دیـدی ژن لە چاوی كۆمـەڵگەوە

سۆما خالید
ئەگەر لە رووی مێژووە سەیری ژن بكەین, بە درێژای مێژوو ژن لەلایەن پیاوانەوە وەك بوونەوەرێكی ناتەواو كۆیلە سەیركراوە, هەر چەندە ژن خاوەنی پێناسەیەكی مرۆڤانەیە.
كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ئارام و سەلامەت نییە كە ژن تێیدا لە ئەمن و ئاسایشدا بێت, بەڵكو كۆمەڵگەیەكی بێ رەحمە بەرامبەر بە ژن، كە پیاوی لێكردووین بە توندووتیژ و ژنیش بە میهرەبان و سیفەتی دڵسوزی بەسەردا بسەپێنرێت و سوود لەو مەوقیعیەتە لاوازە بگیرێت و لەهەمان كاتیشدا فۆبیای پەلاماردان, لاقەكردن لای ژنان دروست كردووە, هەر ئەمەش وای كردووە زۆرێك لە ژنانی ئێمە بێ متمانە بن بە پیاوان كە نەیانتوانیوە ژنان وەك مرۆڤێك وێنە بكەن, چونكە لە كۆمەڵگەی پیاوسالاریدا ژن بەڕادەیەك بۆ جەستە و تێربوونی غەریزەی سێكسی شەرەفی خێزان و عەقڵ و كەسایەتی كورتكراوەتەوە كە پیاوی پێوە گرێدراوە, بەشێوەیەكی گشتی ژنی كورد ژنێكی سەربەخۆ نییە, پیاوانیش نەیانتوانیووە بە چاوێكی تەندروست سەیری ژن بكەن تەنیا نیگایەكانیان بە لای جەستەی ژندا شكاوەتەوەو سەیركردنێكی برینداركەر و بێزاركەریان هەیە. ئەگەر لەچاوی دینەوە باسی بكەین هەموو پیاوێك مەحكومە بە نەزەر لە كاتێكدا كۆمەڵگەی كوردی رەنگرێژە بە ئاین و بە تایبەت ئاینی ئیسلام و زۆربەی پیاوەكان بە دەزوویەكەوە بەستراون بە ئاینەوە.
عەقلیەتی پیاوساڵاری ژنێكی لاپەسەندە, كە ژنی ماڵەوە بێت و گوێرایەڵ و مڵكەچی فەرمانەكانی بێت, نەك ژنێك خاوەن بڕیار و ئابووری سەربەخۆی هەبێت و لەسەر پێ خۆی بەوەستێت, ژنان تا ئێستا نەیانتوانیوە داوای مافەكانی خۆیان بكەن كە تا ئەمڕۆ لێدان دەخۆن لەسەر چوونە دەرەوە و لە دوو دڵیدا دەژین و لە خەمی كۆمەڵگەیەكی بێ رەحمیدایە تا پێی نەڵێت بەد رەوشت, لەگەڵ ئەوەشدا سەرتاپا خۆی دادەپۆشێت تا كۆمەڵگە لەخۆی رازی بكات واتە ئەمە ژنێكە كە وابەستە دەبێت بە نێرینەیەكەوە, ئیتر هاوسەر بێت یان خود برا یان باوك. هەوڵیش دەدات خاوەن جەستەو پۆشاكێكی سەرنجڕاكێشی چێژ بەخش بێت، بەشێوەێكی ناسرووشتی گرنگی بە روخسار و جوانی ئەدات وەك فیلەر و بوتوكس, هەتا لە بوارەكانی ئیشكردن و شوكردندا بتوانێت دڵی پیاو ڕازیبكات, ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باوك سالارییەی بوونی هەیە. بۆیە زیاتر ژنان بۆ رێكلامی بازرگانی و فرۆشتنی بابەتەكان لە لایەن خاوەن كۆمپانیاكان و دوكاندار و مۆلەكان بەكاردەهێنرێـن ئەوان وەك خاوەنی جەستەیەك سەیریان دەكەن كە دەتوانن چاوی پیاو تێربكەن. هەندێك لە ژنانیش لەم كۆیلاتییە چێژ وەردەگرن هەمیشە وەك هێزێك پیاوەكان ئاراستە دەكەن بەمەش پەیوەندییەكی ناتەندروست لەنێوان هەردوو ڕەگەز دێتە ئاراوە, كە كەسیان گوزارشت لە بوونی راستەقینەی خۆیان ناكەن وەك دوو وێنە مامەڵە دەكەن، نە ژن ئازاد دەبێت و نە پیاویش دەتوانێت لە چوارچێوەی ئەو كۆیلایەتییە درێژە بە ژیانی خۆی بدات.
