دوای نسكوی شۆڕەش هەموومان بێ ماڵ و لانە ماینەوە

دوای نسكوی شۆڕەش هەموومان بێ ماڵ و لانە ماینەوە

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ- چۆمان:
لەم ژمارەی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا دەگەرێینەوە بۆ چەند سەرگوزەشتە و بیرەوەریەكانی پێشمەرگەی شۆڕەشی ئەیلول و گۆڵان ( خدر ئەحمەد خدر).
خدر ئەحمەد خدر، لە هاوینی ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی داروسەلام لە دایك بووە، لەبەر نەبوونی قوتابخانە ناچاربووە لە رێگەەی چەند خزمێكەوە خۆی فێرە خوێندن و خوێندنەوە بكات، دواتر دەست دەكات بە خوێندنەوەی پەرتوكە ئایینیەكان.
خدر ئەحمەد لە سەرەتای تەمەنی لاوی خۆیدا دەست دەداتە چەكی شەڕەف، وەك خۆی دەڵێت: لە ساڵی ١٩٦٨ پەیوەندیم بە رێزەكانی شۆڕەشەوە كرد لە چیای گۆڕەز، لە لقی عەلی كۆیی وەك پێشمەرگە دەستم دایە چەك و بە رۆح و گیان ئامادەبووم بۆ بەرگریكردن لە خاكی كوردستان، ئەو كات جگە لە كوردایەتی هیچیترمان لە لاوە گرنگ نەبوو.
سەبارەت بە هێرشی بەعس بۆ سەر چیای گۆڕەز ئەحمەد خدر دەگێرێتەوە و دەڵێت: هێرشێكی فراوانی بەعس دەستی پێكرد، لە هەموو لایێكەوە هێرشیان كردە سەرمان، بەڵام ئێمەش زۆر بە تۆندی وەڵامان دانەوە، لەو شەڕەدا ١١ پێشمەرگە برینداربوون، منیش یەكێك بووم لەو پێشمەرگانە.
ئەگەر چی دكتۆری شۆڕەش لەوێ هەبوو، بەڵام لەبەر سەختی برینەكەم گوزارامەوە بۆ گوندی ناوپردان لە دەڤەری باڵەكایەتی.
سەبارەت بە نسكوی شۆڕەشی ئەیلول مام خدر دەڵێت: تاكە هیوا و چرای گەلی كوردستان شۆڕەشی ئەیلول بوو، بەڵام كاتێك دوژمن هەوڵیدا ئەو چرایەمان لێ بكات بە تاریكی بە راستی كارەساتێكی گەورە بوو، دوای نسكوی شۆڕەش هەموومان بێ ماڵ و لانە ماینەوە، خەم و پەژارە هەموومانی دەگرت، بەڵام ئەوەی لە نسكو ناخۆشتر، دابەشبوونی سەركردایەتی كورد بوو بۆ دوو جەمسەر، بە راستی بۆ ئێمەی پێشمەرگە كارەساتێك بوو، چونكە نەمان دەزانی لە كام لاوە بەردەوامی بە خەباتی خۆمان بدەین، بەڵام دواجار بڕیاری خۆم دا. چوومە شار و دەرمان و پێداویسیتیم بۆ پێشمەرگەكان دەنارد، بریندارەكانم لە لای خۆ دەشاردەوە. جارێكیان لە هێزێكی زۆری بەعس هات بۆ رواندز، شەڕ دروست بوو لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەكاندا، دوو پێشمەرگەی بریندارم دیت و خێرا چوومە لایان و هەردووكیانم خستە ناو تانكێك كەوا بۆ زبل و خاشاك دایاننابوون، تەنكیەكەم داپۆشی بۆ ئەوەی ئەو دوو پێشمەرگەیە نەبینن، ئەگەرچی چەند چەند چەكدارێكی عێراقی هاتن بەلامەوە بەڵام خۆم مشەوش نەكرد و هیچیان دەستنەكەوت، دواتر ئەو پێشمەرگانەم گواستەوە بۆ لای خۆم
دواتر لەلایان چەند كەسێكەوە ئاگاداركرامەوە لەوەی لەوانەیە هێزە عێراقیەكان بێنە سەر ماڵەكەم، بۆیە بیرم كردەوە چۆن خۆم لە رواندوز دەربازبكەم، لەناكاو هێزێكی زۆری سەربازی هاتنەسەرم و پێیان گووتم دەبێت لێرە دەربكرێی وە گومانیش دەكرێت پێشمەرگە بریندارەكان لە لای خۆت شاردبێتەوە و دەرمان بۆ پێشمەرگەكان بنێری، هەر بەم تۆمەتەش لە ماڵەكەم دەركرام و كەلوپەلی ماڵەوەشین فرێدایە سەر شەقام. بەو شەوەو لە وەرزی زستان جگە لە ماڵ خەزورم هیچ شوێنێكی ترم شك نەبردن، بۆیە چوومە ئەوێ، دواتر گوازرامەوە بۆ باشووری عێراق و لە ناوچەی هیت دەستم دایەوە بە ژیان، لەوێ كاتێك زانیان من كوردم بەردەوام ئازاری دەرونیان دەدام. جارێكیان سەربازێكی عێراقی گاڵتەی بە بارزانی نەمر و سەركردەكانی شۆڕەش دەكرد، منیش تا هێزم هەبوو كێشام پێی و خستمە سەر زەوی، لەوێ مامەوە تاكو دەستپێكردنی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، دواتر هاتمەوە بۆ كۆمەڵگای زوورەملێی گەڵاڵە. دواتر لەوێش دەركرام و خانوەكم درایە كەسێكی تر، بە نەچاریەوە روومكردە دهۆك و لەوێ دەستم دایە ژیان.
ژیانی خدر ئەحمەد تەژیە لە ئاوارەیی و دەربەدەری، بۆیەش دوای گەڕانەوە لە دهۆك بەشداری دەكات لە راپەڕین، هەڵبەت ئەمەش لەبەر ئەوە بووە كەوا وەك پێشمەرگەیەك لە هەر كوێ بووایە ئەوا خزمەتی دەكرد و هاوكاریەكانی بۆ پێشمەرگە دەنارد.
هەر وەك خۆی دەڵێت:
دوای گەڕانەوەم داوام كرد خانوەكەم لە كۆمەڵگەی گەڵاڵە پێبدرێتەوە، بەڵام بەرپرسێكی ئەو كات پێی گوتم، بۆ كێ و لە پێناو كێ خانوەكەت چووڵا كرد. ئەو قەسانەی زۆر برینداركردم و بڕیارم دا بگەرێمەوە بۆ باڵەكایەتی و دەست بە ژیانێكی نوێ بكەمەوە.
لە كۆتایدا مام خدر دەڵێت: هەمیشە ئامادەی ئەوە بوویمە كەوا لە پێناو كورد و كوردستان خۆم فیدایی بكەم. ئەگەرچی تاكو ئێستا وەك پێویست رێز لە ماندوبوومی من نەگیراوە، و هەندێك كەس هاتن و خۆیان كردە خاوەنی ماندوبوون و خەباتی ئێمە، بەڵام زۆر دڵخۆشم بەوەی كەوا بە ئازادی و سەربەرزی درێژە بە خەباتی خۆم داوە.

 

زۆرترین بینراو