د. ئاشنا بابان: هەرێم توانیویەتی لەم گۆڕانكارییانە چوار دەوری خۆی بگرێ‌

د. ئاشنا بابان: هەرێم توانیویەتی لەم گۆڕانكارییانە چوار دەوری خۆی بگرێ‌

دیمانە / سوبحان راغب
د. ئاشنا بابان، مامۆستای زانكۆ، پسپۆر لە سیستمی سیاسی و یاسایی دەستووری، بە زاری كرمانجی گووت "بوونی ئەو پێگە بەهێزەی ئێستای پارتی لەنێو حكومەت و پەرلەمان هەیەتی كاریگەرییەكی زۆری هەیە لە سەر چاكسازی گەورە و دەسەڵاتێكی زۆری هەیە". دەشڵێت " ئەو ژمارە زۆرەی كورسی پەرلەمانیش كە بەدەستی هێناوە لە رێگەی دەنگی خەڵك و شەرعەییەتی پێدراوە نایەوێت لە دەستی بدات و پاڵپشتی هاووڵاتییان بۆ پارتی وەك كارێكی حەتمی لێهاتووە".
لە سەرەتای دیمانەكەیدا د. ئاشنا بابان، لەبارەی پرسی چاكسازی هەرێمەوە گووتی " یەكێك لە كارە گرنگەكانی حكومەتی هەرێم یا بەگشتی لایەنە سیاسییەكان كە باسی لێوە دەكەن پرسی چاكسازییە، ئەمەش بۆ رازیكردنی هاووڵاتییانە و پێویستییەكی زۆر زەرووریشە ئەو چاكسازیانە بكرێن، ناكرێت بڵێن ئەم چاكسازیانە لە ماوەی شەو و رۆژێكا ئەكرێ‌، بەڵكو كاتی و ئەنجامدانی چەند ڕێكارێكی دەوێ،‌ بەڵام ئەوەی ئێستا لێرە بانگەشەی بۆ ئەكرێ‌ بەڕاستی گۆڕانكاری جدی ڕوویداوە، ئەگەر سەیری وەزیرەكان بكەین جۆرێك جیاوازتر لە وەزیرەكانی تری پێشخۆیان دەردەكەون و هاووڵاتییان ئەبینن و كاری هاووڵاتییان جێبەجێ‌ ئەكەن، لەبارەی ئەو قسانەشی كە دەگوترێت وەزیرەكانی ئێستا جۆرێك لە نمایش دەنوێنن لە بابەتی بەرێكردنی هاووڵاتییان و لێ نزیك بوونەوەیان, پێم وایە ئەوەی گرنگە خوودی وەزیرەكان لەنێو خەڵكدان ئەگەر چی نمایشیش بێت گرنگ بەرپرسەكان لەنێو هاووڵاتییانی خۆیانن. بەو واتایەی ئێستا هاووڵاتی ئازادترن لە بینینی وەزیرێك وەك ئەوەی لە پێشوتردا هەبوو، كە بۆ بینینی وەزیرێك هەوڵی دەدا. ئەم كارەی وەزیرەكانی ئێستاش بە سوودی هاووڵاتییان تەواو دەبێت سەڕەڕای ئەمەش هاووڵاتییان ئێستا بە بەراورد بە پێشوو چاوكراوەترن و لەوە دەگەن كێ‌ نمایش دەكات و كێ‌ لەگەڵ كۆژانەكانیانە".
لە درێژەی قسەكانیدا ناوبراو ئاماژەی بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێم و هەوڵەكانی پەرلەمانی كوردستان كرد" پێشوتر ئەگەر چی ڕەشنووسی دەستوور دانرابوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی كۆمەڵێك لە پارتە سیاسییەكان لەسەر كۆمەڵێك بابەت ناكۆك بوون ئەمەش بووە هۆی مردن یا لەدایك نەبوونی دەستووری هەرێمی كوردستان و تەنها بە ڕەشنووس مایەوە، لەبەر ئەمە پەرلەمانی كوردستان ئەمجارە هاتووە بۆ ئەوەی كە لایەنەكانی كوردستان ڕازی بكات و لەسەر پێشنیارەكانیان گفتوگۆ بكات تا ئەمجارە دەستوورێكی بە هێز كە ماف و ئەرك و ئازادییەكانی تاكی تیا پارێزراو بێت و خزمەتی كۆمەڵگای كوردستان بكات و ببێتە بنەمایەكی بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان و ئیدارەی دەوڵەت، چونكە ئەو كەموكوڕیانە و گەندەڵیانەی هەن هەمووی لە نەبوونی دەستووری تایبەتی هەرێمی كوردستانەوە سەریان هەڵداوە, ئەگەر دەستوور هەبێت كۆمەڵێك بابەت بە بەرچاوی هەمووان ڕووونتر دەبێت لەوەی ئێستا هەیە. بەو پێیەی دەستوور دایكی یاساكانە".
