شەهید و برینداری لێكەوتۆتەوە. بێگومان داعش بۆ خۆ رێكخستنەوەو ئەنجامدانی كردەی سەربازی سوودیان لە بۆشای سەربازی حكومەتی عێراق و هەڵكەوتەی جوگرافی ناوچەكە وەرگرتووە.

" هەماهەنگی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە وەك پێوست نییە"
* پەیوەندی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە چۆنە لەئێستادا بۆ رووبەڕوو بوونەوەی چەكدارانی داعش لە ناوچەكە؟
‎- دەكرێ بڵێن هەماهەنگی نێوان سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە وەك پێوست نییە, راستە پەیوەندی هەیە، بەڵام پەیوەندییەكان نەگەیشتۆتە ئاستی هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ لێدانی تیرۆرستانی داعش كە زۆرجار تیرۆرستان سوود وەردەگرن ‌ لەو بۆشاییەی دەكەوێتە نێوان هێزی پیشمەرگە و هێزەكانی عێراق لە وێشەوە پەلاماری هەردوو لا دەدەن, بەگشتی عێراق ناتوانێ بەبێ گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە ئاسایش و سەقامگیری دابین بكات.

"ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەر گوندە كوردەكان جێگەی گومانە"
‎* ئەو زیانانەی كە داعش دەگەیەنێت بە ناوچەكە زیانی خەڵكی سڤیلە یاخود زیانی سەربازییە؟
‎- پەلامارەكانی داعش بۆ سەر هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە و خەڵكی سڤیلیشە، بەڵام ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەر گوندە كوردەكان جێگەی گومانە و تا ئێستا ڕوون نییە بە تەواوی ئایا داعشە یا دەستێكی شۆڤێنییە, بۆ دەرپەڕاندنی كورد لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان و تەعریب كردنەوەی ناوچەكە، لە هەر دوو حاڵەتدا داعش بێت یا گروپی چەكداری تر بێت، مەرامی سیاسی و شۆڤێنی لە پشتە و دەیانەویت گوندە كوردەكان چۆڵ بكرێن، بۆ ئەوەی ئاسانتر گوشار بخەنە سەر كورد لە شارەكان.

"چەكداركردنی هۆزە عەرەبەكان بارودۆخی ناوچەكە ئاڵۆزتر دەكات"
* چەكدار كردنی خەڵكی عەرەب لەلایەن سوپای عێراقەوە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی داعش چۆن هەڵ دەسەنگێنن ئایە بە كارێكی ڕەوای دەزانن؟
‎- چەكداركردنی هۆزە عەرەبەكان بەناوی خۆپارێزی بارودۆخی ناوچەكە ئاڵۆزتر دەكات، بەتایبەت لە ناوچەكانی مادەی 140 كارێكی زۆر ناڕەوایە, چونكە لەو ناوچەیە كورد زوڵم و ستەمی لێ دەكرد نەك عەرەب، بۆیە ئەمەش بەشێكە لەو جیاوازییە نەتەویی و تایفییەی حكومەتی عێراق دەیكات لە نێوان پێكهاتەكان, لەو بڕوایە دام ئەنجامی باشی نابێت بۆ ئایندەی پێكەوە ژیانی پێكهاتەكانی سنوورەكە و مەترسییە لەسەر بەردەوامیدان بە پرۆسەی بە عەرەب كردن.

" ئەم ناوچەیە بێ هاوبەشی كورد هەرگیز سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت"
* نەگەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان تا چەندن كاریگەری هەیە لەسەر زیادبوونی تەشەنەكردنی چەكدارانی داعشە؟
‎- ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردە و بەشێكی دانەبراوی خاكی كوردستانە لەرووی میژوویی, جوگرافی, كۆمەڵایەتییەوە بەبێ هاوبەشی كورد و پێشمەرگە هەرگیز سەقامگیری و ئارامی بەخۆوە نابینێت، بۆیە ئەگەر عێراق بیەوێت ئاسایشی ئەو ناوچەیە دەستەبەر بكات، دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بكات و پێشمەرگە بگەرێتەوە سنگەرەكانی پێش خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر .

 

زۆرترین بینراو