دەرچووانی خولی دووەمی پۆلی دوانزدە وەردەگرین

دەرچووانی خولی دووەمی پۆلی دوانزدە وەردەگرین

دكتۆر یادگار رەسول، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سۆران بۆ كاروباری قوتابییان، لەدیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ زاری كرمانجی باس لەوە دەكات كەوا بۆ ئەم ساڵی خوێندن زانكۆی سۆران سیستەمی پۆڵۆنیا جێبەجێ دەكات، ئامادەكارییەكانیش تەواوبوونە بۆ وەرگرتنی قوتابییان بۆئەمساڵی خوێندن ، لە لایەكی تریشەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كەوا زانكۆی سۆران ئەمساڵ دوو بەشی نوێی زانستی دەكاتەوە .دكتۆر یادگار باس لەوەش دەكات كەوا زانكۆی سۆران كێشەی كەمی میلاكی نییە، بەڵام هەركاتێك حكومەت بڕیاریدا دەرچووە یەكەمەكان دابمەزرێت ئەوا ئێمەش یەكەمەكانمان وەك فەرمانبەر وەردەگرین.
دیمانە: غەفور عەبدوڵڵا
*پلانی زانكۆی سۆران بۆ ساڵی نوێی خوێندن چییە؟
- بۆ ئەم ساڵی خوێندن، سیستەمی خوێندن لە زانكۆی سۆران دەبێتە سیستەمی پۆڵۆنیا پروسێس، ئەم سیستەمە پێویستی بەوەیە كەوا لە مانگی نۆیەوە دەست بە خوێندن بكرێت بۆ ئەوەی تەواوی پرۆگرامی ساڵی خوێندن تەواوبكرێت، ئەگەر بە كورتی باسی پۆڵۆنیا پرۆسێس بكەم ، سیستەمێكی نوێی خوێندنە لە زۆرێك لە وڵاتە ئەوروپییەكان جێ بەجێ دەكرێ، لەم سیستەمەدا ئەركی قوتابی زیاتر دەبێت، ئەم سیستەمە لە دوو سیمستەر پێكدێت، بۆ هەر سیمەستەرێك شانزدە هەفتە وانە دەخوێنرێت، بەڵام ئەم سیستەمە تەنها بۆ قوتابییانی قۆناغی یەكەمی ئەم ساڵ جێبەجێ دەكرێت، قۆناغەكانی تری خوێندن بە هەمان سیستەمی كۆن دەخوێنن.
*زانكۆی سۆران ئەو قوتابییانە وەردەگرێت كەوا لە خولی دووەمی پۆلی دوانزدە دەرچوون؟
- وەزارەتی خوێندنی باڵا زانكۆیەكانی سەرپشككرد بۆ ئەوەی بڕیاربدەن كەوا ئەو قوتابییانەی دەرچووی خولی دووەمی پۆلی دوانزدەن وەربگرن یان نا، ئێمەش وەك زانكۆی سۆران دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی زانكۆ بڕیارماندا دەرچووانی خولی دووەمی پۆلی دوانزدە وەربگرین، ئەمەش بۆ ئەوەی مافی ئەو قوتابییانە نەخورێت و لە سیستەمی خوێندن دانەبڕێن.
* بۆ ئەم ساڵ خوێندن چەند قوتابی وەردەگرن؟
- زانكۆی سۆران لە پلانیدایە بۆ ئەم ساڵەی خوێندن نزیكەی 1375 قوتابی لە حەوت فاكەلتی وەربگرێت، لەو قوتابیانە 950 قوتابی بۆ خوێندنی بەیانییانن وە نزیكەی 150قوتابی بۆ خوێندنی پارالێلە، بۆ خوێندنی ئێوارانیش داوای 275قوتابیمان كردووە.
بۆئەمساڵی خوێندن هیچ بەش و فاكاڵتی نوێ لەزانكۆی سۆران دەكرێنەوە؟
لەم ساڵەی خوێندندا زانكۆی سۆران هەردووك بەشی(ژمێریاری و بەڕێوەبردنی كار) لە فاكەلتی یاسا و زانستە سیاسییەكان و بەڕێوەبردن دەكاتەوە، بۆ ئەم دوو بەشە نوێیانەش تەواوی ستافی زانستی دابینكراوە.
*كارەكانی كەمپی زانكۆ بە كوێ گەیشتوون ؟
