دەرماڵە و پارەی بڕوانامە بۆ هەموو هێزەكانی پێشمەرگە خەرج دەكرێت

دەرماڵە و پارەی بڕوانامە بۆ هەموو هێزەكانی پێشمەرگە خەرج دەكرێت

چاوپێكەوتن –ڕائیب شێروانی: رێڤینگ هرۆری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" لە هەرێمی كوردستان یاسای چەك هەیە، ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێ بكرێت ئەوكات دیاردەی چەكهەڵگرتن نامێنێت و ئێمەش هەوڵی جددی دەدەین بۆ ئەوەی دیاردەی چەكهەڵگرتن نەمێنێت، بازاڕی چەكفرۆشتنیش قەدەغە بكرێت. دەشڵێ:" بەپڕۆژە یاسایەك باری ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە باش دەكرێت، مووچەی هەموو هێزەكان یەك دەخرێت و زیاد دەكرێت.
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:"پرۆژە یاسای باری ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە گرێدراوە بە پرۆژەی چاكسازییەوە، گرێدراوە بەوەی كە هەر دوو هێزی 70 و 80 ببنە یەك، لە ئێستادا وەزارەت بە هەماهەنگی هاوپەیمانان سەرقاڵی رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیە و بڕیارە لەو چوارچێوەیەدا هێزێكی نیشتمانیی یەكگرتوو هەمووی لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا دروست بكرێت و هەنگاوەكانیش دەستیان پێكردووە، لەگەڵ تەواوبوونی پلانی وەزارەتی پێشمەرگە، هیچ هێزێك لە دەرەوەی سیستەمی وەزارەت نابێت و ئیدی هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەن سوپایەكی یەكگرتووی دوور لە ئینتیمای حزبی و هەتا لە ڕووی پێداویستی و جلوبەرگیشەوە یەك سیستەم پەیڕەو دەكرێت".
هرۆری، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" سوپایەكی نیشتمانی داوای هەموومانە، داوای هەر تاكێكی كوردە، بەڵام زیاتر بەرپرسیارەتی پارتی و یەكێتی یە، دەبێت كار بكرێت بۆ ئەوەی سوپایەكی نیشتمانی دروست بكرێت، ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ هاوپەیمانەكان خەریكن، هاوپەیمانەكان پەلەیانە و داوا دەكەن كە سوپایەكی نیشتمانی دروست بێت، سەركردایەتیش لەگەڵ ئەوەیە كە ئەو دوو هێزە ببنە یەك، چونكە هەر كاتێك بوونە یەك، مووچەی ئەوان دەبێت بە یەك، جلوبەرگیان وەكو یەكدی دەبێت، سەركردەكانی ئەوان دەبنە یەك سەركردە، رێكخستنی حزبایەتی زیاتر لەناو دەردەكەوێت دەبێتە رێكخستنی لەشكری نیشتمانی، ئەو خاڵانە هەموو بە یەكەوە گرێدراون.
رێڤینگ هرۆری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان گوتیشی:" ئەوەی كە گرێدراوە بە دەرماڵە و خانەنشین، زۆر پێشمەرگە خانەنشین دەكرێن، جیاوازی مووچەی هێزی پێشمەرگە، وەكو لیژنەی پێشمەرگە بە نووسین داومانەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان، ئەوانیش رەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیان كردووە، لە كارنامەی سەرۆكی حكوومەتیشدا هاتبوو كە هەوڵ بدەن، ئەو كێشانەی كە هێزی پێشمەرگە هەیانە لە خانەنشین و پلە بەرزكردنەوە و مووچەی هێزی پێشمەرگە وەك یەك لێ بكەن، هەوڵ هەیە بۆ ئەم مەبەستە بەڵام تا ئێستا دیار نیە كەی مووچەی هێزی پێشمەرگە زیاد دەكرێت و یان یەك دەخرێت، بەڵام بە تەئكید دەرماڵە و پارەی بڕوانامە بۆ هەموو هێزەكانی پێشمەرگە خەرج دەكرێت، مووچەی هەموو هێزەكان یەك دەخرێت و دواتر زیاد دەكرێت.
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە:" تا ئێستا نەتواندراوە دیاردەی چەكهەڵگرتن كۆنترۆڵ بكرێت، چونكە هەندێك كەس لە ماڵی خۆیان جەبخانەیان هەیە، بەڵام هەوڵەكانیش بەردەوامن‌ بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە بنبڕ بكرێت، یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان هەیە، چەكی بێ مۆڵەت قەدەغە بكرێت، بڕیار بوو وەزارەتی ناوخۆ جارێكی دیكە رێنمایی دەربكات، جەوڵەیەكی دیكە بكەن بۆ چەكی بێ مۆڵەت، بەڵام تا ئێستا نەكراوە، یاسا هەیە هەر كاتێك وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێكی دا دەست بەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت دەكرێت، ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێ بكرێت، چەكی بێ مۆڵەت بنبڕ دەكرێت، بازاڕی چەكفرۆشتن تا ئێستا هەیە و پێویستە ئەو بازاڕانەش دابخرێن، چوكە ناكرێ هەبن، بۆیە هەوڵەكان بەردەوام دەبن تا ئەو بازاڕانەش دابخرێن".

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو