
دەستدرێژی دەکرێتە سەر ناوچەیەکی گرنگی دەڤەری سۆران
زاری کرمانجی - سۆران: بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران ئاشکرای دەکات" لەدەشتی دێلزیان سنووری ناحیەی دیانا, لەلایەن کەسانی نەناسراو دەستدرێژی دەکرێتە سەر ناوچەیەکی شوێنەواری و هەڵدەدرێتەوە و نیازی بەدەستهێتانی زێڕ و زیوی و شت و مەکی گرانبەهایان لێ هەیە.
لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران هەزار و حەفتا ناوچەی شوێنەواری تۆمار کراو بوونی هەیە کە بەشێکییان زۆر گرنگ و مێژووی یەکجار کەوناریان هەیە و 70 ناوچەی شوێنی نوێش دۆزراونەتەوە کە پێکهاتوون گۆڕستان, گردی شوێنەواری و ناوچەی شوێنەواری تر.
عەبدولوەهاب سولێمان بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران بە زاری کرمانجی گووت" چەند جارێکە لە لایەن کەسانی نەناسراو دەستدرێژی دەکرێتە سەر گردە دەشتی دێلزیان, کە شوێنێکی گرنگه لە ڕووی شوێنەواری و مێژووییەوە, دەکەوێتە نێو دەشتی دیانا شوێنەکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە کۆنترین زەمەن کە ژیانی لێ بووە دەگەڕێتەوە سەردەمی " حەلەف " نزیکەی 7500 ساڵ پێستا ژیانی لێ هەبووە.
زیاتر گووتی" بەداخەوە خەلکانێک بیرکردنەوەی زۆر خراپیان بەرامبەر ئەو ناوچە شوێنەوارییە هەیە, وا لێ دەڕوانن شوێنەکە گۆڕی پاشایەکی بەدەسەڵاتی سەردەمەکە بووە و کەل و پەل و شتی گرانبەها و سەروەت و سامانی لەگەڵ نێژراوە, کەچی ئەمە هیچ ڕاستی بۆ نییە, ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە وای کردووە تەنها لەو مانگەدا چەندین چاڵی گەورە لە شوێنەکە لێ بدرێت و هەڵدراوەتەوە .
عەبدولوەهاب سولێمان دووپاتی کردەوە" بەپێی لێکۆڵینەوە و بەدووداچوونەکانی ئێمە, دەشتی دێلزیان و گردە دەشت شوێنێکی لەبار بوونە بۆ کشتووکال کردن لە سەردەمی حەلەف و دواتریش هەزاران ساڵ بەر لە ئێستە کاری کشتووکالی لێ کراوە و هەر خەلکانێک چەند سەد ساڵێک لێژیاون دواتر بە هۆکاری نەخۆشی, رووداوی سرووشتی, شەڕ و پێکدادان و چەند هۆکاری تر شوێنەکەیان جێهێشتووە و دیسان خەلکی تر هاتوونە شوێنەکە و ژیانی تێدا بەردەوام بووە, ژیانی بەردەوام و دروست کردنی خانووی قوڕ, وای کردووە گردێک لەنێو دەشتەکە دروست ببێت و بەهۆی تەمەنی زۆری بووەتە شوێنەواری".
روونی کردەوە" دەستکاری کردنی ناوچەی شوێنەواری بەلای ئێمەوە, تاوانێکی گەورەیە و لاپەڕەکانی مێژووی وڵاتەکەی لێدەکاتەوە و لەناودەبات و خزمەت بە دوژمن دەکرێ, بۆیە هەر زانیاریەکمان لەسەر ئەو کەسانە پێبگات بێگومان ڕووبەڕووی دادگایان دەکەینەوە کە بە زیاتر لە 15 ساڵ سزا دەدرێن . نایشارێتەوە, لە ساڵی 2020 چەندین خەلک لەسەر دەستکاری ناوچەی شوێنەواریەکان و هەڵدانەوەی ناوچەکان ڕووبەڕوی یاسا کراینەوە و حکومدراون .