دڵپیسی و غیرە ژیانی مرۆڤ  بەرەو كوێ‌ دەبەن؟

دڵپیسی و غیرە ژیانی مرۆڤ بەرەو كوێ‌ دەبەن؟

زاری كرمانجی- سۆران: دڵپیسی یەكێكە لەو سیفەتانەی زۆرێك لە مرۆڤەكان تووشی هاتوون و پسپۆڕانی بواری دەروونیش بە نەخۆشی هەژماری دەكەن، مرۆڤی دڵپیس چۆن بیر دەكاتەوە؟ ئایە ژیان لە گەڵ ئەو جۆرە مرۆڤانە چۆن بەرێدەكرێت ؟ تاچەند دڵپیسی كێشەی بۆ درووست كردوون؟ ئەی غیرە چییە؟ بۆچی مرۆڤ غیرە دەكات ؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لەڵایەن هاووڵاتییانەوە لەم راپۆڕتەی هەفتەنامەی زاری كرمانجی دراونەتەوە.
راپۆرت : هێرۆ عەبدوڵڕەحمان
پەیمان ئیدریس خێزاندارە، ئەو پێی وایە نابێت ئافرەتان لە بەرامبەر هاوسەرەكانیان دڵپیسبن، و بەمجۆرە سەرنجەكانی بۆ زاری كرمانجی خستەڕوو" ئافرەت نابێت غیرە و دڵپیسی لە هاوسەرەكەی بكات، چونكە ئەگەر ئافرەتەكە غیرە و دڵپیسی لە پیاوەكەی بكات ئەو كات پیاو وادەزانێت ئەو وەك رەگەزی نێر زۆر گرنگە، بۆیە دەست دەكات بە پیشت گوێ‌ خستنی هاوسەرەكەی و رەنگە خیانەتیش بكات بە هۆی ئەو دڵپیسییەی ژنەكەی، وا باشە هەرگیز غیرە لە هاوسەرمان نەكەین".
خەرمان غەفوور وەك چاڵاكوانێكی كۆمەڵی مەدەنی گووتی" لەگەڵ دروستبوونی مرۆڤ پەیوەندی خۆشەویستی نێوان دوو ڕەگەزیش سەری هەڵداوە، لەگەڵ ئەوەشدا دڵپیسی لە نێوان ئەم دوو ڕەگەزە واتا نێر و مێ دروست دەبێت، بەڕای من دڵپیسی گەردەلوولێكی وێرانكەر و مەترسیدارە، كاتێك ژنەكە دڵپیسی لە خۆشەویستەكەی یان پیاوەكە دەكات یان بەپێچەوانەوە، تەواوی ژیانیان وێران دەبێت، متمانە نامێنێت، بە بچووكترین شت كاردانەوەی خراپی دەبێت، بۆیە دەبێت دڵپیسی وەكو نەخۆشی دەروونی سەیری بكرێت، ئەبێت كاتێك ژنەكە یان پیاوەكە دڵپسی تێدا هەبوو یان هەستی پێكرا ئەبێت چارەسەری بۆ بكرێت ئەگەرنا تەواوی ژیانیان وێران دەبێت، چونكە بەتایبەتی ئەگەر پیاوەكە یان ژنەكە پیشەكەی وابێت كە ئەو شوێنەی دەوامی لێدەكات ژن یان بەپێچەوانەوە پیاوی لێبێت بە تایبەتی لەو سەردەمەی ئێستا كە تەكنۆلۆژیا تەواوی ژیانی مرۆڤایەتی داگیركردووە زۆربەی ئیش و كاری ڕۆژانەی لە سەرە، زۆر جار بۆتە گرفتێكی گەورە بۆ دروستبوونی زۆربەی كێشەكانی دوو هاوسەر یان دوو خۆشەویست، ڵایەنێكی تری دڵپیسی ئەوەیە كە نیشانەیە بۆ زۆر خۆش ویستنی كەسەكە جا پیاوەكە بێت یان ژنەكە، ئەیەوێت ئەو كەسە تەنها موڵكی ئەو بێت جۆری خۆشەویستیەكەی ئەوەندە زۆرە گەیشتۆتە ڕادەی دڵپیسی".
ئەم چاڵاكوانە گووتیشی" دڵپیسیش زۆرجار لە ئەنجامی بینینی شتێك لە خۆشەویستەكەی یان هاوسەرەكەی دروست بووە، واتا خیانەتێكی هاوسەری لە بەرامبەرەكەی بینیووە، بۆیە بێ متمانەیەك دروست دەبێت دەبێتە هۆی سەر هەڵدانی دڵپیسی".
