دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی رێفڕاندۆم تێدەپەڕێ

دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی رێفڕاندۆم تێدەپەڕێ

راپۆرت محەمەد باڵەك- سۆران: دووساڵ بەسەر ئەنجامدانی گشت پرسی لە باشووری كوردستان تێدەپەرێت و هێشتا ئاسەواری ریفراندۆم بە هەرێمی كوردستان دیارە، شەقام رۆژی گشت پرسی كردۆتە رۆژێكی دیرۆكی لە مێژووی ژیانیان و ئێستاشی لەگەڵ بێت بەشی هەرەزۆری كوردستانیان ئامادەن بە " بەڵێ " دەنگ بۆسەربەخۆیی كوردستان بدەن، هاووڵاتییان لەو راپۆرتەی زاری كرمانجیدا دووپاتی دەكەنەوە، ئەگەر خیانەتی لایەنێكی سیاسی نەبووایە، ئێستا ناوی كوردستان لەسەر نەخشەی جیهان دەبوو خاوەن وڵاتێكی پڕ شكۆی سەربەخۆ دەبووین .
رۆژی حەوتی حوزەیران/ یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری 2017یان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەشێواز و جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەربڕی و پشتگیری سەربەخۆی كوردستان دەكەن، شایەنی باسە، 93%ی خەلكی باشووری كوردستان دەنگیان بە " بەڵێ "دا بۆ سەربەخۆی كوردستان، بەڵام بە داخەوە لە 16ی ئۆكتۆبەر و دووای ریفڕاندۆم لایەنێكی سیاسیی كەركووك و بەشێكی زۆری خاكی كوردستانیان پێشكەش بە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی كرد و ئەنجامی ریفڕاندۆمەكە بۆ كاتێكی نادیار راگیراوە .
ڕابەر زیاد هاووڵاتیێكی دانیشتوی شاری سۆرانە بۆزاری كرمانجی گووتی" ڕۆژی ئەنجامدانی گشت پرسی یەكێك بوو لەڕۆژە هەرەخۆشەكانی ژیانم، شەوێك پێش دەنگدان تا بەیانی نەخەوتم، لەخۆشی ئەوەی بچم دەنگ بدەم و بەدەست و دەنگی خۆم بڵێم ئیتر ژێر دەستی با بەس بێت، چركە چركە م ئەژمارد تا خۆرهەڵات بەیانیەكەی زوو چومە بنكەی دەنگدان، ئاواتی چەندین ساڵەم لە لەلێواری هاتنەدی بوو، بەڵام بەداخەوە گرووپێكی خیانەتكار، لەناوەخۆمان وەك كرمی نێودار هەر زوو ئەم ئاواتەی من و هەزارانی تر خستە ژێرگڵ و نەیان هێشت ئەم ئاواتە بێتەدی .
زیاتر گووتی " ڕاستە دووساڵ بەسەر ریفراندۆم تێدەپەڕێ، بەڵام هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت ئێمە هەر دەڵێن بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، هێشتاش چاومان لەریفراندۆمە، هەر دەبێ بگەینە ئەو ئاواتەی لەدڵمانە، هەزار جاری تر شكستمان پێبێنن، ملێۆن جاری تر ریفراندۆم دەكەین جا چ ئەمڕۆ بێ یان سبەی هەردبێ نەیارانمان دەوڵەتی كوردی ببینن.
