روونکردنەوەیەک لە ئەنجومەنی زانکۆی سۆران له‌سه‌ر ده‌سپێكردنی خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین

روونکردنەوەیەک لە ئەنجومەنی زانکۆی سۆران له‌سه‌ر ده‌سپێكردنی خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین

سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆ لە شەوی سێشەممە ١٧-٣-٢٠٢٠ بۆ بەکارخستنی کەمپەسی ئەلیکترۆنی زانکۆی سۆران و هەروەها دەستپێکردنەوەی خوێندن، کە هەندێ راڤەی نەگونجاوی بۆ کراو، چەند سەرنج و تێبینییەکی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەم روونکردنەوەیەمان بە پێویست زانی:
یەکەم: زانکۆی سۆران هەمیشە زانکۆی کار بووە نەک کاردانەوە. کەمپەسی ئەلیکترۆنی زانکۆی سۆران، پڕۆسەیەکە لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە دەستیپێکردووە، کە بەداخەوە بە هۆی دۆخی داراییەوە نەتوانراوە لەوکاتەوە بە تەواوی بکەوێتەکار. لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆ و سەرۆک بەشەکان لە ٢٦-١١-٢٠١٩ خزمەتگوزارییەکانی ئەو پڕۆسەیە تاوتوێ کران، کە پێشتر لە هەندێ بەشی زانکۆکەمان تاقیکراونەتەوە و مامۆستا و تیمی پێویست، راهێنانیان لەسەرکردووە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە پڕۆسەکە گشتاندانی بۆ بکرێت و خزمەتگوزارییەکانی لە سەرجەم فاکەڵتی و بەشەکانی زانکۆ بکەونە بەردەست.
دووەم: ئێمە پابەندین بە بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و، ئەنجومەنی وەزارەت کە بڕیاریداوە لە ١/٤/٢٠٢٠ دەوامی زانکۆکان دەستپێبکاتەوە. ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام، جا بە هەر شێواز و فۆرمێک بێت کە بڕیاری لێدەدرێت. ئەنجومەنی وەزارەت کەی بڕیاری دەستپێکردنەوەی دەوام بدات و شێوازی خوێندن چۆن بێت، زانکۆی سۆران هەر بەوجۆرە هەڵسوکەوت دەکات. بەڵام کەمپەسی ئەلیکترۆنی زانکۆ، دەتوانێ هاوکاری زانکۆکانی دیکەش بکات بۆ ئەوەی ئامادەی هەموو ئەگەرێک بن.
سێیەم: کەمپەسی ئەلیکترۆنی مانای بە ئۆنلاینکردنی خوێندن نییە تا پۆلەکان دابخرێن و دەوام نەمێنێت، وەکو ئەوەی هەندێ قوتابی بەڕێز تێیگەیشتوون. بەڵکو هاوشێوەی زانکۆ پێشکەوتووەکانی دونیا کەمپەسی ئەلیکترۆنی کۆمەڵێک هاوکاری و ئاسانکاری دەخاتە بەردەست قوتابی و پڕۆسەی خوێندن و پەیوەندی لە گەڵ مامۆستا، کە دەتوانێت دەرفەتی ئەوە درووستبکات، قوتابی کەی ویستی دەستی بگاتە هەندێ لە وانە تۆمارکراوەکان، سەرچاوە زانستییە بەردەستەکان و.... هتد.

زۆرترین بینراو