راسپاردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ كارێكی ئاسان نابێت

راسپاردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ كارێكی ئاسان نابێت

رائیب شێروانی- سلێمانی : ئەشواق جاف، ئەندامی دوو خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" عەللاوی سوودی لە هەڵەی كەسەكانی پێش خۆی وەرنەگرت، بۆیە فەشەلی هێنا و نەیتوانی حكوومەتەكەی پێك بهێنێت. دەشڵێ:" ئەگەر كورد بەردەوام بێت لەسەر یەكڕیزی و جەخت لەسەر جێبەجێ كردنی دەستوور بكاتەوە سەركەوتوو دەبێت لە داهاتوودا.
ئەو ئەندامەی دوو خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند:" عەللاوی، لە ژینگەی سیاسی عێراق بە تەواوەتی تێنگەیشت بوو، بابەتی پێكهێنانی حكوومەت و بوون بە سەرۆكی حكوومەت دەبێت لە چوارچێوەی دەستووردا بێت، دەبێت نەخشەی پێكهاتەی عێراق بەجوانی دیراسەت بكرێت و سوود لە هەڵەكانی پێشوو وەربگیرێت، عەللاوی هەر لە سەرەتادا هەڵە بوو و دوو پێكهاتەی سەرەكی پشتگوێخستن، پرۆسەی سیاسی عێراق لەسەر سێ پێكهاتە دروست بووە، شیعە، سوننە و كورد، هەموومان لەگەڵ ئەوەین رەوشی عێراق بەرەو باشی بچێت، بەڵام تەئكید كردن لەسەر ئەوەی كە دەبێت وەزیرەكان بێ لایەن بن، كێشەكان دەبێت لەناو كارنامەی حكوومەت بن، چونكە حكوومەت بە مانای بەڕێوەبردنی وڵاتە، چارەكردنی كێشەكانە، بەڵام عەللاوی غروورێكی سیاسی پێوە دیار بوو، هەر بۆیە سەركەوتوو نەبوو، دەبێت كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارە بكرێن، بەڵام ئەو تەركیزی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە دەبێت وەزیرەكان بێ لایەن بن، خۆ كێشەی عێراق بێ لایەنی نییە، كێشەكە جێبەجێ نەكردنی دەستوور و گەندەڵییە، ئەو هەندێك خاڵی دانا بوو، ئەو خاڵانە كێشەكانی چارە نەدەكرد، هەر بۆیە فەشەلی هێنا، گوێی لە داخوازی لایەنەكانی نەگرت، هەوڵی بە زۆر خۆ سەپاندنی دەدا لەسەر لایەنەكان و ئامادە نەبوو گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان بكات، وەكو بینیمان فەشەلی هێنا لە پێكهێنانی حكوومەت، بۆیە دەبێت ئەو كەسەی كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران بیر لەوە بكاتەوە كە ئەو دەبێتە سەرۆك وەزیرانی هەموو عێراقییەكان، نەك پێكهاتەیەك، هەروەها دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور كار بكات، هەروەها بەشێوەیەكی عەمەلی مامەڵە لەگەڵ واقع و چۆنیەتی چارەسەركردنی واقیعەكە بكات، بۆیە دەبوایە دەستپاكی كرابایە یەكێك لە مەرجەكانی خۆی نەك تەنیا كەسی بێ لایەن بكاتە وەزیر، دووەمیش ئەو دەڵێت كەسی بێ لایەنم داناوە، بەڵام ئەگەر تەماشای ئەو ناوانە بكەین كە بۆ پەرلەمان رەوانە كرابوون، زۆربەیان یان كاندیدی پێشوو بوون بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران كە دەرنەچوو بوون، یان پەرلەمانتار بوون، یان سەر بە لایەنێكی سیاسی بوون، هەروەها جیاوازی كرد لە نێوان پێكهاتەكان، پێكهاتەیەك بە نهێنی ئەو مافەی دا پێ كە كاندیدی خۆی دیاری بكات، بەڵام لەسەر پێكهاتەكانی دیكەی قەدەغە كرد بوو، لە كاتێكدا دەبێت مامەڵەی تۆ بەپێی دەستوور بێت، لە هەموو جیهان پارتە سیاسییەكان بەشداری لە پرۆسەی سیاسی دەكەن، لە عێراقیش بەپێی ماددەی 76ی دەستوور ئەو مافە دراوە بە لایەنەكان، بەڵام ئەو دەیویست هەر لەسەرەتاوە مافی پێكهاتەیەك پێشێل بكات، بە تەئكید چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكرا كە فەشەل بێنێت، بۆیە ئەمانە هەموو هۆكار بوون كە عەللاوی نەتوانێت حكوومەتەكەی تەشكیل بكات و فەشەل بهێنێت.