كوردۆ شێرزاد گەنجێكی تەمەن 28 ساڵەی دانیشتووی شاری هەولێرە بەم شێوەیە بۆ زاری كرمانجی گووتی" نەتەوەیەك نیو سەدە زیاتر خەبات و بەرخودانی كردبێ بۆ ڕێبازی ڕێگای ڕزگاری، هەوڵ و تێكۆشانی كردبێ بۆ ئەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان بڵێت من هەم ئەمەوێ سەربەخۆبم و نانی ژێر دەستیم پێ هەزم ناكرێ، ناحەز و دوژمنی هەر ئەبێت، ئێمەش بەهەمان شێوە بووین، ئەیانزانی كورد ئەگەر سەربەخۆ بێت ئەوان ئەكەونە پەلە قاژەی مردن، چاویان بە هەیبەت و شكۆی نەتەوەی كورد هەڵنەهات، ئەوان قەینا با بەشتێكی سروشتی بیزانین، چونكە ئەوان هاو نەتەوەو هاوزمان نین لەگەڵ ئێمە، بەڵام ئەوەی بوەماییەی نیگەرانی ئێەی ریفراندۆمچی ئەوەبوو، لەناوەخۆمان دەستێكی ڕەش خیانەت ئاسا دژی هەموو ئەم مافە رەوایەیی ئێمە وەستانەوە، نەیان هێشت ئەو ئاوەتەی كورد بێتە دی، بەڵام با ئەم نەیارانە بزانن، هەرگیز ئێمە سارد نابینەوە لەسەر ئەم بڕیارە، دەبێ ڕۆژێك هەردابێت ببین بە دەوڵەتی سەربەخۆی بە ناوی " كوردستان ".
ئامینە خان دایكی دوو پێشمەرگەی قارەمانە ئەو بە هەنسكێكی سارد لە بارەی سەبەخۆی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت " ئەوكاتەی ڕژێمی بەعس دەربەدەی كردین، لەسەرماڵ و خاكی خۆمان، من تازە مناڵێكم هێنابووە سەر دونیا، زۆرم نارەحەتی و ناخۆشی بینی دواتر ئەم مناڵەم گەورەبوو بوو بە ووڵات پارێز، هەمیشە شانازیم بەخۆم دەكرد، كەمناڵێكم لەكۆڕەو بوو، هەرئەم مناڵەشم بوو بەپێشمەرگە و پاریزەری ئەم خاكە، لام ئاسایی بوو ئەم كوڕەم شەهید بكرێت یان بمرێت بەڵام ئەوەی بینیم بەرامبەر بە گەلێك كە داوای سەربەخۆیی دەكات نەم دیبایە، هەموو هیواو ئاواتی ئێمەیان لەگۆڕ نا، بەڵام هەرگیز دژمنانی كورد ئەم ئاواتەیان نایتەدی، هیچ كات ناتوانن گەلی كورد ساردبكەنەوە لەسەر ئەوەی داوای مافی خۆیان نەكەن، ئێمە لەسەرەتا بۆ ئەوە خولقاوین دەوڵەت بین و دەوڵەت بەڕێوەببەین، نەك دەوڵەتێكی تر بمان بان بەڕێوە، ئەوان شكستیان بەم ڕیفراندۆمە هێنا، ئەگەر ئێمەش نەتوانین، خۆ نەوەكانی ئێمە ئەتوانن جارێكی تر جاری سەربەخۆی بكەن و ئەو ئاواتەی ساڵەهایە، لە دڵی ئێمەدایە بێتەدی، باهەموو نەیاران بزانن دەوڵەتی كوردی نزیكە ئێستاشی لەگەڵ بێت دڵمان بۆ سەربەخۆیی لێ ئەدات هەردەبێ ببینە دەوڵەت و چاوی هەرچی دووژمنی كوردە كوێر بكەین".
مەبەست قادر پێشمەرگەیەكی خەڵكی شاری كەركووكە ئەو بەم جۆرە بە زاری كرمانجی دەڵێت" ڕۆژی 25 ئەیلول ڕۆژێكی گرینگ و پڕ بەها بوو بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بەگشتی و بۆ كەركوكیەكان بەتایبەت، بەڵام بەداخەوە دوژمنانی كورد لەنێو خۆماندا بونە نەیاری براو دۆستی براكوژ، نەیان هێشت گشتپرسی سەربگرێت، بەڵام ئەم خەیاڵە گڵاوەیان بەتاڵ و وەك بڵقی سەرئاوە، چونكە ئێمە هێندە تێنوی سەربەخۆیین ، تەنها بەسەربەخۆبوون تینوەتیمان ئەشكێنێ و سەربەخۆی ساڕێژی برینی جەرگی سووتاوی دایكی شەهیدان دەكات، تا ڕۆژ ئەڕوات زیاتر تێنوی سەربەخۆیی و ڕزگاربوونین لەژێر دەستی، ئومێدیشم هێندە زۆرە كە ئەمڕۆژە هەردێت رۆژێك لە ڕۆژان خۆری ئازادی لە كوردستان دەدات و ئاڵای نیشتیمانەكەم لەسەر نەخشە جیهان ئەبینرێ .
