د. ساڵح عومەر: یەك لیستی سیاسەتی عێراق پووچەڵ دەكاتەوە

د. ساڵح عومەر: یەك لیستی سیاسەتی عێراق پووچەڵ دەكاتەوە

ئا: رەمەزان هەرنی: لە دوای راگەیاندنی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كە بڕیارە لە نیسانی ساڵی 2020 ئەنجامبدرێن 14 پارتی سیاسی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان دەبن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان. د. ساڵح عومەر، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانستە سیاسییەكان دەڵێ:" بەغدا دژی ئەوە بوو كە حزبە كوردستانییەكان هەموو ببن بە یەك، دوای سەركەوتنی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان عێراق ناتوانێت بە هێز و شەڕ دیموگرافیای ئەو ناوچانە بگۆڕێت و بە سەركەوتنی لیستی هاوپەیمانی لەم هەڵبژاردنەدا بەغدا ناچار دەكات گفتوگۆی تازە لەگەڵ كوردستان بكات.
د. ساڵح عومەر، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانستە سیاسییەكان بە زاری كرمانجی گوت:" بە گشتی رەوشی ئێستای عێراق بە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت, لەم ئاڵۆزیانەدا كورد زیانی زۆری بەردەكەوێت بە تایبەتی لە پارێزگای كەركووك كە لە دوای ساڵی 2005 تا ئێستا رێگەیان نەداوە هیچ هەڵبژاردنێك لەو شارەدا ئەنجامبدرێت، دواتر رووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەر بۆ هۆكاری ئەوەی بارودۆخێكی سەربازی دروست ببێت و بەسەر كەركووك دا بسەپێنن هەر ئەم هۆكارانەش بوونە هۆی ئەوەی كە كورد لە كەركووك پەرت و بڵاو ببن، دەنگێكی زۆری كورد بە فیڕۆ بچێت، بەڵام یەك لیستی پارتە كوردییەكان لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق لە كەركووك دەبێتە گۆتارێكی یەكگرتوو و پێگەی كورد بەهێز دەكات لە هەمانكاتدا دەنگی لایەنە بچووكەكان بۆ لیستی هاوپەیمانی كوردستانی دەگەڕێنەوە، متمانەی هاووڵاتیانیش دەگەڕێتەوە بەتایبەتی لە پارێزگاكانی مووسڵ و كەركووك و ئەو شوێنانەی هەڵبژاردن تێدا دەكرێت متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و هاووڵاتیان دروست دەبێتەوە، بەیەك لیستی لایەنە كوردییەكان دەتوانن بە هێزێكی زۆر پێداگیری لەسەر مافەكانی خۆیان بكەن لە عێراقدا.
لە بارەی بارودۆخی كورد لە دوای رووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەر ناوبراو گووتی:" یەك لیستی پارت و لایەنەكان هەمیشەیی نیە، بەڵام دەكرێت بۆ ماوەیەكی كاتی ئەو پەرتەوازەی كە لە نێوان لایەنەكان دروستبووە دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر یەكگرتویی دروست بكاتەوە، لێك نزیك بوونێك دروست بكاتەوە، تا ئێستاش ناكۆكی هەیە لە نێوان لایەنەكاندا هەندێك جار بەرژەوەندی سیاسی پێش بەرژەوەندی گشتی خراوە ئەمە هۆكارن كە بەردەوام ناكۆكی هەبێت لە نێوان لایەنەكاندا، بە گشتی یەك لیستی لایەنە كوردییەكان بارودۆخێكی نوێ دروست دەكات هەوڵدەدەن زیاتر بەرگری لەمافەكانی كورد بكەن، بەڵام پێویستە پێش هەموو شتێك پێكەوە پارتە سیاسییەكان بیر لە بەرژەوەندی گشتی بكەنەوە تا بتوانن ببن بەخاوەن گۆتارێكی یەكگرتوو.
سەبارەت بە گرنگی یەك لیستی لایەنە كوردییەكان بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، د. ساڵح، ئاشكرای كرد:" یەك لیستی لایەنە كوردییەكان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەبێتە هۆی زیابوونی دەنگی كوردەكان، بە زیادبوونی دەنگی كورد لەو ناوچانە راستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر پێگە و هەیبەتی كورد لەو ناوچانەدا، كاریگەری لەسەر ئەوەش دەبێت كە عێراق ویستی ئەو ناوچانە تەعریب بكات سیاسەتی ئەوان سەركەوتوو نابێت، وەڵامێك دەبێت بۆ ئەو سیاسەتەی لەو ناوچانە پەیڕەویان كردبوو یان جێ بەجێنەكردنی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق، بۆیە ئەم یەك لیستی و یەك دەنگیە تەواوی ئەو سیاسەتە پۆچەڵ دەكاتەوە لەناوچەكەدا بەرێگای سندووقەكانی هەڵبژاردن و ناسنامەی كوردستانی بوونی ناوچەكە زیاتر دیار دەبێتەوە و لە داهاتووشدا بەئاسانی ماددەی 140 جێبەجێ دەكرێت و ئەو ناوچانە بەفەرمی دەگەڕێنەوە سەر ئیدارەی هەرێمی كوردستان.
د. ساڵح، ئەوەشی دركاند:" ئەم یەك لیستیەی كوردەكان بۆ بەغدا خۆش نیە و پێی باشە پەرتەوازەیەك هەبێت لە نێو كوردەكاندا و دەنگی كوردەكان كەم ببێتەوە بەغدا هەمیشە ترسی هەبووە لە كەركووك هەڵبژاردن بكرێت، دەنگی كوردەكان زۆر ببێت لەبەر ئەوەش تا ئێستا رێگەی نەدەدا هیچ هەڵبژاردنێك لە كەركووك بكرێت، ئامادە نەبوو سەرژمێریش بكات كە كورد ژمارەیان زۆرە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە واقعێكی دروست لەناوچەكەدا، عێراقیش ناتوانێت بە هێز و شەڕ دیموگرافیای ئەو ناوچانە بگۆڕێت و بە سەركەوتنی كوردستانیەكان لەم هەڵبژاردنەدا بەغدا ناچار دەكات گفتۆگۆی تازە بكات لەگەڵ كوردستان".

زۆرترین بینراو