دەبێت ئەمساڵ قەرەبووی خوێندنی ساڵی پار بكرێتەوە

دەبێت ئەمساڵ قەرەبووی خوێندنی ساڵی پار بكرێتەوە

لە دیمانەیەكی تایبەتی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا، مامۆستا نەجیبە عەلی ئەحمەد ، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سۆرانی بنەڕەتی كوڕان، كە دەرچووی خانەی مامۆستایانی هەولێرە ساڵی دەرچوونیش وەك خۆی باسی دەكات ، ‎١٩٨٦-١٩٨٧ ، لە ‎١٩-١١-١٩٨٦ وەك مامۆستا بۆیەكەم جار دەست بەكاربووە، سی و دووساڵ و نۆمانگە خزمەت دەكات لەبواری پەروەردە وەك : مامۆستا ، یاریدەدەر، بەڕێوەبەری قوتابخانە تائێستاش بەردەوامە لە كارەكەی خۆی.
لە نزیكەوە زاری كرمانجی چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد لە سەر چۆنیەتی دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن و خۆگونجاندن لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا.
دیمانە: محەممەد مەحموود
* وەزارەتی پەروەردە بڕیارێكی درووستی دواوە بۆئەوەی خوێندن بەشێوەی ناوپۆل دەستپێنەكاتەوە؟
-بڕیارێكی نادرووستە، پێویستە لە پێش هەموو شتێك گرنگی بدرێت بەخوێندن، هەرگەلێك و نەتەوەیەك بیەوێت پێشبكەوێت ، بە پەروەردەو فێركردن دەتوانێت پێشبكەوێت.
بۆیە دەبێت پێش فەرمانگەو كافتریاو شوێنە گشتییەكان ،قوتابخانەكان دەست بەدەوامی ئاسایی خۆیان بكەنەوەو لەكاتی خۆیدا بێت.
* خوێندن بەشێوەی ئەلیكترۆنی سەركەوتوو دەبێت ؟
- نەخێر، خوێندنی ئەلیكترۆنی سەركەوتوونییە لەبەر زۆر هۆكار، دەتوانن ئەو ماوەییەی كە كرا بە ئۆنلاین بكەنە پێوەر بۆئەوەی بزانن تاچەندە سەركەوتوو بووە.
* بۆقوتابییانی بازنەی یەكەم خوێندنی ئەلیكترۆنی سوودی دەبێت؟
-بۆقوتابیانی بازنەی یەكەم خوێندنی ئەلیكترۆنی بەهیچ شێوەیەك سەركەوتوو نابێت ، وەدەبێت ئەمساڵ قەرەبووی خوێندنی ساڵی پار بكرێتەوە، بەتایبەتی بۆ پۆی یەكەمی بنەڕەتی، چونكە ئەو پۆلە بناغەی فێركردنی ئەلف و بێیە بۆقوتابی.
* چۆن دەتواندرێت لەئەگەری دەستپێكردنەوەی خوێندنی ناوپۆل، شێوازی خۆپارێزی جێ بەجێ دەكرێت؟
- زۆر رێگە هەن بۆ شێوازی خۆپارێزی ، بەتایبەتی ئەو قوتابخانانەی كەوا یەك دەوامن یان رێژەی قوتابییان كەمە ببن بە دوو دەوام، وەئەگەر میلاكی مامۆستایان كەبێت دەتوانن بەمامۆستای وانە بێژپڕی بكەنەوە.
*لە قەرەباڵغی پۆلەكان و قوتابخانە دەكرێت رێنمایی تەندروستی جێ‌ بەجێ‌ بكرێت؟
رێنمایی تەندروستی جێ بەجێ دەكرێت، ئەگەر قوتابییەك تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو دەتوانێت ئەو كات بە ئۆنلاین بخوێنێت، وە قوتابی یەكە ببێتە مۆڵەت بۆماوەی چارەسەری لەگەڵ بەكارهێنانی هۆكارەكانی خۆپارێزی وەكو دەستكێش و دەمامك و پاك ڕاگرتنی قوتابخانە بەگشتی.
* چۆن بتوانین پڕۆسەی خوێندن لەگەڵ كۆرۆنا بگونجێنین؟
بەڕای من كۆرۆنا تێكەڵ بەهەڵامەتی وەرزی دەبێت ، ناكرێت ئێمە دەستەوەستان بووەستین ، دەبێت خۆمان بەهێزبكەین لەو ڤایرۆسە، ئەگەرنا ژیان بەردەوامی نابێت تاكو وابیر بكەینەوە زیاتر زەرەرمەند دەبین لە هەموو روێكەوە.
*ژمارەی قوتابییان و مامۆستایانی قوتابخانەكەتان چەندە؟
ژمارەی قوتابییانمان ١٥٤ ، قوتابییە لە پولی یەكەمی بنەڕەتی تاوەكو پۆلی شەشەمی بنەڕەتی ژمارەی مامۆستایانمان ئەوانەی بەكردار دەوام دەكەن ١١ مامۆستایە، فەرمانبەرانیش دووپاسەوان و سێ بەردەستە.
* دەكرێت هەندێك لەبەشە وانەكان كەم بكرێنەوە؟
- بۆكەمكردنەوەی بەشە وانەكان دەكرێت هەندێ‌ وانە كەم بكرێنەوە وەك كەمكردنەوەی بەشەوانەكانی وەرزش، هونەر، سروود، وە لە بابەتەكانی تریش دەكرێت كەم بكرێتەوە.
*چ پێشنیارێكت هەیە بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان؟
- من پێشنیار دەكەم دەرگای قوتابخانەكان لەكاتی خۆیدا بكرێتەوە، بەر لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكانیش پێویستە رێكارە تەندروستیەكان بگیرێنە بەر بۆئەوەی بتوانین بەسەر هەر حاڵەتێكی نەخوازراو زاڵبین.

زۆرترین بینراو