دوریا ئەنوەر سەدیق قسە لەسەر هاوكاریكردنی خێزانە كەم دەرامەتەكانی رواندز دەكات

دوریا ئەنوەر سەدیق قسە لەسەر هاوكاریكردنی خێزانە كەم دەرامەتەكانی رواندز دەكات

لەدیمانەیەكی تایبەتی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا ، دوریا ئەنوەر سەدیق، بەڕێوەبەری بنكەی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی رواندز، ئاماری خێزانە كەمدارمەتەكانی سنووری بنكەكەیان دەخاتەروو دەڵێت " لەسنووری شاری رواندز بەتەواوی گوند و ئاواییەكانی بەگشتی (1577) ، خێزانی هەژار و كەم دەرامەت ناویان تۆمار كراوە.
دیمانە: محەممەد مەحموود- رواندز
*لەسنووری رواندز ناوی چەند خێزانی كەم دەرامەت تۆمار كراوە؟
- لە رواندز و دەورووبەری بەگشتی (1577) خێزان ناویان لەلای بنكەی چاودێری و گەشەپێدانی رواندز تۆمار كراوە، هەروەها سوودمەند بوونە لەم پرۆسەی هاوكاریكردنەی خێزانە كەمدەرامەتەكان.
* دەستنیشان كردنی ئەو خێزانانە لە سەر چ بنەمایەك بوو؟
- دیاركردنی ئەو خێزانانە وەك خێزانی كەمدەرامەت، لەسەر بنەمای ئەو فۆرم و زانیارییانە بوو كە لە سەرووی خۆمان بەدەستمان گەیشتووە، بەپێی ئەم پێوەرانەی خوارەوە بوو، (خێزانی بێوەژن، دابراو، تەڵاقدراو، خێزانی بەندكراو یا بێ سەروشوێن، سەڵت وەك قەیرە كچ یا پیاو، خاوەن پێداویستی تایبەت و كەم دەرامەت، خێزانی بێكار و كرێچی، كرێكاری رۆژانە كە بەهۆی پەتای كۆرۆنا سەرچاوەی داهاتی لە دەست دابێت، هەژار و كەم دەرامەت بێت، مووچەیەكی كەمیشی هەبێت چ لە كەرتی حكوومەت یا لە كەرتی تایبەت، هەروەها كەسەكە بەساڵاچوو بێت یا خانەنشین و مووچەیەكی كەمی هەبێت، ئەمانە وەك پێوەر دیاریكرا بوون بۆ ئەو مەبەستە.
* بۆ دیاریكردن و ناونووسكردنی خێزانەكان زیاتر پشتان بەچی بەستووە؟
- وەك بنكەی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی رواندز، چەند تیمێكی گەرۆكمان بەشێوەی (گرووپ) پێك هێنا بوو، هەر گرووپێك لە (3) تا (4) ئەندام پێك هاتبوون كە بەسەر هەموو گەڕەكەكانی رواندز و گوند و ناوچەكانی دەورووبەرمان دابەشكرد بوون، بۆ ناونووس كردنیان دابەش بووین بەشێوەیەكی خۆبەخشانە لە خودی خۆم و فەرمانبەرەكان و تیمێكی گەورەی خۆبەخشی شاری رواندز و چەند رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی، لەگەڵ ئەنجوومەنی مۆلیدەكان و كەسایەتی و پیاوماقوڵ و موختارەكان و بڕیكارەكانی خۆراك بۆ پرۆسەی گەڕان و ناونووسكردن ئامار و داتا هاوكارمان بوون كە لێرەدا بە پێویستی دەزانم زۆر سوپاسیان بكەم، هەروەها سوپاسی هەموو هاووڵاتییانی رواندز و گوندەكانی سنوورەكەمان دەكەم كە هاوكارمان بوون لەم كارە.
* لە رواندز چەند سەبەتەی خۆراك دابەشكراوە؟
- تەنها لە سەنتەری قەزای رواندز و گەرەكەكانی (817 ) سەبەتەی خۆراك دابەشكراوە، ئەوەی تریان لە ناحیەی وەرتێ و گوندەكانی دۆڵی خانەقا و دۆڵی ئاكۆیان و دۆڵ مەنجەڵ دابەش كراون.
* خۆراكەكە لەچی و چی پێكهاتبوو؟
- پێكهاتەی خۆراكەكە بریتی بوو لە (1) یەك فەردە ئاردی سفری (50 ) كیلۆیی، (10) دەبە رۆنی زەیت ، (2 ) قووتی ئاوەتەمات ،(1 ) كیسی پێنج كیلۆی نیسك.
* پڕۆسەی دابەشكردنی خۆراك بۆ خەڵكی كەم دەرامەت چۆن بەڕێوەچوو ؟
- ئەم پرۆسەیە بۆ یەكەمجارە بە میكانزمێكی جیاواز و پێشكەوتوو كە بە فۆڕمی ئامار و داتاوە بوو، پاشان لەرێگەی بڕیكارەكانی خۆراك بەرنامەی بۆ دارێژرا بوو، كە لە رێگەی وەزارەتەكەمان بە هەماهەنگی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی بازرگانی، پارێزگاری هەولێر و جێگری پارێزگار و بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر، واتە پرۆسەێكی بەرفراوان بوو.
* ئەم پڕۆسەیە بەردەوامی دەبێت یان تەنها بۆ جارێك بوو؟
- بەپێی سەرچاوەكانی راگەیاندن، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی جەنابی سەرۆكی حكومەت لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ هاوكاری وبەردەوام بوونی ئەم پرۆسەیە.
* ئەم خۆراك لەچ رێگەیەكەوە دابینكرابوو؟
- هاتنی ئەم هاوكاریە لەرێگای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە بەتایبەتی جەنابی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بوو.
* بڕیار بوو حكومەتی عێراق بڕێك هاوكاری ماددی بەسەر خەڵكی هەژار دابەش بكات ئێوەش بۆ ئەو مەبەستە ناوی كەستان نووسیووە؟
- ئەم بابەتە تا ئێستا تەنها دەنگۆیە، لەبارەی هاوكاری حكوومەتی عێراق شتێكی وامان بەفەرمی لەسەرووی خۆمان بەناوی حكوومەتی عێراق بۆ نەهاتووە تا كاری لەسەر بكەین.

 

زۆرترین بینراو