لەبابەت دۆخی ئێستای عێراق و لێكەوتەكانی وای گووت " دۆخی عێراق دۆخێكی زۆر شڵەژاو و نا ئارامە، ئەم ڕووداو و كێشانەی لە عێراق ڕوودەدەن تەواو كێشەی ناوخۆ نین و دەست تێوەردانی دەرەكی هەیە, هەم ئەمریكا ڕۆڵی تیا هەیە هەمیش ئێران و وڵاتانی دراوسی, ئەمانە بۆ خۆی جۆرێك لە دۆخێكی تەواو ناڕوونن و بە ئاراستەیەكی خراپ دەڕوات. نابێ‌ بیریشمان بچێ‌ ئەگەر پێشوتر كێشەكان تەنها لەنێوان شیعەو سوونەكان بوو بێت ئێستا لەنێوان شیعە بەرامبەر بە شیعەیەكی ترە و لە ناو خۆشیانا بەربەرەكانی دروستبووە و لە یەكتری جیابوونەتەوە. ئەوەی دەیبینین و دەبیسترێ‌ و ڕەنگە ببێتە واقعێك دەستلەكار كێشانەوەی د. عادل عەبدول مەهدی و هەڵوەشانەوەی پەرلەمانە، ئەمانە هەمووی كارێكی خراپە و كاریگەریشی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێ".
ئەم مامۆستایەی زانكۆ، بۆ پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا هاوكات پێكهێنانی لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ئەمەی خستەڕوو: "كاتێك حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن نامەیەكی هەبوو بێگومان لەسەر كۆمەڵێك بابەت بوو كە پابەندبوونێكی پێوە بوو، ئەوەی ئێستا دەبینرێت ئەو پابەندبوونە بەشێوەیی پێشووتر نەماوە بەهۆی ئەو دۆخە ڵێڵەی بەسەر عێراقدا هاتووە، یا كەس نازانێ‌ چی بەسەر دێت، لەبەر ئەوەی هەرێم لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق لێكتێگەیشتنێكی هەیە، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو نەمێنێت و یەكێكیتر بێتە سەر حوكم رەنگبێت ئەو رێككەوتنانە نەمێنێت و بە بارێكی خراپتردا بڕوات. پێشبینی و سەرەدەری ئەم بابەتە كەمێك قورسە و دۆخەكە دیار نییە بەچ ئاقارێكا دەروا, سەبارەت بە پرسی پێكهێنانی لیستی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، راِستییەك هەیە كە لەهەر شوێنێك كورد یەكگرتوو بێت هێزێك و توانایەكی باشتری هەیە، ئەم یەكبوونەی ئێستا لایەنە كوردییەكانیش جێی دڵخۆشییە كە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان لیستێكی هاوبەشیان پێكهێناوە و گرنگی زۆری ئەبێت بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی كێشە لەسەرن و لەسەرووی هەمووشیانەوە كەركووك".
لە كۆتایی دیمانەكەیدا، د. ئاشنا بابان مامۆستای زانكۆ لە زانستە سیاسییەكان، كشانەوەی ئەمریكای لە ڕۆژئاوای كوردستان و جێهێشتنی كوردی لە ناوچەكە ڕوونیكردەوە " كورد لەم بابەتەدا بە هەڵە داچووە، چونكە لە سیاسەتدا هاوڕێی هەمیشەیی نییە، بەڵكو بەرژەوەندی هەمیشەیی هەیە. هۆكاری كشانەوەی ئەمریكاش ڕێكەوتنی بوو لەگەڵ توركیا، چونكە پێشوتر توركیا داوای ئەوەی كردبوو كە ناوچەیەكی ئارام لە سووریا دروست دەكات و ئاوارە سوورییەكان دەگەرێنێتەوە سووریا و لەو ناوچە ئارامەی سووریا كە بۆیان دروست دەكات نیشتەجێیان دەكات، ئەوەی ئێستا بەرچاوە فعلەن دەیەوێت ئەو كارە بكات و بەسەرپەرشتی هاوپەیمانەكان ناوچەكە ئەپارێزرێت، هاوكات لە چەند رۆژی رابردوو هێزی ئەمریكا لە سنوورەكە دەركەوتوونەتەوە و ئەم هەڵبەز و دابەزەی سیاسەتی ئەمریكا و كارەكانی ترەمپ ئەندامانی كۆنگرێسی كردۆتە دووبەش و بەشێكیان سەركۆنەی دەكەن و بەتەواوی دژی كارەكانی ترەمپن و دیاری كراوتر هەڵوێست لەسەر ڕووداوی چۆڵكردنی سەرەتای رۆژئاوای كوردستان وەرئەگرن لە چوارچێوەی سووریا. بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو گومان دەكەم شكستی كۆنكرێتی بۆ ئەو(ترەمپ) هەبێت".

بیروڕا

زۆرترین بینراو