رۆبینە تیاری : هەر لایەنێك دژی پرۆژەی چاكسازیی بوەستێتەوە تێكدەرە

رۆبینە تیاری : هەر لایەنێك دژی پرۆژەی چاكسازیی بوەستێتەوە تێكدەرە

چاوپێكەوتن – رائیب شێروانی
رۆبینە تیاری، ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی یەكێتی نەتەوەیی لە پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی لیژنەی یاسایی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" چاكسازیی خاڵێكی گرنگی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمە و دەبێتە كردار، هەر كەس و لایەنێك دژی پرۆژەی چاكسازیی بوەستێتەوە، تێكدەرە و بڕوای بە چاكسازیی نییە. دەشڵێ :" بەجێبەجێ كردنی یاسای چاكسازیی دەستكاری مووچەی مووچەخۆری شایستە ناكرێت.
یاسای چاكسازی لە 16ی 1ی2020 بە دەنگی 89 پەرلەمانتار پەسەند كرا، دواتر نێردرایە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لە رۆژی3ی 2ی 2020 پەسەندی كرد. پاشان ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی 4ی ئەمساڵ راسپاردەی بۆ جێبەجێكردنی یاساكە دەركرد و دەبێت لە مانگی 7ی ئەمساڵ یاساكە جێبەجێ بكرێت، بەڵام بەشێك لەو فراكسیۆنانەی دەنگیان بە یاساكە داوە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی جێبەجێكردنی لە هەوڵی رێگریكردنن لە جێبەجێنەكردنی یاساكە.
ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی یەكێتی نەتەوەیی لە پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی لیژنەی یاسایی گووتی :" چاكسازیی خاڵێكی گرنگی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمە و دەبێتە كردار، سەرۆكی حكوومەت كاتێك هاتە پەرلەمان باسی لەوە كرد كە چاكسازیی یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگەكانی كابینەكەی دەبێت، لە پەرلەمانیش بە دەنگێكی باش پرۆژەكە پەسەند كرا، پەرلەمان و خەڵكیش لەگەڵ ئەوەن چاكسازی بكرێت، بۆیە بە تەئكید چاكسازی دەبێتە كردار، هەر كەس و لایەنێكیش دژی پرۆژەی چاكسازیی بێت، تێكدەرە و بڕوای بە چاكسازیی نییە".
رۆبینە تیاری، روونیشیكردەوە :" لە جێبەجێ كردنی یاسای چاكسازیی دەستكاری مووچەی مووچەخۆری شایستە ناكرێت، بەڵكو مووچە رێكدەخرێت، بۆیە هەموو فەرمانبەرێكی شایستە دڵنیا دەكەمەوە كە دەستكاری مووچەكەی ناكرێت، مووچەی پلە باڵاكان رێكدەخرێتەوە، ئەوانەی دوو بۆ سێ مووچە وەردەگرن، مووچەی ئەوانە دەبڕدرێت، مووچەی بندیوار دەبڕێت، ئەوانە زەرەرمەندن بۆیە دژی پرۆژەی چاكسازی دەوەستنەوە.
رۆبینە تیاری، ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی یەكێتی نەتەوەیی لە پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی لیژنەی یاسایی جەختی لەوەشكردەوە :" شەرمەزارییە بۆ هەندێك لایەن كە تا ئێستا ئەو فیكرەیان لایە، كە دژی پێكهاتەكان بوەستنەوە، چونكە ئێمە وەكو پێكهاتەكان خۆ ئاوارە و دەربەدەر نین، ئێمە خەڵكی ئەو وڵاتەین، ئێستاش كە هێرش دەكرێتە سەر پێكهاتەكان ئەوە شتێكی ناڕەوا و نا یاساییە، چونكە هەموو كات پێكهاتەكان لەگەڵ چاكسازی و دادپەروەری بوونە، ئەو كەس و لایەنانەی باسی پێكهاتەكان دەكەن دژی ئەوەن".
رۆبینە تیاری، ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی یەكێتی نەتەوەیی لە پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی لیژنەی یاسایی ئاشكراشی كرد :" پێكهاتەكان هاوپەیمانی پارتینە، لەگەڵ یاسا و چاكسازینە، پێكهاتەكان ئەوە لە پارتی دەبینن بۆیە پشتگیری دەكەین، ئەگەر بۆ مێژووش بگەڕێینەوە هەر لە شۆڕشەكانی بارزان بگرە تا ئێستا پێكهاتەكان بەشدار بوونە لە خۆشی و ناخۆشییەكان، نەك هەر پارتی، بەڵكو هەر حزب و لایەنێك یاسا و دادپەروەری جێبەجێ بكات پێكهاتەكان پشتگیری لێ دەكەن".

زۆرترین بینراو