-كەمپی بەنی باپشتیان پرۆژەیەكی زۆر گەورەیە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، شوێنێكی زۆر ستراتیژییە، ئێمە لە 2013وە دەستمان بە كارەكان كرد بەڵام ئەو قەیرانە رۆڵی هەبوو لە دواخستنی، چونكە پرۆژەكە پارەیەكی زۆری دەوێت بەهۆی قەیران كارەكان دوا كەوتن، بەڵام لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەی كە ماستەر پلانی 48 باڵەخانە لەوێ تەواو بووە، هاوكات دیزاینی وردی 18 باڵەخانە تەواو بووە، ئەو 18 باڵەخانەی كە ئێستا وەكو پێویستی زۆر پێویستن ئەگەر ئێستا زانكۆی سۆران بچێت بۆ كەمپەكە ئەوا ئەو 18 باڵەخانەی پێویستە ئیتر دیزاینە وردەكە تەواو بووە، تەنیا ماوەتەوە دەست بە پرۆژەكە بكرێت و پارەی بۆ تەرخان بكرێت.
ئێمە لە سەرو بەندی ئەوەین كە هەوڵ بدەین بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان باش بێت و داوای ئەو پارەیە بكەین و دەست بە پرۆژەكە بكەین ، بۆیە نەك تەنیا دیزاین بەڵكو ژێرخانیشمان تەواو كردوو.
ئەو كەمپە زیاتر دەكرێت بڵێین شارێكی ئەكادیمییە و ڕەچاوی تەواوی شتەكان كراوە، لەم كەمپەدا بابەخ بەوەشدراوە كە نە مامۆستا و نە قوتابییان پێویستییان بە دەرەوەی ئەو شارە ئەكادیمییە نەبێت، شوێنی حەوانەوە و خواردن و خواردەمەنی و بازار ئەمەش لەبەر چاو گیراوە، لەو ماستەر پلانەدا زانكۆی سۆران، حیسابی ئەوەی كردووە كە دەتوانێت 15 هەزار قوتابی وەربگرێت، ئەو 15 هەزار قوتابییەی كە بەشی زۆریان لە بەشە ناوخۆیەكان دەمێنەوە بۆیە حیسابی تەواوی شتەكان كراوە، ئەگەر ئێمە بچینە كەمپی باپشتیان ئەوا كەمپی دێڵزیان وەك كەمپی دووەمی زانكۆی سۆران دەمینێتەوە، لە پلانماندایە تەرخانی بكەین بۆ بەشی كشتوكاڵ یان گەشتوگوزار.
تەواوبوونی ئەم كەمپە دەكرێت وابكات ژمارەیەكی زۆری زانكۆی نێودەوڵەتی بێنێتە سۆران، هەر وەك پێشتر سەرۆكی زانكۆی لیستەری بەریتانی داوایكردبوو دوای تەواوكردنی كەمپی باپشتییان لقێكی زانكۆی لیستەر بێننە سۆران. بۆیە بە تەواوبوونی ئەم كەمپە زانكۆی سۆران قۆناغێكی گەورە بەرەوپێشەوە دەچێت.
*زانكۆی سۆران كێشەی كەمی میللاكی هەیە؟
- پێمان وانییە پێویستیمان بە زۆری فەرمانبەر هەبێت، بۆ ئەوەی ئیشەكان بروات زۆرجار فەرمانبەر كەمتر بێت ئیشەكان ئاسانتر دەروات، بۆیە چەند ساڵی رابردوو ئێمە داوای میلاكمان لە حكومەتی هەرێم نەكردوە، بە گشتی ئێمە كێشەی فەرمانبەرمان نییە، هەندێك لە بەشەكانمان ماموستای زیادی هەیە.
بۆقوتابییە یەكەمەكان چیتانكردووە؟
-بریارێك هەیە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە یەكەم و دووەم و سێیەمی هەر بەشێكی زانستی دابمەزرێت، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانەی كە هەبوو یەكەم و دووەم و سێیەمی ئەو چەند ساڵە دانەمەزراون، بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵا و تەنانەت كابینەی نوێی حكومەت لە هەوڵدان بۆ ئەوەی یەكەم و دووەمی و سێیەمی سەر ئاستی بەشە زانستییەكان دابمەزرێندرێن، گەر لە حكومەت بریارەكە جێبەجێ كرا ئەو قوتابییانەی لە لایەن خۆمان بوونە یەكەم و دووەم و سێیەم دادەمەزرێن و دەبنە فەرمانبەر.

زۆرترین بینراو