هەروەها هەتا رەگەزی نێر نەگاتە ئەو ئاستەی وێناكردنی بۆ ژن بگۆرێت، ناتوانێت لە كێشەو ئازارەكانی ژن تێبگات و ئاسایی مامەڵە لەگەڵ ژن بكات, ئەمەش كاریگەری لەسەر ژن دروست دەكات لە گەشەكردن و بنیادنانی كۆمەڵگە, كۆمەڵگەش بێبەشی دەكات لە توانای داهێنەرانی ژن كە بڕیارو بڕیاردانی ژنی پێوە دیاربێت, ئەوەی هەیە وەك لەرووی خێزان, كۆمەڵگە, سیاسەت، كاردان و بڕیاردەرن.
بە ڕێژەیەكی زۆر كەم كاریگەری هەیە. پاشان ژن جێگە و ڕێگەی كۆمەڵایەتی و ئابووریی لاواز بێت ئەوا بونیادێكی ئاسانترە بۆ كوشتنیان، بەگشتی لە كۆمەڵگەی كوردی ژن وا ڕاهێنراوە كە دەبێت دەستەموی پیاوان بن، بۆیە ئێستا نازانن ئازادی چۆنە, واتە پارێزگاری لەو دۆخە دەكەن كە وەك ئەوەی لەناو قەفەسێك بن و ئازادی شتێكی نامۆ بێت لایان. ئازادی ژن واتە هاتنە مەیدان و ئیشكردن و جددی بوون بۆ یەكسانی نێوان ژن و پیاو, ئەو كات هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت تەشهیر بكەن و حكوومەت و پەرلەمان ناتوانن بێدەربەست بن لە كوشتن و سوكایەتی پێكردن بەژن.
هەر وەك چۆن سیمۆن دی بۆڤوار-ژنە نووسەرو فەیلەسوفی فەڕەنسی- لە كتێبەكیدا دەڵێت "كە ئێمە خۆمان بێ ڕەگەزی كۆمەڵایەتی لە دایك دەبین، ئەوە كۆمەڵگەیە ئێمە دەستنیشان دەكات نەك خۆمان، كە لە ئەزەلەوە بە ژنی یان بە پیاوی لەدایك ببین بەپێی ئەو وێنانەی كە كۆمەڵگە بۆ ئەم دوو ڕەگەز دەكات". مەبەستی سیمۆن ئەوەیە كە دایك و باوكانیش ناتوانن ئێمە دەستنیشان بكەن بەڵكو كۆمەڵگەیە كاریگەری لەسەر دایك و باوك دادەنێت, واتە لەدایك بوونمان دەست پێدەكات و دواتر سیستەمی خێزان وەك بەشێك لە كۆمەڵگە گەورەكە، بڕیار لەسەر ئێمە و پەیوەندییەكانمان دەدات, هەروەها كۆمەڵگەیە هانی باوكەكان یان براكان دەدات كە كچەكانیان یان خوشكەكانیان بكوژن، ئەگەر كورتكراوەی وێنەی ژن نەبێت بۆ شەرەفی خێزان، چ لۆژیكێكی عەقڵ قبووڵی دەكات كە باوك كچی خۆی یان برا خوشكی خۆی بكوژێت. ئەمەش بەشێكی ترە كە كاریگەری لە دروستكردنی گەشە و بەشداریی و بەڕێوەبردن و ئابووری و هەموو لایەنە گرنگەكانی ژیان هەیە و گیرۆدەی پێناسەیەكن كە كۆمەڵگەبۆی داناون.
ژن لە لایەن شاعیران و نوسەران تا پلەی خوداوەندەكان بەرزكراوەتەوە، جێیەكی شایستەی پێ دراوە، لە هەمان كاتدا جیاوازیەكی زۆر دەبینرێت كە هەموو كات ژن وەك ژێردەستەیەك و زەلیل بینراوە, چونكە پیاوان لە خەیاڵدا وێنەی ئەكێشن و هەر بە خەیاڵ لەگەڵی ئەژین و بە خەیاڵیش وەسفی ئەكەن كە لەگەڵ ئەو كلتورە و ئەو ئازارە زۆرەی ژن بەدرێژیی مێژوو چەشتویەتی، لەگەڵ ئەو وەسف و پیاهەڵدانەدا ناڕەخسێت و یەك ناگرێتەوە.
پێویستە ژن گۆڕانكاری دروست بكات و شەری پیاوسالاری دروست بكات و بەپلە دوو رازی نەبن, ئەگەر ئەم بێدەنگیە درێژە بكێشیت كێشەیەكی زەقتر لەم كۆمەڵگەیە بە كالاكردنی ژنان و سەرقاڵ بوونی ژنانە بە دوای حەزەكانی پیاوانەوە لە كۆمەڵگەیەكی پیاو سالاردا روو دەدات".

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو