دوای نۆ كابینە !

ئیسماعیل ئیبراهیم

نۆ كابینەی یەك لە دوای یەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نزیكەی 30 ساڵ تەمەنەوە، لەبەردەم رەخنەی بەردەوام و كۆسپی مەزن، دەست پێكردنێك لە خاڵی سفرەوە بۆ ئێستا، بەڵام پرسیارە ئاڵتوونییەكە ئەوەیە كە لە چی ئێستایەك دەژین.
هیچ گومان لەوە دا نییە كە بە هۆی نیمچە سەربەخۆ بوونی هەرێمی كوردستان لە چەندین ساڵی رابردوو، گۆڕانكاری جۆری لە هەموو بوارەكانەوە روویانداوە، بینایەی بەرز، رێگای بەرفراوانتر، دروستكردنی سەدان قوتابخانە، نەخۆشخانە، زانكۆ، پەیمانگە، گەشاندنەوەی شوێنە گەشتیارییەكان، هوتیڵی بەرز و جوان، بنیاد نانی كەناڵی راگەیاندن، پەیوەندی نێودەوڵەتی بەهێزتر لە سەردەمی شاخ، گەشەی بیری دیپلۆماسی كورد و ... هتد. واتە باشووری كوردستان بەرەو پێشچوونێكی باشی لە رووی بینایە و رێگە و بان بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام ئایا ئەمە بەسە، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەندە باش و بە توانا بووە بۆچی رۆژانە گەنجان خۆیان لە دەریاكان دەدەن و هەرچی سەروەت و سامانە دەدەنە دەست قاچاخچییەكان بۆ ئەوەی لە كوردستان بۆ وەڵاتی دیكە بیانبەن؟
بۆ چی ئینتمای نیشتمانی لای زۆربەی هەرە زۆری گەنج و بەتەمەنەكانیشەوە تا سەر موخ لاوازە؟
بۆچی سەری زمان و بنی زمانی بەشێكی زۆری تاكی كوردی رەخنەیە لە سیستەمی بەڕێوەبردن لە كوردستان؟
ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری دیكە هەن كە پێویستە دەستەڵاتدارانی كوردستان لە خۆیانی بكەن، بۆ ئەوەی بتوانن چارەسەری راستەقینەی بۆ بدۆزنەوە و راستگۆیانە وەڵامی هاووڵاتییان بدەنەوە كە تا ئێستا خۆیانی لێ دەدزنەوە و لە بینا بەرزەكان و پشت بەربەستەكانەوە لە شەقام دەڕوانن، كە دەنگ و داخوازی راستەقینەی هەموو چین و توێژەكانە و هەر ئەوانیش هۆكاری مانەوەی ئەم كیانە سیاسییەن.
بوونی سیاسی و بازرگانی چاوچنۆك لە نێو بەشێكی زۆری دامەزراوە گرنگەكانی حكومەتی هەرێم وایكردووە، خاڵێكی زۆر گرنگ و جەوهەری لە نێو هاووڵاتییانەوە نەمێنێت ئەویش ئینتیمای نیشتمانییە، بە دڵنیاییەوە ئەگەر جێگرەوەیەكی باشتر لە بەڕێوەبەرانی ئەم سیستەمە هەبووایە و ترسی ئیهانە و سووكایەتی پێ كردن و كوشتن و بێ سەروشوێن كردنیان نەبوایە لە لایەن عەرەبەكانەوە، دەمێك بوو شەقام هەڵوێستێكی زۆر توندی لە ئاست وەردەگرتن.
سەدان قوتابخانە بنیادنران بەڵام بینایە بێ پەروەردە كردن و زانست فلسێكی قلپ ناهێنێ، زانكۆ كە بە مانای كۆی زانستەكانە بۆنەتە كارگەی بەرهەم هێنانی بڕوانامەی بێ مەعریفە، نەخۆشخانەكان بوونەتە شوێنی ساخ كردنەوەی دەرمانی ئیكسپایەر و كواڵێتی نزم، رێگاو بانەكان دوای چەند مانگێك هەموویان تێكدەچنەوە لەبەر نەبوونی چاودێرییەكی راستەقینە، بەشێكی زۆری گەنجان تا ئێستا زۆر شوێنی گەشتیارییان نەبینیوە هەتا هوتێلە راقییەكانی كوردستانیشیان نەبینیوە، لەبەر ئەوەی بێ كار و بێ پارەن، كەواتە دڵی چییان پێ خۆش بێت.
شەقام پڕ بووە لە گەنجی خاوەن بڕوانامەی بێ كار، كەرتی گشتی بۆ مەرامی تایبەتی و كەسی بەكار هێندراوە و ئەوەی واستە و خزمێكی نەبوو بێت دانەمەزراوە، هاوسەر و منداڵی بەرپرسان و خزمە نزیكەكانیان هەموویان بە بن دیوار دامەزران، مووچەكانیشان بۆ دەچێتە ماڵەوە.
نەبوونی شەفافییەت و دادپەروەری لە هەموو جومگەكانەوە وایكردووە شكۆ لە هاووڵاتییان بسەندرێتەوە، كەسانێك رۆژانە بە دەیان هەزار دۆلار سوود دەكەن بەهۆی نادادپەروەری، كەسانی دیكەش كە زۆرینەی دانیشتووانی كوردستان پێك دەهێنن بەرەو هەژاری زیاتر دەچن.
بۆیە كابینەكانی حكومەتی هەرێم لە پەنای بەرز كردنەوەی بیناكان، بێ كاری، گەندەڵی، ناداپەروەری، بێ ئینتمایی، هەژاری، خۆكوشتن، لێكترازانی كۆمەڵایەتی و خێزانی و زۆر بابەتی دیكەیان پەرە پێداوە، كە بوونەتە هۆكاری بنكۆڵ بوونی پایەكانی كیانی سیاسی و پێویستە هەرچی زووە بەر بەم دیاردانە بگرێت.
عەیبەیەكی مەزنە رۆژانە ژمارەی هەژاری و ژێر هێڵی هەژاری لە بەرز بوونەوە دایە، بەرپرسانیش هێشتا لە بینا بەرزەكانەوە دەڕواننە شەقام.

زۆرترین بینراو