روونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

روونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی رووبەرووی دۆخێکی سەختی تەندروستی و ئابووری کرد و هەرێمی کوردستان بەدەر نیە لەو دۆخە نەخوازراوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو سەلامەتی تەندروستی هاووڵاتیاندا هەموو تواناکانی لە پێناو رووبەڕووبونەوەی ئەم پەتایە خستووەتەگەڕ و هاووڵاتیان دڵنیادەکاتەوە کە پاراستنی گیانیان و دابینکردنی گوزەرانی ژیانیان لە پێشینەی ئەرکەکانیدایە.

سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە، وەزارەتەکانی (پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابوری، ناوخۆ) مووچەیان وەرگرتوە و لە گوژمەی پێویست لە داهاتی هەرێم دابین کرابوو، بۆ وەزارەت و دامەزراوەکانی تر چاوەرێی هاتنی تەمویلەکەی بەغداین، هەرکاتێک گەیشت، راستەوخۆ دەست دەکەین بەدابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی تر بە میکانیزمێک کە ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکرێت.

سەرجەمی مووچەی موچەخۆران بۆ هەر مانگێک لە هەرێمی کوردستاندا بریتییە لە ٨٩٤ ملیار دینار، لەو بڕە ٤٥٣ ملیار دینار لە بەغداوە تەمویل دەکرێت، کە دەکاتە نزیکەی ٥١٪ کۆی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تەندروستیەو ڕاگیرانی دەوامەوە لەبەغدا، هاتنی ئەو تەمویلە دواکەوتووە، بۆ ئەو مەبەستە بەرێز وەزیری دارایی وئابوری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدرال بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، بۆیە ئێمە چاوەڕێین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو تەمویلەمان بەدەست بگات بۆ تەواوکردنی دابەشکردنی خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان.

حکوومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایەو کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان. سوپاسی هاووڵاتیان و دانیشتووانی هەرێم دەکەین کە تاکو ئێستا بە سەبر بوونە لەگەڵمان. ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا هاوکاری یەکتر بین تاکو هەموو پێکەوە بەسەر مەترسیی ئەم پەتایە و کاریگەرییەکانی زاڵ ببین. بۆیە چاوەڕوانین گشت لایەنەکان واقیعیانە دۆخەکە لێکبدەنەوە و ئەم رەوشەی هاتووەتە پێش نەکرێتە کەرستەی موزایەداتی سیاسی. ئەم هەڕەشەیە تەنیا لەسەر حکوومەت یان لایەنێکی سیاسی نیە، گشتمان پێکەوە ئامانجی ئەم پەتایە و لێکەوتە نەرێنیەکانین، بۆیە پێکەوەش دەتوانین بەسەر ئەم مەترسیە زاڵ ببین.

 

د. جوتیار عادل

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

٢٦ ئاداری ٢٠٢٠

زۆرترین بینراو