دیمەن عەزیز: ئەو كچە پارێزەری توانی خەڵاتی یەكەمی فۆتۆگرافەری بەدەست دەهێنێت

دیمەن عەزیز: ئەو كچە پارێزەری توانی خەڵاتی یەكەمی فۆتۆگرافەری بەدەست دەهێنێت

دیدار-محەمەد هەسنانی: كچە پارێزەرێك لە شاری سۆران بەشداری لە خولێكی فۆتۆگرافەری دەكات، لە نێو دەیان بەشداربوو، بە پلەی نایاب دەردەچێت و خەڵاتی یەكەمی خولەكە وەربگرێت.
دیمەن عەزیز محۆ، دانیشتووی شاری سۆران، دەرچووی فاكەڵتی یاسا، رایگەیاند: "ئەگەرچی كاری پارێزەرایەتی دەكەم، بەڵام مەرج نیە تەنها لەم بوارە شارەزایم هەبێت و كاری خۆم تەنها بە پارێزەرایەتی پەیوەست بكەم، بەڵكو پێویستە مرۆڤ بەهرەو تواناكانی دەربخات و جیاوازیش نابینم لەنێوان رەگەزەكان، بەڵكو تەنها باوەڕ بەخۆ بوونەو لەنێو كۆمەڵگایەكی یەكسان، منیش ویستوومە رۆلی خۆم ببینمەوە لە زۆربەی بوارەكاندا خزمەت بە كۆمەڵكەكەم بكەم و وەك كچێكی چاڵاكوانی یاسایی دەربكەوم و تاڕاددەیەكی باشیش سەركەوتووبوومە".
ئەم كچە پارێزەرە دەشڵێت: "دیارە حەز خولیای زۆریشم بۆ فۆتۆ هەیەو ویستم فێری هونەری فۆتۆگرافەری بم، خۆشبەختانە لەشاری سۆران بەشداریم لە خولێكی فۆتۆگرافەری ئەنجوومەنی ئافرەتانی سۆران كرد، كە بەسەرپەرشتی مامۆستای نێودەوڵەتی (سابر دری) بۆ چەند هەفتەیەك بەردەوام بوو، دەیان ئافرەت تێدا بەشداریان كردبوو، كە لەلایەن خاتوو (پەری نەجیم) راگەیاندنی ئەندامی ئەنجوومەنی سۆرانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان سەرپەرشتی دەكرا، بەهاوكاری گروپی هانا، ئەم خولە بەشێوەی وانە وتنەوەو بەشێوەیەكی كرداریش بەڕێوە دەچوو، كە گەشتمان دەكرد بۆ ناو سروشتی جوانی دەڤەرەكە و فێربوون لە شێوازی گرتنی فۆتۆ، خۆشبەختانە توانیم بە پلەی یەكەم بڕوانامەی خولەكە بەدەست بهێنم، هەروەها خەڵاتی یەكەمی خولەكە وەربگرم، كە بریتی بوو لە كامیڕایەكی فۆتۆی پێشكەوتوو".
ئەوەش دەخاتەروو: "لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوو، كەسانی وەك (پارێزەر، پزیشك، ئەندازیار، مامۆستا، پیشەكار گشت چین و توێژەكان) تەنانەت كەسانی لە ئاستی باڵاوەش كامیڕایان لەناو جەنتاو بەدەستەوەیە هەركە سەردانی شوێنێك دەكەن وێنە تۆمار دەكەن، ئەوەش ئەزموونێكە بۆ ئێمە، بەبڕوای منەوە هونەری فۆتۆگرافی ئارەزوێكە مرۆڤ چێژی لێوەردەگرێت و حەزو خولیایە، پێویستە هەموو مرۆڤێك شارەزایی لەسەر هەبێت، بەتایبەتیش لە شوێنێكی وەك كوردستان، مرۆڤ كاتێك گەشتێك دەكات بۆناو سروشت دیمەنە جوانەكان، خۆی خولیای ئەوەدەكات كە وێنەی جوانی شوێنەكە بگرێت".
لەدوا قسەكانیدا ئەم كچە پارێزەرە داواكار بوو لە هەموو كچ و ئافرەتانی كۆمەڵگە كە پەرە بە تواناو بەهرەكانیان بدەن، چونكە ئەوانیش هیچیان كەمتر نییە لە تواناكی پیاوان و باشان بەشانی ئەوانەوە خاوەن چالاكی و كاری خۆیان بن و بەهرەو تواناكانیان دەربخەن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا واسەیر دەكرێت كە كاری ئافرەت تەنها خزمەتی ماڵەوەو هێنانە دونیای منداڵە، پێویستە ئافرەت خۆی هەوڵبدات لەم چوارچێوەیە بێتە دەرەوەو جگەلە ئەركی ماڵەوەی رۆڵی خۆشی ببینێتەوە لە كارو چالاكی و دەرخستنی بەهرەكانی و شان بەشانی پیاو كاربكات و هەردوو رەگەزەكە تەواو كەری یەكتری بن.

زۆرترین بینراو