دیۆنگە سورەكەی رواندز هێرشبەرە تۆقێنەرەكە

دیۆنگە سورەكەی رواندز هێرشبەرە تۆقێنەرەكە

مەهدی محەممەد – رواندز : 
كاتێ تۆپ لەژێر پێیەكانی دەبێ، لێستاندنی ئەوەندە ئاسان نابێ، كاتێ بەرەو ئاراستەی گۆڵی بەرامبەریش رادەكات، هیچ بەربەستێك نایوەستێنێ، ئەو لە هێڵی ناوەڕاست و هێرشبردن یاری دەكات و یەكلاكەرەوەی یارییەكانە، بۆیە بۆتە بایەخی زۆر لە راهێنەرانی دەڤەری سۆران و هەولێر.
هەرێم محەممەد خدر ناسراو بە سوورە، تەمەنی 16 ساڵە و یاریزانی ناوەندی وەرزش و لاوانی رواندزە، لە دیمانەیەكی كورتی زاری كرمانجی باس لەژیانی وەرزشی خۆی دەكات و دەڵێ‌"سەرەتای كاروانی وەرزشیم لە تیپی لاوانی زەنگ دەستی پێكردو دواتر بووم بە یاریزانی ناوەندی وەرزش و لاوانی رواندز و بۆ تەنها وەرزێكیش بووم بە یارزانی ئەكادیمیای یانەی وەرزشی سۆران و بەشداریمان لە پاڵەوانییەتی ئەكادیمیاكانی هەولێر كرد و جامی خولەكەمان بە دەستهێنا"، هەرێم هەروەكو خۆی باسیدەكات لەم پاڵەوانیەتیە لە دوو یاریدا بووە بە باشترین یاریزانی یاری و گۆڵێك تۆمار بكات و سێ ئەسیست بۆ هاوڕێیەكانی دروست بكات. 
 سوورە لەبەر ئەوەی شێوازی یاریكردنی لە دیۆنگ دەچێ، بۆیە هەندێ لە یاریزانانی هاوڕێی بە دیۆنگ بانگی دەكەن"سەرسامم بە دیبڕۆین و شێوەی یاریكردنیشم لە دیۆنگ دەچێ، بۆیە سەرەڕای نازناوەكەی خۆم كە سوورەیە هەندێ لە هاورێیانی تریشم بە دیۆنگ بانگم دەكەن"،
سوورە بەهۆی ئاستبەرزی و لێهاتوویی لەنێو یاریگەدا، بۆتە جێگەی سەرەنجی زۆر لە راهێنەران"بەشێك لە تیپە میللییەكان پەیوەندییان پێوە كردووم بۆ ئەوەی یارییان بۆ بكەم، هەروەها شەبابی هەولێریش داوایان لێكردووم، بەڵام جارێ بریارم نەداوەو نامەوێت پەلە لە بریاردان بكەم"، 
دیۆنگەكەی رواندز ئاواتەخوازە رۆژێك یاری بۆ یانەی هەولێر یان دەربەندیخان بكات و بە پێكەنینەوە ئەوەش دەڵێ‌"یاریكردنم لەنێو یاریگەكانی جیهان، ئامانج و خەونی داهاتووی منە، تەنها هەوڵدان و خۆماندووكردنی دەوێت، ئەو رۆژە هەر دەهێت وەك یاریزانێكی كورد لەنێو یاریگە ئەوروپییەكان یاری بكەم".

 

زۆرترین بینراو