ئاخیرە سەنعان وەك كچێك بۆمان دوواو گووتی"غیرە و دڵپیسی هەندێ‌ جار بەهۆی زۆری خۆشەویستی درووست دەبێت ، بەتایبەتی كاتێك ئافرەت زیاد لە پێویست لە بەرامبەر هاوسەرەكەی دڵپیسی دەكات، زۆر جاریش لە نێوان هاوسەران بەهۆی دەردی دڵپیسی كێشەو گرفت لە نێوانیان درووست دەبێت، بۆیە واباشە هاوسەران خۆیان لە دڵپیسی بپارێزن".
رۆندك مهاجیر وەك مامۆستاێك دەربارەی غیرەو دڵپیسی بۆ زاری كرمانجی گووتی " بەرای من غیرە كردن یەكێكە لە هۆكارە خراپەكان كە تووشی هەر تاكێك دەبێت لە كۆمەڵگە، غیرە كردن لە ئەنجامی چاو گێران و خیانەت درووست دەبێت هەندێ جاریش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كەڕەگەزی بەرامبەر جوان بێت یاخود زۆری خۆش بووێت، لە ئەنجامی ئەو زۆر خۆشەویستیە غیرەكردن دروست دەبێت، بەڵام بەڕای من غیرەكردن شتیكی زۆر خراپە، وەكو نەخۆشی دەروونی وایە كەتووشی مرۆڤ دەبێت، هیوام وایە هەموو دەزگیراندارو هاوسەران خۆیان بەدوور بگرن لەم خووە خراپەی غیرەكردن، چونكە بەراستی گەر غیرەكردن كەوتە نێوان دوو خوشەویست یاخود هاوسەر ئەوا متمانە و خۆشەویستی و رێز نامێنێت لە نێوانیان، هیوادارم لە جیاتی غیرەكردن تۆی رێزو خۆشەویستی و لێك تێگەیشتن بچێنین لە نێوانیان".
سۆلین فەتاح بەشداربووێكی تر بوو لەسەر غیرە و دڵپیسی بەم جۆرە بۆچوونی خۆی بۆزاری كرمانجی خستەروو" غیرە كردن لە هەندێك كاتدا واتایە بۆ خۆشەویستی و هۆگر بوونی رەگەزی بەرامبەر، ئەو غیرە كردنە لە نێوان دوو خۆشەویست یان دوو هاوسەر هەیە، هەندێك جار ئەگەر بێتو غیرە كردنە نەبێت واتایە بۆ ئەوەی كە ڵای یەكتر گرنگ نین و خۆشەویست نین".
سۆلین گووتیشی" غیرە كردنی زۆر تا ئاستی دڵپیسی ئەوە نەخۆشی و ژیان لە نێوان هەر دووكیان تاڵ ئەكات هیچ مانایەك بۆ خۆشەویستی نایەڵێت، من دەڵێم ئەگەر غیرە لە نێوان خۆشەویستان و هاوسەران نەبێت ئەوە مانای پشت گوێ خستنە، غیرە كردن ئاستی خۆشەویستی دەرەخات، گرنگی پێدان و هۆگر بوون و خۆش ویستن و لێ پرسینەوەو رێگری كردنی هەندێك كار وەكو لە بەر كردنی هەندێك جل و بەرگ یان بەردەوام لە گەڵ یەك بوون تەنانەت رێگری كردنی لە وەی بەتەنیا بچێ بۆ هەندێك شوێن ئەوە غیرەی خۆشەویستیە نەك دڵ پیسی هۆگر بوونی نێوان دوو خۆشەویستە، سۆلین پێشی وایە كە غیرە كردن لە نێوان دوو خوشك و براشدا هەیە، یان لە نێوان منداڵی بچوك و گەورە بۆ ئەوەی كە دایك و باوك كامیانی زیاتر خۆشدەوێت، ئەمە غیرەی خۆشەویستیە نەك دڵ پیسی".