ئەم پێشمەرگەیە زیاتر دەڵێت" نەیارانی خۆمان وێڕای ئەوەی بوونە دۆستی دوژمنانی كورد، بەشێكی زۆری ئەوخاكەشی لەدەست دوژمنان بەخوێن دەرمان هێنا، بۆیان كرا بە بوكێكی ڕازاوە و كردیانە دیاری بۆ ئەوان، كەركوك و كەركوكیەكان خوێنیان لەسەر كەركوك و سزای گشتپرسی دا، تۆڵەی خوێنی ئێمە، بە سەربەخۆیی نەبێت، بەهیچ شتێك ساڕێژ ناكرێت، بۆیە دووا پەیامم بۆ هەموو نەیار و خوێنمێژان ئەوەیە، یەك ڕۆژمابێ هەرئەبێ ببینن كوردستان بوە بەدەوڵەت، باوكی ڕۆحیش ئەمەی بەگوێی جیهان چرپاندوە، كەركوك نەك كوردستانە بەتەنها بەڵكو دڵی كوردستانە، پەنا بەخوا كوردستان ئەبێتە دەوڵەت و دڵە گەورەی دەوڵەتی كوردیش هەرگیز لە لێدان ناكەوێت".
سەرخێل حاجی هاووڵاتیێكی دانیشتووی شاری سلێمانیە بە زاری كرمانجی گووت" گشتپرسی ئەو جوڵە سیاسییە سەركەوتووە بو، توانی تەواوی زلهێزانی جیهان و ناوچەكە، ناچار بكات قسەیان هەبێت. لەم جوڵەیەدا بۆمان دەركەوت، تاكی كوردستان لە هەر بارودۆخێكدا بێت، سەربەخۆیی و ئازادی دەخوازێت، ئەگەر سەركردایەتی سیاسی كوردستان یەك دەنگبن، هاوڵاتیانی كوردستان پاڵپشتی ڕاستەقینەن بۆ دەسەڵات. ئەم دۆخەمان لە شەڕی دژ بە تیرۆریش بینی، بە هەمو پێوەرە زانستی و سیاسییەكان، گشتپرسی جوڵەیەكی سیاسی سەركەوتو بو. بەڵام كاردانەوەكانی دوای گشتپرسی قسەیەكی تر هەڵدەگرێت .
سەرخێل زاتر دەڵێت" لەدوای گشتپرسی، چاوەڕوانی سەرجەم كاردانەوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان دەكرا، بەڵام چاوەڕوانی 16ی ئۆكتۆبەر نەدەكرا، خیانەتی ئۆكتۆبەر جارێكی تر ئەم دێڕەی تۆختركردەوەهەمو شۆڕشەكانی كورد، بەهۆی خیانەتی خۆیانەوە كۆتایی هاتووە،هەرچەندە بەهۆی خیانەتی ناوخۆ و كاردانەوەی ناوچەكە و زلهێزانی جیهان، لە ئێستادا گشتپرسی نەیتوانی خواستی گەلی كوردستان بەدیبهێنێت، بەڵام ئەنجامی گشتپرسی، بناغەیەكی پتەوی دەوڵەت و تاپۆی ڕەشە لە گیرفانی سەركردایەتی كوردستاندا. لە هەر بارودۆخێكدا دەتوانین بگەڕێینەوە سەر ئەنجامەكانی گشتپرسی و ئاواتی لەمێژینەی گەلی كوردستان بهێنینە دی.

زۆرترین بینراو