جاف، دەشڵێ:" عادل عەبدولمەهدی نموونەیەكی سەركەوتوو بوو، بەڵام ئەجێندای لایەنەكان رێگر بوو كە كارەكانی تەواو بكات، بێ لایەن بوو، بەڵام هێزە سیاسییەكان هەموویان رێككەوتن لەسەری، ئەویش بە حوكمی ئەوەی كە سیاسییەكی كۆنە، لە ئەجندای سیاسی عێراق تێگەیشتبوو، هەروەها پابەند بوو بە دەستوور، یەكەم سەرۆك وەزیران بوو لە عێراق كە هەوڵی جێبەجێ كردنی دەستووری دەدا، هەروەها گوێی لە لایەنەكان دەگرت كە بەشدار بوون لە پرۆسەی سیاسی، بەڵام فشاری قبووڵ نەدەكرد، گەندەڵی قبووڵ نەدەكرد، هەروەها هەوڵی چارەكردنی كێشەكانی دا لەسەر بنەمای دەستوور، بەڵام ئەجندا و ململانێی ئەقلیمی لەسەر خاكی عێراق وای كرد كە دەست لە كار بكێشێتەوە، هەر سەرۆك وەزیرانێك پابەندی دەستوور بێت، زمانی گفتوگۆ بەكار بهێنێت سەركەوتوو دەبێت، ئەگەرنا هەر كەسێك غروور بێت و گفتوگۆ رەت بكاتەوە، بە تەئكید سەركەوتوو نابێت.
ئەو ئەندامەی دوو خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران گووتیشی:" كورد لەم قۆناغە سەركەوتوو بوو بە یەكڕیزی خۆی، یەكڕیزی كورد خاڵێكی زۆر گرنگە، هیوادارم بەردەوام بن، چونكە بۆ بەرژەوەندی گەلی كوردە، بەرژەوەندی گەلی كورد پێش هەموو شتێكە، بۆیە یەكڕیزیان خاڵێكی زۆر باش بوو، هیوادارم لە داهاتوودا بەردەوام بن، كورد هیچی ناوێت لە دەستوور زیاتر، لە هەمان كاتیش قبووڵ ناكات لە دەستوور كەمتری بەر كەوێت، بۆیە ئەگەر كورد بەردەوام بێت لەسەر یەكڕیزی و جەخت لەسەر جێبەجێ كردنی دەستوور بكاتەوە سەركەوتوو دەبێت لە داهاتوودا.
ئەشواق جاف، جەختی لەوەشكردەوە:" بارودۆخی عێراق ئەمڕۆ لە هەموو قۆناغەكانی رابردوو ترسناكترە، چونكە كێشەی دارایی هەیە، زۆر خەڵك لەژێر هێڵی هەژاری دا دەژین، بارودۆخی ئەمنی خراپە، كۆرۆنا بڵاو بۆتەوە، خەڵك لەسەر شەقامە و داوای مافی خۆی دەكات، خیلافی سیاسی لە نێوان لایەنەكاندا هەیە، متمانە لە نێوان لایەنەكاندا نەماوە، هەموو ئەو تەحەدیاتانە وا دەكەن ئەگەر هێزە سیاسییەكان ململانێیەكان بەلاوە بنێن و لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆ ببنەوە و رێك بكەون لەسەر كەسێك كە بە دڵی ئەوان و شەقام بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئاسان نابێت لەم بارودۆخەدا لایەنە شیعەكان كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرن دەست نیشان بكەن.
ئەشواق جاف، ئەندامی دوو خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكراشی كرد:" سەرۆك بارزانی بەردەوام جەخت لەسەر یەكڕیزی ماڵی كوردی كردۆتەوە، هەروەها بەردەوام داوا دەكات دەستوور جێبەجێ بكرێت و بەردەوام جەخت لەوە دەكاتەوە كە نابێت هیچ هێزێك هەوڵی شكاندنی ئیرادەی میللەتی كورد بدات، تەئكید لە جێبەجێ كردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكاتەوە، بە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانەوە كە لەسەر خاكی كوردستان دەژین، سەرۆك بارزانی مێژوویەكی دوورودرێژی لە سیاسەتدا هەیە، خەباتێكی دوورودرێژی هەیە، بۆیە بەردەوامی ئەو شتانەی كە خۆی بڕیار لەسەر دەدات تێدا سەركەتوو بووە، بۆیە پێموایە هیچ شتێك بەبێ سەرۆك بارزانی سەركەوتوو نابێت، چونكە مێژوو ئیسپاتی كردووە".

زۆرترین بینراو