د. هەوار نێروەیی: سەرۆكایەتی هەرێم چەترێكە بۆ حزبە سیاسییەكانی كوردستان

د. هەوار نێروەیی: سەرۆكایەتی هەرێم چەترێكە بۆ حزبە سیاسییەكانی كوردستان

رائیب شێروانی – دهۆك: د. هەوار نێروەیی، مامۆستای زانكۆی دهۆك لە دیمانەیەكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" كێشەی عێراق شەخس نیە، بەڵكو عەقلیەتی شەقامی عەرەبییە، جا سوننە بێت، یان شیعە، ئەوە وا دەكات كە عێراق ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت. دەشڵێ سەرۆكایەتی هەرێم بۆتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان، ئەوەش هەنگاوێكی زۆر گرنگە، چونكە سەرۆكایەتی هەرێم توانیویەتی هاوسەنگی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان رابگرێت، ئەگەر كورد بەشدار نەبێت لە حكوومەتی عێراق زەربەیەكی گەورە بە حكوومەتی عەللاوی دەكەوێت و حكوومەتەكەی فەشەڵ دێنێت.
نێروەیی دەڵێ:" لە دەستووری عێراقدا زۆر بەڕوونی باس لە شەڕاكەت و هاوسەنگی كراوە كە پێكهاتەكانی عێراق پێكەوە لە عێراق حوكمڕانی بكەن، ئەوە جێگەی گفتوگۆ كردن نیە، چونكە ئەوە لە دستووردا یەكلا كراوەتەوە، كێشەی عێراق شەخس نیە، بەڵكو عەقلیەتی شەقامی عەرەبییە، جا سوننە بێت، یان شیعە، ئەوە وا دەكات كە عێراق ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت، خەڵكی عێراق دەنگی بەو دەستوورە داوە، دەبوایە كرابایە بنەما بۆ چارەكردنی كێشەكانی عێراق، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەكرا، جێبەجێ نەكردنی دەستوور وای لە هەرێمی كوردستان كرد كە ریفراندۆم ئەنجام بدات، جێبەجێ نەكردنی ماددەكانی دەستوور وەكو خۆی وای لە عێراق كرد كە رۆژ بۆ رۆژ بارودۆخی ئەو وڵاتە تێك بچێت، هەر ئەوەش بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش و گروپە چەكدارەكان، ئەگەر كورد یەكدەنگ و یەكڕیز بێت، عەللاوی ناتوانێت هیچ بكات، ئەگەر كورد بەشدار نەبێت لە حكوومەتی داهاتووی عێراق زەربەیەكی گەورە بە حكوومەتی عەللاوی دەكەوێت و حكوومەتەكەی فەشەڵ دێنێت، چونكە سوننە و بەشێكی شیعە لەگەڵ عەللاوی دا نینە، بۆیە نازانم عەللاوی پشت بە كێ دەبەستێت و ئەوەندە داكۆكی لەسەر ئەوە دەكات كە بەبێ پێكهاتەی كورد حكوومەت پێكبهێنێت، ئەوە حاڵەتێكی نوێیە لە عێراق روو دەدات، بۆیە دەبێت كورد بۆ ئەو حاڵەتە نوێیەی عێراق خۆ ئامادە بكات، كە چۆن حكوومەت پێكدێت.
ئەو مامۆستایەی زانكۆی دهۆك ئەوەشی گوت:" حكوومەتی عەللاوی حكوومەتێكی كاتی دەبێت، كاربەڕێكەر دەبێت، كەواتە مادەم كاربەڕێكە هیچ دەسەڵاتێكی وای نابێت، كە گۆڕانكاری گەورە روو بدات، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام رەوانە دەكرێت تا هەڵبژاردنی داهاتوو، هەموو لایەنەكان خۆ ئامادە دەكەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، چونكە دەبێت لە ماوەی ساڵێكدا هەڵبژاردن بكرێت، هەندێك لایەن حكوومەتی عەللاوی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاردەهێنن، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگی زیاتر بەدەست بهێنن، بەڵام پاش 2003 چەندین هەڵبژاردن لە عێراق كراون، ئەو هەڵبژاردنانە شەفاف نەبوونە، بۆیە لەم دۆخە نا ئارامەی عێراقدا باوەڕناكەم هیچ هەڵبژاردنێك سەركەوتوو بێت.
د. هەوار نێروەیی، مامۆستای زانكۆی دهۆك جەختی لەوەشكردەوە:" سەرۆكایەتی هەرێم بۆتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان، ئەوەش هەنگاوێكی زۆر گرنگە، چونكە سەرۆكایەتی هەرێم توانیویەتی هاوسەنگی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان رابگرێت، زۆرجار داوای كۆبوونەوەی لایەنەكانی كردووە و هەموو لایەنەكان لەو كۆبوونەوەیەدا بەشدار بوونە، ئەوەش دەستپێشخەرییەكی زۆر جوانە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە دەكرێت، ئەگەر بەردەوام كۆبوونەوەی لەو جۆرە لەژێر چەتری سەرۆكایەتی هەرێم بكرێن، هەرێمی كوردستان ستایلێكی نوێ بە خۆیەوە دەبینێت و سەنگی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەبێت، زەختێكی زۆر لەسەر لایەنە عێراقییەكان دروست دەكات كە زیاتر پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیاندا بكەن لەبەرامبەر داواكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان".

زۆرترین بینراو