دایكی شار، كە هاوسەری هەیەو خاوەنی چەند منداڵێكە لەسەر غیرەو دڵپیسی بۆ زاری كرمانجی هاتە دووان و گووتی "غیرە كردن لە ناو بردنی خۆشەویستییە،غیرە كردن لە نێوان دوو هاوسەر یان دوو خۆشەویست ، وا دەكات خۆشەویستیەكان بەرەو لەناو چوون بچێ،گەر دوو رەگەز بڕیاری خۆش ویستنی یەكتری بدەن چ پێویست بە غیرە كردن ئەكات؟ چونكە لە ئەنجامدا جیابوونەوە دێتە كایەوە، كەسی غیرەكەر وا دەزانێ گەر غیرەی كرد دڵسۆزی و خۆشویستنی خۆی دەرەخات بۆ خۆشەویستەكەی یان بۆ هاوسەرەكەی، بەڵام نازانێ ئەو كەسە لێی بێزار ئەبێ و ئەخنكێ لەگەڵی، بۆیە هەوڵی رزگار بوونی ئەداو لێی رائەكات".
دایكی شارا گووتیشی" گەورەترین جیاوازی لە نێوان غیرەو خۆشەویستی دا ئەوەیە كە خۆشەویستی زۆر غیرە دروست ئەكا، بەڵام غیرە كردن خۆشەویستی ئەكوژێ، ئەو كەسە بۆ هەتا هەتایە لە دەست ئەدەی ،بەبێ ئەوەی خۆت هەست بەو هەڵەیە گەورەیە بكەی، تكایە با غیرە كردن لە سنور بووەستێنین، با خۆشەویستیەكەمان لە ناو نەچێ".
دایكی شار پێشیوایە" كە دەڵێن غیرەكردن نیشانەی خۆشەویستیەلە راستیدا بەو شێوەیە نییە، خۆشەویستی راستەقینە لەسەر بنەمای متمانە بونیاد دەنرێت، بۆیە غیرە كردن نیشانەی خۆشەویستی راستەقینە نییە".
لە دوابەشی ئەم راپۆرتەدا دایكی مێرخاسی كە پێشتر سەرپەرشتی رێكخراوێكی تایبەت بە ئافرەتانی دەكرد بۆمان دوواو گووتی " غیرە ، ئەو تایبەت مەندیەیە كە لە ناو تەواوی ژناندا باوە لە هەموو دونیادا بەڵام ئەو ڕێژەیە لە كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتیدا زیاتر بەر چاو ئەكەوێت ، ئەتوانم بڵێم ئەو تایبەت مەندیەش لەخۆیەوە دروست نەبووە، بەڵكو هۆكار گەلێك هەن كەوایان كردوە ئەو غیرەیە هەردەم لە برەو دابێت لە ڵایەن ژنانەوە. دایكی مێرخاس چەند هۆكارێك باس دەكات كە رۆڵیان هەیە لە بابەتی غیرەكردن لەوانەش: یەكەم خاڵ ئەوەیە كە پیاوان بۆ بابەتی سێكسی چاو چنۆكن، ئەوەی وایكردوە كە ئەو حەز و چاو چنۆكیە دروست ببێت ئەوەیە كە پیاوان هەمیشە ئازاد ترن لە ژنان، چ لەرووی ئایینەوە یان لەرووی كۆمەڵگەوە و هەمیش دەستەڵاَتەوە، بۆیە لە دێر زەمانەوە مەیدانیان بۆخۆشكراوە بۆ ئەو مەبەستە، جالێرەدا چەكی هەرە بەهێزی ژنانیش غیرە و چاودێری كردنی پیاوە لەوڕوەوە، خاڵی دووەمیش ژنان هەردەم هەوڵی ئەوە دەن كە ئەو پەیوەندییە هاوسەرگیریەی نێوان خۆیان و مێردەكانیان زۆر بەهێز بێت و هیچ كەس نەتوانێ ڵاوازی بكات، بۆیە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان پیاوان لە هەموو كەسێك داببڕێنن تەنها خۆیان نەبێت، لە ترسی ئەوەی نەوەك كەسێكیتر دەست بخاتە نێوان ئەو پەیوەندییەوە، كە لێرەدا زۆر جار ئەنجامی خراپی لێ ئەكەوێتەوە و ئەبێتە هۆی بێزاربوونی زۆرێك لەپیاوان و وائەكات كە پەنا بۆكەسێكی تر ببەن، واتە دەست لەگەڵ ژنێكی تر یاخود كچێكی تردا تێكەڵ بكەن، بۆیە من وەكو ژنێك غیرە بەباش نازانم، هەروەكو زانایەك ئەڵێت " ئەگەر بتەوێت شێوازی مامەڵەی ئەوانی تر بەرامبەر بەخۆت بگۆڕیت، دەبێ سەرەتا شێوازی مامەڵەت لەگەڵ خۆتدا بگۆڕیت".

 

زۆرترین بینراو